Sarmand Hameed
30 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2018
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، عیمران خان لە رۆژانی ٣-٤ کانوونی دووەمی داهاتوو، لەسەر بانگهێشتی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی تورکیا دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا روونیکردووەتەوە، سەردانی عیمران خان بۆ تورکیا بە یەکەم سەردانی ناوبراو بۆ ئەو وڵاتە دادەنرێت و ئاماژە بەوەشدراوە کە ژمارەیەک بەرپرسی پاکستان یاوەری دەکەن لە سەردانەکەی بۆ تورکیا لە نێویاندا وەزیری دەرەوە، شا مەحمود قورەیشی و وەزیری پلاندانان، مەخدوم خەسرۆ بەختیار و راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری بازرگانی و وەبەرهێنان، عەبدولڕەزاق داود.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە میانی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی پاکستان و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان دەکرێت، هەروەها عیمران بەشداری لە کۆڕبەندی کارەکان دەکات و چاوی بە وەبەرهێنەرانی تورک دەکەوێت.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان راشیگەیاندووە کە سەردانەکەی عیمران خان دەبێتە هۆی رەخساندنی دەرفەتی نوێ بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بە تایبەت لە بوارەکانی پەیوەندی بازرگانی و ئابووری لە نێوان هەردوو وڵات.