hemn husain
27 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2016
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بە ئارامی رەوشی خورماتوو دەكات و رایدەگەیەنێت كە لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو ناوچەیەدان. ئەمنیداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەكە وەڵامی چەند پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە لەسەر دوا پێشهاتەكانی خورماتوو. ئەمنیداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە پێی وایە كە ئێستا رەوشی خورماتوو ئارامە و جارجارەش دەنگی تەقە دەبیسترێت و ئاماژە بە كۆبوونەوەی فەرماندەكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی پێشمەرگەش دەدات.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەگشتی ئێستا رەوشی خورماتوو ئارامە بەڵام جارجارە دەنگی تەقە دەبیسترێت و لە هەمانكاتدا هەوڵێكی گەورە هەیە لەلایەن فەرماندەی پێشمەرگە و میحوەری سێ و قایمقامیەتی خورماتوو لەگەڵ ئەنجوومەنی قەزاكە بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكە".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوەش دەكات كە پێویستە حەشدی شەعبی و پێشمەرگە شەڕی داعش بكەن كە تەنیا چەند كیلۆمەترێك لێانەوە دوورە و گوتی: "چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ فەرماندەكانی برایانی حەشدی شەعبی كراوە و چەند جارێك بەڕێز هادی عامری بە سوپاسەوە سەردانی ئەو ناوچانەی كردووە، بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەكە كۆببنەوە و گەیشتینە چەند خاڵێك ئەویش، ئەوانەی لەلایەن دادگاوە داواكراون ئەوا رادەستی دادگا بكرێن ئەگەر لە هەر لایەنێك بێت، خاڵی دووەمیش ئەوەیە كە هیچ هێزێك لەناو خورماتوو نەمێنێت و سەربانەكان و بنكە و بارەگاكان چۆڵبكرێن و پێویستە بچن شەڕی داعش بكەن كە تەنیا 26 كیلۆمەتر لەو شوێنە دوورە، بۆیە دەبێت ئەم شارە بەجێبهێڵن بۆ دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش و ئەنجوومەنی شارەكە". دوای ئەوەی ئەمڕۆ بەڕێوەبەری راگەیاندنی قایمقامییەتی خورماتوو لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند كە لە ناو كوژراوەكانی حەشدی شەعبی سەربازی كەتیبەی خوراسانی ئێرانی هەن، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رەتی دەكاتەوە كە هیچ هێزێكی دەرەكی لەو ناوچەیە هەبێت و گوتی: "بۆ مەسەلەی هەبوونی هێزەكانی دەرەكی لەو ناوچەیە، ئەوا هەرچی گوتراوە لەو بارەیەوە هیچ بەڵگەیەك لەبەردەستدا نییە و تەنیا كۆمەڵێك یەكەی حەشدی شەعبین كە فەرماندەكانی دیارن و ئەوانی دیكەش هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشن و هیچ هێزێكی ئێرانی و بیانی لەو ناوچەیەدا نییە و من لێدوانێكی قایمقامیەتم بینووە كە رەتی ئەوە دەكاتەوە هیچ هێزێكی دەرەكی لەو ناوچەیە هەبێت و دیارە ئێمە نازانین ئەوان لە كوێ ئەو سەرچاوەیان وەرگرتووە".
ئەگەرچی لەماوەی رابردوودا ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر و فەرماندەی حەشدی شەعبی هادی عامری سەردانی قەزای خورماتووی كرد ولە نزیكەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو ناوچەیە كۆبوونەوە و پاشانیش بڕیاری راگرتنی شەڕیاندا، بەڵام لە دوای چەند كاتژمێرێك بڕیارەكە شكا و جارێكی دیكە شەڕی مەزهەبی كەوتە نێو كوچە و كۆڵانەكانی خورماتوو، بەڵام ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەكات كە چینێك هەیە كەڵك لە حەشدی شەعبی وەردەگرێت و بووتە هۆی تێكدانی رەوشی خورماتوو.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "پێشتر چەند كۆبوونەوەیەك كراوە كە تێیدا چەند كۆنووسێك واژۆ كراوە لە نێوان لایەنەكان كە خاڵەكانی ناو كۆنووسەكە ئەوەیە قایمقامیەت و دادگاكان ناوی ئەو تاوانبارانەیان لەلایە كە تەقەیان لە خەڵك كردووە و پارەیان لەخەڵك وەرگرتووە و ئەوانەی كە تەعەداییان لە ماڵەكان كردووە، ئێمە رێزمان هەیە بۆ هەموو هێزەكانی حەشدی شەعبی و راستەوخۆ هیچ كێشەیەك لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی حەشدی شەعبیدا نییە بەڵام لایەنێك هەیە كە كەڵكی لە حەشدی شەعبی وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی تاوان و تێكدانی بارودۆخی خورماتوو، بۆیە ئێمە هیچ كێشەیەكمان نییە لەگەڵ برایانمان لە حەشدی شەعبی".
بەپێی زانیارییەكانمان كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك لەگەڵ فەرماندەكانی حەشدی شەعبی و ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان عەدنانی حەمەی مینا كراوە بۆ رێككەوتن لەسەر ئاگربەست و نەمانی شەڕ لەو ناوچەیە و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەش رایدەگەیەنێت كە ماوەی سێ رۆژە كۆبوونەوەكان بەردەوامییان هەیە و گوتی: "ماوەی سێ رۆژە برایانی لێپرسراو كۆبوونەوەی بەردەوامییان هەیە لەگەڵ حەشدی شەعبی و هەوڵەكان بۆ ئەوەیە كە هێزەكان بچنە دەرەوە".
فەریق جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەش كرد كە بە فەرمانێكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، شاندێك بەرەو خورماتوو بەڕێكەوتوون و گوتی: "لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ شاندێك بەرەو خورماتوو بەڕێكەوتوون بەسەرۆكایەتی لیوا بەختیار و بڕیارە لەوێ ئەو شاندە لەگەڵ هەموو لایەنەكانی سوننە و شیعە و كورد و توركمان و پێكهاتەكان كۆببنەوە". لەكاتی گفتوگۆكانیشماندا ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بە هاتنی شاندێكی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد سەبارەت بە قسەكردن لەسەر بارودۆخی خورماتوو. ئاماژەی بەوەش كرد كە ئێستا خەریكی كۆبوونەوەن لەسەر ئاستی باڵا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "هەموومان سەرقاڵین و هەوڵدەدەین لەسەر هەموو ئاستەكاندا لە بەرزترین لێپرسراویەتی باڵا رێگری بكەین لە تەشەنەكردنی كێشەكانی ناو خورماتوو چونكە هەموومان لەشەڕداین دژی داعش و هەر كێشەیەكی لابەلا رۆڵی خراپ دەبێت و دەبێت ئەو ناوچەیە هێور بكەینەوە و ئەو هێزانە بچنە دەرەوە و شەڕی داعش بكەن و برایانی توركمان و عەرەب و كورد و شیعە و سوننە بەیەكەوە لە ناوچەكە بژین".
جێگەی ئاماژەیە دوای رووخانی رژێمی بەعس، دەسەڵاتی عێراق كەوتە دەست شیعە و بەم هۆیەوەشەوە پێكدادانی مەزهەبی لە عێراق تەشەنەی كرد و لە ماوەی رابروودا چەند جارێك ئەم كێشانە بە زەقی هەستی پێكراوە و دواجاریش لە 24/4/2016 شەڕ لە نێوانی هێزەكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی پێشمەرگە درووست بوو، بەوهۆیەوەشەوە تا ئێستا لە هێزەكانی حەشدی شەعبی 47 كوژراو و 115 بریندار هەیە و لە هێزەكانی پێشمەرگەش 7 شەهید هەیە كە دوا شەهیدیش تاقانەیەكی رزگاربووی ئەنفال بوو كە بە گولـلەی حەشدی شەعبی شەهید بوو.
هەر ئەمڕۆش ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر و فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی هادی عامری گەیشتە دوزخورماتوو لە ئێستاشدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچەیە لە كۆبوونەوەدان و چاوەڕوان دەكرێت لەم كۆبوونەوەیەدا بڕیاری یەكلاییكەرەوە بدرێت.