hemn husain
27 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 29 مای,س 2016
دوا بەدوای هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، هێزی حەشدی شەعبی دامەزرا، هەروەک ڕێبەرەکانی شیعە لە عێراق ئاماژەیان بەوە دەکرد کە ئەو هێزە شانبەشانی سووپای عێراق ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارەکانی گرووپە تیرۆریستییەکانە و هەر لەسەرەتاشدا هێزە سیاسییەکانی سوننەی عێراق لەگەڵ ئەم هێزەدا تەبا نەبوون و ئاماژەیان بەوە دەکرد کە حەشدی شەعبی هێزێکە لەسەر بنچینەی ئاینزایی دامەزراوە و ئاگری ناکۆکییەکانی نێوان شیعە و سوننە خۆشدەکات.
راوێژکارێکی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پێی وایە بەپێی یاساکانی نێودەوڵەتی، حەشدی شەعبی گرووپێکی میلیشیایە و ناچێتە چوارچێوەی هێزی نیشتمانی و بەشێک نیە لە هێزەکانی سووپای عێراق.
راوێژکاری دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، کرمانج یونس عوسمان سەبارەت بەم پرسە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەکو پێناسەی یاسایی، حەشدی شەعبی لە رێکخراوە میلیشیاکان دادەنرێت، چونکە حەشدی شەعبی بە دەقێکی یاسایی دانەمەزراوە بەڵکو بە فەتوایەکی مەزهەبی دامەزراوە، لەبەر ئەوەشە کە ناچێتە چوارچێوەی هێزی نیشتمانی یان بەشێک لە هێزی عێراقی، لەسەر ئەو بنەمایەش، پێشێڵکارییەکانی مافی مرۆڤ لە حاڵەتی شەڕکردن زیاتر چاودێری دەکرێن لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش لەسەر ئاستی ناوخۆ".
ئەو راوێژکارەی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەو پێشێلکارییانە دەکات کە لەلایەن حەشدی شەعبی ئەنجامدراون و لە درێژەی قسەکانیدا کرمانج یونس عوسمان گوتی: "هەرچەندە ئێمە یاسایەکمان هەیە کە پێی دەڵێن یاسای شەڕ و ئاشتی کە پێویستە لە حاڵەتی شەڕیش رەچاوی مافەکانی مرۆڤ بکرێت، ئەوەی تێبینی دەکرێت لەماوەی رابردوو حەشدی شەعبی لە خورماتوو چەندین پێشێڵکارییان ئەنجامدا، لەوانە کوشتنی خەڵک و ڕفاندنی خەڵک و گرتنی خەڵک بەبێ فەرمانی دادوەر و سووتاندنی ماڵی هاووڵاتییانی مەدەنی و جیانەکردنەوەی خەڵکی مەدەنی و سەربازی لەکاتی هێرشەکاندا، ئەوانە هەموویان دەچنە چوارچێوەی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ".
کرمانج عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەر لە داهاتوودا دادگایەک لە عێراق دامەزرا بۆ تاوانکارییەکان، ئەوا رەنگە حەشدی شەعبی رووبەڕووی دادگا ببێتەوە و لەهەمانکاتدا بەکارهێنانی هەرزەکار لەناو گرووپە چەکدارییەکان بەشێکە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەبارەت بەم پرسە گوتی: "ئەگەر لە داهاتوودا دادگایەک دامەزرا بۆ ئەو تاوانکارییانەی لە عێراق روویانداوە، ئەوە رەنگە بە دۆسیەیەی پێشێلکاری، حەشدی شەعبی رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی ببێتەوە، جگە لەوەش بەشێکی ئەو کەسانەی دەبنە حەشدی شەعبی تەمەنییان لە 18 ساڵ کەمترە، ئەوەش دەبێتە هۆی بەکارهێنانی کەسانی هەرزەکار لە رێزەکانی چەکداری کە ئەمەش دەچێتە تاوانی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی پێشێڵکارییەکانی مافی مرۆڤ".
ئەو راوێژکارەی دەستەی سەربەخۆیی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، پێی وایە دوای نەمانی گرووپی تیرۆریستی داعش، ئەوا حەشدی شەعبی دەبێتە مەترسی لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و لەمبارەیەوە گوتی: "دوای نەمانی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش، ئەوا حەشدی شەعبی دەبێتە مەترسی بۆسەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە چونکە لە دەستووری عێراقدا تەنیا ناوی سووپای عێراق و هێزی پێشمەرگە هاتووە، واتا ئەوانەی لە دەرەوەی ئەو دوو هێزەبن بە میلیشیا هەژمار دەکرێن".
سەبارەت بە تۆمارکردنی سکاڵاش لەسەر حەشدی شەعبی لەلایەن هاووڵاتییانەوە، کرمانج عوسمان پێی وایە کە لە ئێستادا دادگاکانی ئەو ناوچانە لە ژێر مەترسیدان و ناتوانن کارەکانییان لە چوارچێوەی یاسادا رایی بکەن و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "تاوەکو ئێستا سکاڵا لەسەر ئاستی دادگاکان تۆمار نەکراوە چونکە سەرەوەری یاسا لەو ناوچانە لە ژێر مەترسیدایە و دادگاکان کار ناکەن، چونکە ئەو ناوچانە ناوچەی شەڕە، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک سکاڵای تۆمار نەکردووە".
ئەوەی بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت بایەخ پێدانی زیاتری حکوومەتی عێراقە بە حەشدی شەعبی لە رووی پێدانی دەسەڵات و دابینکردنی دارایی و پڕچەککردن و هەروەها دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی سەربازی، ئەو راوێژکارەی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ئەو جۆرە بایەخ پێدانە دەخاتە چوارچێوەی گەندەڵی و سەبارەت بەو پرسە گوتی: "بوونی هەر هێزێک لەناو هەر دەوڵەتێک یان دامەزراوەیەک دەبێت بە یاسایەک رێک بخرێت و لە هەمانکاتدا دەبێت ئەو هێزە هێزێکی تایفی نەبێت، بۆ ئەوەی کارنەکات لە بەرژەوەندی نەتەوەیەک یان گرووپێک، جگە لەوەش ئەو هێزە هۆکارێک دەبن بۆ درووستبوونی گەندەڵی چونکە دەبێت بوودجەیان بۆ دابین بکرێت و لە هەمانکاتدا هێزێکی فەرمی نین".