Dlshad Saifaalddin Ahmed
16 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2018
سلێمانی ـ AA
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، مەلا بەختیار لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی کۆتاییھاتنی خولی سێیەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی باسی لە ساڵیادی روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر كرد.
مەلا بەختیار گوتی: "میللەتی ئێمە کە ئاوڕ لە ساڵێکی لەمەوبەر دەدەنەوە ساڵێکی غەمناک و ساڵێکی ترسناک و ناخۆش بووەتە ھاوڕێی یادەوەرییەکی نەتەوەیی و مەترسییەکی نەتەوەیی، سەرکەوتنێک لەسەر بەزینی مۆراڵ بنیاتنرابێت سەرکەوتن نییە، من پێم وایە ئەوەی ناویان نا سەرکەوتن بەسەر ریفراندۆم، ئەوەی ناویان نا سەرکەوتن بۆ گێڕانەوەی کەرکووک و خانەقین و شنگال و ناوچەکانی تر و بردنەوەی بۆ چوارچێوەی شەرعیەت بەراستی وەلاوەنانی مۆراڵی ھەموو رێکەوتنەکان و پێشێلکردنی دەستوور و ھەموو ئەو بەڵێن و گفتانە بوو کە بەدرێژایی ٤٠ ساڵ ئێمە لە ئۆپۆزسیۆنی عێراق بنیاتمان نابوو".
مەلا بەختیار گوتی: "بە غەدرێکی گەورە ھەندێک راگەیاندن دەیانەوێت ئەم کارەساتە لەسەر یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بکەنە ماڵ، ئەو کارەساتە سیاسەتی رەسمی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی، کاک کۆسرەت نییه، ئێمە تەحەمولی ئەو روداوە ناکەین لە مێژوودا".
ئەو ھەروەھا گوتی: "ئێمە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بەرپرسیار نین و بەداخەوە قەتماغەی برینی زۆر ھەڵدراوەتەوە لەم رۆژانەدا، ئەگەر ئاوڕ لە مێژوو بدەنەوە لەم برینانە قوڵتر لە مێژووی ئێمە ھەیە، بۆیە ھەڵدانەوەی قەتماغە لە قازانجی بەدیھێنانی ستراتیج و چارەسەرکردنی کێشەکانمان و بنیاتنانی حکوومەتێکی سەرکەوتوو لە عێراق و ھەرێمی کوردستان نییە".
مەلا بەختیار لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "کولتووری سیاسی ئێمە کولتووری تۆمەتبار کردنی یەکتر و شکاندنی یەکتر و کولتووری پەلاماردانی یەکترە نەوەک کولتووری ھەڵسەنگاندن و رەخنەگرتن و پەند و دەرس وەرگرتن تا ھەڵەکان دووبارە نەکەینەوە، نابێت لەسەر ئەم ھەڵانە بەردەوام بین، ھەروەھا نابێت لەسەر ئەو کارەساتانەی وەک ١٦ی ئۆکتۆبەر بەردەوام بین".
مەلا بەختیار ئەمڕۆ لەساڵیادی روداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەردا، بە پێشەکیەکی کورت و نوێوە، ھەمان ئەو پەیامەی بڵاوکردەوە، کە دوو رۆژ دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی پار بڵاویکردەوە. لەو پێشەکیە کورتەدا، ئەوە ئاشکرادەکات، کە ئێستاش ھەمان ئەو بۆچوونانەی ئەوکاتەی ھەیەو دەڵێت "بەڵام بەرژەوەندپەرست و ھەلپەرستەکان بۆچوونی خۆیان گۆڕی".
ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان ساڵیادی روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو کرایەوە و زۆرترین گوتار و قسەوباسی لێوە کرا، کە تێیدا ھێزە عێراقییەکان پەلاماری شاری کەرکووک و ناوچەکانی تری جێناکۆکی نێوان بەغدا و ھەرێمی کوردستانیان داو ھەموو ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکرد.