Abdullah Shukur
25 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2019
ئەنقەرە - AA
دیپلۆماتکارانی ئەمریکی بەمەبەستی جێھێشتنی ڤێنیزوێلا بەرەو فڕۆکەخانەی کاراکاس بەڕێکەوتن.
بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکرێ، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی Associated Press، رایگەیاند کە ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ئەمریکی و خانەوادەکانیان بەمەبەستی جێھێشتنی ڤێنیزوێلا بەرەو فڕۆکەخانەی کاراکاس بەڕێکەوتوون.
کارمەندێکی ئەمنی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری کاراکاس نامەیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە کە تێدا داوا دەکرێ پۆلیسی ڤێنیزوێلا کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان بپارێزێت کە بەرەو فڕۆکەخانە بەڕێکەوتوون.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی ڤێنیزوێلا و سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، خوان گوایدۆ رایگەیاندبوو کە حکوومەتەکەی مادورۆ ناناسێت و خۆی بە سەرۆکی کاتی راگەیاندبوو.
چەند رۆژێک لەمەوبەر گرووپێکی سەربازی سەر بە یەکێتی پارێزگاریی نیشتمانی لە کاراکاس، لەرێگەی بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە داوایان لەخەڵک کرد کە راپەڕن.
دوای رووداوەکەی ناوچەی کۆتیزای شارەکەش ئۆپەراسیۆنێک ئەنجام درا و، ٢٧ سەربازی یاخیبوو خۆیان رادەست کردبوو.
ھەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا، کۆڵۆمبیا، پیرۆ، ئیکوادۆر، پاراگوای، بەرازیل، شیلی، پەناما، ئەرجەنتین، کۆستاریکا و گواتیمالا دانیان ناوە بە خوان گوادیۆدا وەک سەرۆکی کاتیی ڤێنیزوێلا، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی ئۆپۆزسیۆندا خۆی وەک سەرۆکی کاتیی ڤێنیزوێلا ناساندبوو.