Mazın Asad
25 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2016
کالێ
وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، برنارد کازینیۆڤ لەبارەی چۆڵکردنی کەمپی کالێی باکووری فەڕەنسا، رایگەیاند كە بەیانی ئەمڕۆ ھەزار و ٥٦ کەس لە کەمپەکە گواستراونەتەوە.
کازینیۆڤ لە پەرلەمانی وڵاتەکەی زانیاری لەبارەی رێکاری چۆڵکردنی کەمپەکەی خستەڕوو و گوتی: "ئەوانەی ئەمڕۆ لە کەمپەکە گواستراونەتەوە، نزیکەی ٨٠٠ کەسیان لە ناوەندی پەنابەران نیشتەجێ کران".
وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا ئاشکرای کرد کە دوێنێ دوو ھەزار و ٣١٨ کەس کەمپەکەیان جێھێشتووە و بە پاس بۆ ناوەندی پەنابەران لە ناوچە جیاجیاکانی فەڕەنسا گواستراونەتەوە.
ھاوکات لەکاتی بەردەوامبوونی کاری گواستنەوەی پەنابەران، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەست بە تێکدانی کەمپەکە کرا. لەکاتی تێکدانی کەمپەکەدا ھێزەکانی پۆلیس رێوشوێنی ئەمنی توندیان گرتەبەر.
لەکاتی چۆڵکردنی کەمپەکە، ٧٠٠ رۆژنامەنووس بەشێوەیەکی راستەوخۆ پەخشیان کرد. چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی یەك ھەفتەدا کەمپەکە بە تەواوی چۆڵ بکرێت.
جێگەی باسە حەوت ھەزار پەنابەری سوودانی، ئەریتیری، ئەفغانی، سووری و عێراقی لە کەمپەدا دەژیان کە بەھۆی ھەڵومەرجی خراپ کەمپەکەوە رووبەڕووی رەخنەی توندی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ببووەوە.
پەنابەرانی ناوچەکە شەوان لە شاری کالێ بەسەر کامیۆن و بارھەڵگرەکان دەکەوتن و ھەوڵیان دەدا لە دەریای مانش تێپەڕ بن و بگەن بە بەریتانیا کە بەھۆیەوە کێشەی ئەمنی دروست کردبوو. بەو ھۆیەوە ھەندێک لە پەنابەران لە ژێر بارھەڵگرەکان گیانیان لەدەستدابوو.