Hemin Hüseyin
02 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2018
هەولێر-AA
رێگاکانی نێوان هەولێر- کەرکووک و مەخموور، بەشێوەیەکی یەکلایەنە کرانەوە کە ماوەی نزیکەی پێنج مانگە و لەدوای رووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە بەهۆی شەڕ و پەلامارەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، داخرابوون.
لە کاتی کردنەوەی رێگاکانیش، فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک، کەمال کەرکووکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستاوە هاووڵاتییان دەتوانن بە هەردوو رێگای هەولێر- کەرکووک و هەولێر – مەخموور، هاتوچۆ بکەن.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک، کەمال کەرکووکی، گوتی: "لە رۆژی ٢٠ـی ئۆکتۆبەر، تووشی شەڕێک هاتین و بووە هۆی ئەوەی کە ئەم رێگایە دابخرێت، ئۆباڵی داخستنی ئەو رێگایە و گیانی ئەو کەسانەیشی کە شەهیدبوون، دەگەڕێنینەوە بۆ ئەستۆی ئەو کەسانەی کە خیانەتییان کرد لە رۆژی ١٦ـی ئۆکتۆبەر".
کەمال کەرکووکی گوتیشی: "خیانەتکارانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر کە تاقمێکی خۆفرۆش لەناو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بوونە هۆی ئەوەی کەرکووک رادەستی داگیرکاران بکرێت و تەماحی گەورەیان ئەوەبوو کە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بخرێتە ژێر دەستی داگیرکاران، بەڵام پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم سەنگەرە توانییان بەرگری بکەن و رێگا نەدەن داگیرکاران ئامانجەکانییان بپێکن کە بەداخەوە پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەختی ئەوەیان نەبوو بەشداری لەم شەڕەدا بکەن، چونکە بە فەرمانی تاقمێکی خیانەتکار کشابوونەوە و، رۆژئاوای کەرکووکییان بەجێهێشتبوو کە بوونە هۆی ئەوەی کەرکووک داگیربکرێت".
فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک، کەمال کەرکووکی ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە کۆبوونەوەی حزبەکەیان بەسەرپەرشتی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕیاری کردنەوەی ئەو رێگایانەیان داوە و لەمبارەیەوە گوتی : "هەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەیەکی گرنگ، بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، بڕیاردرا تا کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەو رێگایە بکرێتەوە و ئەمڕۆش ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکەین و هاووڵاتییان دەتوانن هاتوچۆ بکەن و ئەو رێگایانەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستاندایە، لەم چرکەساتە دەکرێتەوە".
کەمال کەرکووکی گوتیشی: "پشتیوان بەخوا، کەرکووک بەم شێوەیە نامێنێت، یان بە دیالۆگ چارەسەری دەکەین یان رێگای دیکە هەیە، دڵنیاتان دەکەینەوە کە کەرکووک بە داگیرکراوی نامێنێتەوە".
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بەوەی لە هەندێک لە میدیا عەرەبییەکان بڵاوکراوەتەوە کە حکوومەتی عێراق بڕیاریداوە رێگاکانی مەخموور و کەرکووک بۆ هەولێر لەلایەن خۆیانەوە نەکرێتەوە و هەروا بەداخراوی بمێنێتەوە، کەمال کەرکووکی گوتی: " دەستووری دەڵێت خەڵکی عێراق ئازادە لە هاتوچۆ و ئەگەر ئەوان بەربەستی بۆ دابنێن ئەوە تاوانە و پەیوەستە بەخۆیانەوە و ئێمە رێگاکانمان کردەوە".
وەک کاردانەوەیەک بۆ گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە رۆژی ١٦ـی ئۆکتۆبەر پەلاماری شاری کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکەیاندا و لە شارۆچکەی پردێ نزیک کەرکووکیش شەڕێکی توند لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان روویاندا و بەم هۆیەوە هێزەکانی پێشمەرگە وەکو بەربەستێک رێگاکەیان گرت و بەم جۆرەش ماوەی نزیکەی پێنج مانگە هیچ هاتوچۆیەک لەم رێگادا نییە و ئەمڕۆش رێگاکە لە لایەن هەرێمی کوردستان کرایەوە.