Hemin Hüseyin
05 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2016
هەولێر - AA
ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بەردەوامە و بەرپرسی جموجۆڵی عەمەلیاتی میحوەری خازر ئاشکرای دەکات بەپێی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، هیچ هێزێکی حەشدی شەعبی لە سنووری هێزی پێشمەرگە بەشداری ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ ناکات. هاوکات رایدەگەیەنێت کە هێزەکانی پێشمەرگە دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەکە هەموو ناوچە کوردنشینەکان دەپارێزێت.
بەرپرسی جموجۆڵی عەمەلیاتی میحوەری خازر، عەمید دێدەوان خورشید لە چاوپێکەوتنێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەپێی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا سەبارەت بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ، ئەوا سوپای عێراق لەو میحوەرانەش بەشدار دەبێت کە لە ژێر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە دایە، چونکە کۆنترۆڵکرنەوەی مووسڵ بەبێ پێشمەرگە و بەبێ تێپەڕبوونی سوپای عێراق بە میحوەری پێـشمەرگەدا کارێکی سەختە چونکە سێ لای شاری مووسڵ لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگە دایە".
سەرجەم میحوەرەکانی کوردستان دابەشبوونەتە سەر هەشت میحوەر و میحوەری یەک بریتییە لە سنووری خانەقین و میحوەری 2 و 3 و 4 ئەو ناوچانەیە کە بەرەو کەرکووک درێژ دەبێتەوە و میحوەری 5 دەکاتە کۆتایی شاری کەرکووک و میحوەری 6 لە مەخموور دەستپێدەکات و میحوەری 7 دەبێتە خازر و میحوەری 8 لە شنگال کۆتایی دێت.
میحوەری 7 کە دەکاتە میحوەری خازر ئەویش بەهۆی فراوانیی سنوورەکەیەوە دابەش بووەتە سەر چەند بەشێک کە میحوەری خازر بریتییە لە 7.1 و میحوەری باشیک 7.2 و میحوەری ناوەران 7.3 کە ئەوانە بە شوێنێکی هەرە نزیکی شاری مووسڵ دادەنرێن و ئەو فەرماندەیەش ئاماژە بەوە دەکات کە میحوەری 7 گرنگترین میحوەرە لە پڕۆسەی ئۆپەراسیۆنەکەدا و لەمبارەیەوە گوتی: "هەر بەپێی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، هێزەکانی سوپای عێراق لە میحوەری 7.1 واتا میحوەری خازر بەشدار دەبێت و میوەری 7 بە گرنگترین میحوەر دادەنرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوە مووسڵ، چونکە سنوورێکی فراوانی هەیە و دەتوانین زۆرترین رووبەڕ لە کەمترین کاتدا کۆنترۆڵ بکەین".
ئەو فەرماندەیە ئاشکرای دەکات کە دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەکەش لە تەواوی سنوورەکانی هێزی پێشمەرگە، هیچ هێزێکی عێراقی تێدا نامێنێت و هێزەکانی پێشمەرگە ناوچەکانی کوردنشین دەپارێزن و سەبارەت بەم بابەتەش عەمید دێدەوان خورشید گوتی: "لە باکووری شاری مووسڵ تاوەکو رۆژهەڵاتی ئەو شارە، ئەو میحوەرانەن کە سوپای عێراق بەشدارن دەبن بە پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە واتا لە میحوەری 7.1 و 7.3 و 7.4 و بەڵام بەپێی ئەو رێککەوتنە، دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەکەش، ئەو سنوورانەی پێشمەرگەی لێیە بەتەنیا هێزەکانی پێشمەرگە دەمێننەوە".
رۆژهەڵات و باکووری شاری مووسڵ ئەو میحوەرانەن کە هێزەکانی پێشمەرگە لەوێوە دەست بە ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن و دەچنە سەنتەری شارەکە، ئەو بەرپرسەی پێشمەرگەش ئاماژە بەوە دەکات کە لە میحوەرەکەی ئەوان هیچ هێزێکی حەشدی شەعبی بەشدار نابێت و لەمبارەیەوە عەمید دێدەوان خورشید گوتی: "بەپێی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، لە سنووری پێشمەرگە حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ ناکات، ئەوەی دەمێنێتەوە هێزەکانی حەشدی نیشتمانین کە ئەوانیش ئێمە زانیاریمان نییە لەسەریان بەڵام دەتوانن لە سنوورەکانی ئێمەوە بەشداربن".
لە باشوور و رۆژئاوای شاری مووسڵ هێزەکانی سوپای عێراق بەشداردەبن و بەم پێیەش بێت هێزەکانی حەشدی شەعبی لەو دوو ئاراستەیە بەرەو ناو شاری مووسڵ هەنگاودەنێن و ئەو بەرپرسەی هێزەکانی پێشمەرگەش پێی وایە میحوەرەکەی ئەوان نزیکترین خاڵە لە شاری مووسڵ و ئاماژە بەوە دەکات کە سوپای عێراق بە بەراورد بە هێزەکانی پێشمەرگە هەنگاوەکانییان لەسەرخۆیە و گوتی: "هێزەکانی پێشمەرگە زۆر خێراترن لە سوپای عێراق، من ناتوانم خێرایی بەرەوپێشەوەچوونی هیچ هێزێک دەستنیشان بکەم بەڵام لە هەر ناوچەیەک هێزەکانی پێشمەرگە پێشڕەوییان کردبێت، کەمتر لە 48 کاتژمێر ناوچەکەیان لە تیرۆریستان پاککردووەتەوە، بەڵام سوپای عێراق زۆر سستترن".
شاری مووسڵ دەکەوێتە باکووری عێراق و نزیکەی ٥٠٠ کیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختەوە دوورە، گەورەترین شاری ژێر دەسەڵاتی داعشە لە عێراق و سووریا، حکوومەتی عێراقیش رایگەیاندووە، بەر لە کۆتایی ئەمساڵ، ئەو شارە دەگێڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی. شاری مووسڵ لە 9ی حوزەیرانی 2014 لەلایەن تیرۆریستانی داعش داگیرکرا و گرنگی شاری مووسڵ لەوەدایە کە پردی ووشکانیە لە نێوان عێراق و سووریا.