هه‌ولێر-AA
به‌رپرسی ئه‌نیستیتوی ریفۆرم بۆ گه‌شه‌پێدان (RID)، دکتۆر دانا سه‌عید سۆفی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ری روودانی پێكدادانی خوێناوی له‌نێوان ئه‌و گرووپ و هێزه چه‌كدارانه و پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ئارادایه.
"لووله‌ی تفه‌نگه‌كان رووه مووسڵ"
ئێستا له‌هه‌موو كات زێتر لووله‌ی تفه‌نگه‌كان رووه‌وه مووسڵ وهرچهرخێنراون، سوپا و چه‌كداره‌كان تا دێت پتر كۆڵهپشتییهكانیان بۆ شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی شاره‌كه و ده‌رهێنانی له‌ده‌ستی داعش ئاماده‌ده‌كه‌ن، لێره له مووسڵ هێشتا روون نییه شه‌ڕێكی چۆن ده‌بێت، به‌ڵام ده‌رهێنانی ئه‌و شاره له‌ده‌ستی چه‌كدارانی خه‌لافه‌ت و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی كه 850 رۆژ ده‌بێت له‌ده‌ستیاندایه و مۆڵگه‌ی سه‌ره‌كییانه له عێراق پێناچێت ئاسان بێت ئه‌گه‌ر ئه‌و چه‌كدارانه بڕیانی مان و نه‌مان بده‌ن، ئه‌گه‌ر كشانه‌وه‌ش به‌ره‌و سووریا و رۆچوونه خولی مت بوونه‌وه تا ماوه‌یه‌ك شه‌ڕه‌كه هێمنتر ده‌كات.
شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی مووسڵ شه‌ڕێكی یه‌كلاییكه‌ره‌وه ده‌بێت بۆ هه‌موو لایه‌ك، تێكشكاندنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی واته لهكۆڵكردنهوهی گه‌وره‌ترین دوژمنی سه‌رسه‌ختی پێكه‌وه‌ژیان و مرۆڤایه‌تی له دوای گرووپی قاعیده، به‌تایبه‌ت له عێراق، به‌ڵام به‌قه‌د یه‌كخستنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه به كه‌مترین زیان، واته وه‌كو چۆن سه‌روبه‌ندی گرتنه‌وه‌ی مووسڵ جێ بایه‌خی دنیایه، ره‌وشی مووسڵ و سه‌رجه‌می نه‌ینه‌واش بۆ دونیا و عێراق پرسێكی هه‌ستیار و هەروەها مه‌ترسیداریشه له‌هه‌مان كاتدا، به‌لای ههندێكیشهوه داعش مه‌ترسییه بۆسه‌ر مووسڵ و نه‌ینه‌وا، به‌ڵام پاش رۆیشتنی ئه‌وان ره‌نگه مه‌ترسییه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌كان پتربن و ئه‌مه‌ش به دوور نازانرێت كه مووسڵ و نه‌ینه‌وا ببنه پێگه‌ی قورسی پێكدادان و ململانێ چه‌كدارییه‌كان كه هه‌ڵبه‌ت بوونی ده‌یان گرووپی چه‌كداری فه‌رمی و نا فه‌رمی كه له‌نێوان هه‌ندێكیاندا ململانێی خوێناوی هه‌یه ئه‌و تێڕوانینه و مه‌ترسییه پشت راست ده‌كاته‌وه كه ئه‌و چه‌كدارانه بۆسه‌ر ئایندهی مووسڵ و پارێزگاكهشی جێی مه‌ترسیین.
به‌پێی به‌دواداچوونێكی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ نه‌خشه‌ی سه‌ربازیی پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت ده‌یان گرووپی چه‌كدار هه‌ن كه ته‌نها هێزه‌كانی پێكهاته‌كانی ئه‌و پارێزگایه له سه‌رووی 20 گرووپ و هێزی چه‌كدار له پاڵ هه‌ردوو هێزی سوپا و پۆلیسی عێراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه. هێزه‌كانیش به‌مشێوه‌یه‌ن: سوپای عێراق، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، هێزه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، هێزه‌كانی نزیك له په‌كه‌كه و ئێزدییه‌كان، هێزه‌كانی مه‌سیحییه‌كان چوار هێز، هێزه‌كانی شه‌به‌ك سێ هێز، هێزه‌كانی كاكه‌ییه‌كان یەک هێز، هه‌روه‌ها هێزه‌كانی حه‌شدی نیشتمانی، هێزه‌كانی حه‌شدی هۆزه‌كان، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه چه‌ندین گرووپی حه‌شدی شیعه‌ش بێنه ناوچه‌كه.
ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، بونیان جه‌ربا له‌وباره‌یه‌وه بۆ ئانادۆڵو ده‌ڵێت "سه‌رۆكوه‌زیران و به‌رپرسانی حكوومه‌تی ناوه‌ندییمان ئاگاداركردووه‌ته‌وه له‌وه‌ی کە ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی فره‌هێزی چاره‌سه‌ر نه‌كرێت له ئاینده‌دا مه‌ترسیی گه‌وره‌ی بۆسه‌ر مووسڵ بەتایبەتی و نه‌ینه‌واش به‌گشتی ده‌بێت، چونكه ئه‌وانه هێزی چه‌كدار و بیروبۆچوونی جیاوازیان زۆره".
"زیاتر له 20 هێزی چه‌كدار له‌سه‌ر خاكی نه‌ینه‌وا"
1-هێزه‌كانی سوپای عێراق: چوار فیرقه‌ی سه‌ربازی ئاماده‌ن بۆ رزگاركردنه‌وه‌ی مووسڵ فیرقه‌ی 15ی پیاده، فیرقه‌ی 16ی پیادە، له‌گه‌ڵ دوو فیرقه‌ی پۆلیس كه به‌سه‌ر هه‌شت لیوادا دابه‌ش بوون، كه له‌سه‌رووی 80 هه‌زار ئەرکدار ده‌بن.
هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ڕی دژبه داعش كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا سه‌ركردایه‌تی ده‌كات سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه رایگه‌یاند 10 لیوای عێراق به‌شداریی شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی مووسڵ ده‌كات و پلانێكی ورد بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دانراوه.
گوته‌بێژ به‌ناوی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ڕی دژبه داعش، جۆن دۆربان له‌وباره‌یه‌وه رایگه‌یاند "هه‌شت بۆ 10 لیوای سوپای عێراق به‌شداریی شه‌ڕی مووسڵ ده‌كه‌ن و پۆلیسیش به‌شدار ده‌بێت".
2- هێزه كوردییه‌كان:
ا-هێزه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان:
1-هێزه‌كانی سه‌ربه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه چوار لیوا ده‌بن، واته نزیكه‌ی 12 هه‌زار پێشمه‌رگه، ئه‌م چوار لیوایه پێشمهرگهكانییان سه‌ربه هه‌ردوو هێزی پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانن.
2-هێزه‌كانی یه‌كه‌ی هه‌شتای پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره‌ی چه‌كداره‌كانی نزیك به سێ هه‌زار ده‌بن.
3-هێزه‌كانی یه‌كه‌ی حه‌فتای یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، ژماره‌ی چه‌كداره‌كانی نزیك به سێ هه‌زار چه‌كدار ده‌بن له دوو لیوا.
4- هه‌روه‌ها له‌شكری رۆژ هه‌ن كه شه‌ش هه‌زار چه‌كدار زیاترن و هێزێكی سه‌ربه زێڕهڤانیین و سه‌ربە وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانن، ئه‌ندامانی ئه‌م هێزه له كوردی رۆژئاوا پێكدێن و زۆرینه‌شیان له ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد له سووریا (ئه‌نه‌كه‌سه)ن.
ب-هێزه كوردییه‌كانی نزیك له په‌كه‌كه:
1-هێزه‌كانی پاراستنی شنگال (HPS)، ئه‌مان دوو فه‌وجن و له پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه نزیكن و هه‌ڵگری بیری ئاپۆن.
2-یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (YPS)، ژماره‌ی چهكدارهكانییان كه‌متر له هه‌زار چه‌كدار ده‌بێت و له‌یه‌ك فهوجدان و هه‌ڵگری بیری په‌كه‌كه‌ن.
3-یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژنان (YPJ) ئه‌مانیش هێزێكی تایبه‌تی ژنانن و هه‌ڵگری بیری ئاپۆ و پارتی كرێكارانی كوردستانن، نزیك به 250 چه‌كدارییان هه‌یه.
ج-هێزه‌كانی ئێزدی سه‌ربه حه‌شدی شه‌عبی:
1-هێزه‌كانی پاراستنی ئێزیدخان، له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر شه‌شۆ سه‌ركرده‌ی دیاری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت، نزیكه‌ی پێنج هه‌زار چه‌كداری هه‌یه، له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه پاڵپشتیی دارایی ده‌كرێت و له‌نێو سیسته‌می حه‌شدی شه‌عبییه.
3- هێزی عه‌ره‌به سوننه‌كان:
ا-هێزی حه‌شدی نیشتمانی، هێزێكی عه‌ره‌بی سوننه‌یه و زۆرینه‌ی پێكهاته‌كانی نه‌ینه‌وا له‌خۆ ده‌گرێت، له‌لایه‌ن پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا، ئه‌سیل نوجێفی سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت، له‌نێوان حه‌وت بۆ هه‌شت هه‌زار چه‌كداری هه‌یه، به‌شێك له چهكدارهكانییان له‌ناو مووسڵیش چالاكن وه‌كو نوجێفی ده‌ڵێت، ئه‌م هێزه له‌لایه‌ن توركیاوه مه‌شقی سه‌ربازییان پێده‌كرێت و ئاسانكاریشیان بۆ دامه‌زراندنی سه‌ربازگه و پێویستی لۆجیستی بۆ ده‌كرێت.
ب-حه‌شدی عه‌شیره‌كان كه 15 هه‌زار چه‌كدار ده‌بێت و له عه‌شیره‌ته‌كانی لهێب، جبوور، عگێد، سه‌بعاوی و هی تریش پێكدێت و له باشووری مووسڵن، سه‌رچاوه‌ی دارایی و پاڵپشتیی ئه‌م هێزه حه‌شدی شه‌عبییه.
4-هێزی مه‌سیحییه‌كان:
ا- پاسه‌وانانی ئه‌نجوومه‌نی میللی كلدانی سریانی ئاشووری ناسراو به (NPG)، نزیكه‌ی سێ هه‌زار چه‌كدارن، هێزێكی چه‌كداری مه‌سیحیین و یه‌كه‌یه‌كی تایبه‌تن له‌ناو هێزه‌كانی زێڕه‌ڤانی سه‌ربه وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌م پاڵپشتییان ده‌كات.
ب- هێزه‌كانی پاراستنی ده‌شتی نه‌ینه‌وا ناسراو به (NPU)، نزیكه‌ی 300 چه‌كدار ده‌بن، سه‌ربه بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشوورین كه ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، یونادم كه‌نا سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات، بۆ پارێزگاریكردن له ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا ئه‌وانه‌ی زۆرینه مه‌سیحیین دامه‌زرێنراوه، ئه‌مان تاكه هێزن كه سه‌ربه حكوومه‌تی هه‌رێم نیین و یه‌كێكه له هێزه‌كانی سه‌ربه حه‌شدی شه‌عبی.
ج-هێزه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا ناسراو به (NPF)، سه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی به‌یت نه‌هرێنی دیموكراتی به سه‌رۆكایه‌تی رۆمیۆ هه‌كاری و یه‌كێتی به‌یت نه‌هرێنی نیشتمانی كه یوسف یه‌عقوب سه‌رپه‌رشتیی ده‌كات، نزیكه‌ی 700 چه‌كداری هه‌یه و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن.
د-هێزه‌كانی دوێخ نوشا، سه‌ربه پارتی نیشتمانی ئاشوورین و نزیكه‌ی 100 چه‌كدارییان هه‌یه، ئه‌مانیش له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن.
5-هێزه‌كانی شه‌به‌ك:
ا-هێزه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا لیوای شه‌به‌كی شیعی سه‌ربه حه‌شدی شه‌عبین و لەلایەن په‌رله‌مانتاری عێراق (حه‌نین قه‌دۆ) سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت كه سه‌رۆكایه‌تی گردبوونه‌وه‌ی دیموكراسی شه‌به‌ك ده‌كات، ئه‌م هێزانه ئێستا له چیای مهكحۆل و لهدیالهش به‌دیاریكراوی له ناوچه‌ی عزێم هه‌ن و مه‌شقیان وه‌رگرتووه، نزیكه‌ی سێ هه‌زار ده‌بن.
ب- فه‌وجێكی شه‌به‌ك سه‌ربه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن، ژماره‌یان له هه‌زار چه‌كدار كه‌مترە، له چیای زه‌رتك له سنووره‌كانی پێشه‌وه له‌گه‌ڵ داعش و له‌چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ش هه‌ن.
ج-هێزێكی سه‌ر به لیوای عه‌لی ئه‌كبه‌ر كه سه‌ربه مه‌رجه‌عییه‌تی شیعهكانە له‌ناو حه‌شدی شه‌عبی و نزیكه‌ی 150 چه‌كدار ده‌بن.
6-هێزه‌كانی كاكه‌یی: هێزێكن سه‌ربه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن و كه‌متر له هه‌زار چه‌كدار له‌خۆ ده‌گرێت.
7-توركمانه‌كان: به‌شێك له گه‌نجانی ئه‌م پێكهاته‌یه له‌ناو لیوای توركمانی حه‌شدی شه‌عبیین، به‌شێكیشیان له‌گه‌ڵ هۆزی عه‌شیره‌ته‌كانن.
8-هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی: چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی مووسڵدا بێنه ئه‌و پارێزگایه‌وه كه تاوه‌كو ئێستا چه‌ندین گرووپیان سه‌رباری هۆشیارییه‌كانی ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستانیش باس لهسووربوونیان له به‌شداریكردن له‌و شه‌ڕه چوونییان بۆ نه‌ینه‌وا ده‌كه‌نه‌وه.
گوته‌بێژ و كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له پارێزگای نه‌ینه‌وا، غه‌یاس سوورچی له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی بوونی ئه‌و هێزانه‌ی به‌هۆی جیاوازی ئایدۆلۆجیا و سه‌رچاوه‌ی پاڵپشتییهكانییانهوه یه‌كتر ده‌بڕن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ده‌ڵێت "دیاره ئێستا زیاتر له 15 هێزی نیزامی و نا نیزامی له‌سه‌ر خاكی پارێزگای نه‌ینه‌وا هه‌یه، هه‌ریه‌ك له‌و هێزانه هه‌ڵگری بیر و باوه‌ڕ و ئایدۆلۆجیای جیاوازن، من ره‌شبینم پاش ئازادكرنه‌وه‌ی مووسڵ ئه‌و هێزانه به‌ریه‌ك نه‌كه‌ون، چونكه ئایدۆلۆجیایان جیاوازه".
له‌باره‌ی ئه‌و هێزانه‌شه‌وه روونتر ده‌ڵێت "ئه‌و هه‌موو رێكخستن و ئایدیۆلۆجیایه له ناو پارێزگایه‌كی وه‌كو نه‌ینه‌وا یان شارێكی وه‌كو مووسڵ ناتوانن پێكه‌وه هه‌ڵبكه‌ن و ئاینده‌یان گه‌ش نابێت، به‌تایبه‌ت ئێستا له هه‌ندێك شوێن نه‌ك هه‌ر په‌یوه‌ندییان نییه بگره هه‌ڕه‌شه‌ش له‌یه‌كتر ده‌كه‌ن و هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌كیان له‌نێواندا نییه وه‌كو ئه‌و هێزانه‌ی كه له رۆژئاوای شاری مووسڵ له شه‌نگال و ره‌بیعه و زوممار هه‌یه".
سوورچی له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌شڵێت "ئه‌گه‌ر له ئێستاوه یان به‌زووترین كات له‌گه‌ڵ رزگاركردنی مووسڵ ئه‌و هێزانه له‌سه‌ر میكانیزمێك رێكنه‌كه‌ون و له‌سه‌ر مێزێك كۆ نه‌بنه‌وه ئه‌وا شه‌ڕ له‌نێوانیاندا روو ده‌دات، ئێستاش روویداوه به‌ریكه‌وتن هه‌بووه، به‌ڵام نه‌بووه و هیچ شتێكی ئه‌وتۆ رووینه‌داوه، قوربانیی گیانی لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه، ئێستا له‌نێوان حه‌شدی شه‌عبی و هێزه كوردییه‌كان هه‌ڕه‌شه هه‌یه، هه‌ڕه‌شه له‌یه‌كتر كردن هه‌یه، یه‌په‌گه و هه‌په‌گه پارتی به‌هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر خۆیان ده‌زانن ئه‌وانیش هه‌روه‌ها".
نه‌ینه‌وا له پاڵ سێ پارێزگای دیكه یه‌كێكه له‌و چوار پارێزگایه‌ی عێراق (نه‌ینه‌وا، كه‌ركووك، دیاله و سه‌ڵاحه‌ددین) كه به‌شێك له‌خاكه‌كه‌ی له‌نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقی كێشه‌یان له‌سه‌ره و جێ ناكۆكن، قه‌زای شنگال و ناحیه‌كانی، قه‌زای حه‌مدانییه و ناحیه‌كانی، قه‌زای تلكێف و ناحیه‌كانی، قه‌زای به‌عشیقه، ناحیه‌ی گرعه‌زیز(قه‌حتانییه)ی سه‌ربه قه‌زای به‌عاج، قه‌زای مه‌خموور و ناحیه‌كانی، ناحیه‌ی زوممار، قه‌زای ئاكرێ و ناحیه‌كانی.
پارێزگای نه‌ینه‌وا یه‌كه‌مین پارێزگای عێراق بوو كه له حوزه‌یرانی 2014 سه‌نته‌ره‌كه‌ی"مووسڵ" كه‌وته ده‌ستی چه‌كدارانی داعش پاش ئه‌وه‌ی سوپای عێراق لهكردهوهیهكدا كه "راده‌ستكردن" و هه‌ندێك به"هه‌ڵاتن"ناوی ده‌به‌ن كۆنتڕۆڵیان كرد و له‌وێ كاته‌وه هێشتا قه‌ڵه‌مڕه‌وییان تێدا هه‌یه و خه‌لافه‌ت و ده‌وڵه‌تیشیان دامه‌زراند دوای ئه‌وه‌ی ده‌یان هه‌زار سه‌ربازی عێراق جلهكانییان فڕێ دایه به‌رپێی كه‌متر له 400 چه‌كدار و چهكهكانیشیان به‌بێ ته‌قه بۆ به‌جێ هێشتن. نه‌ینه‌وا یه‌كێكه له‌و پارێزگایانه‌ی زۆرترین پێكهاته له‌خۆ ده‌گرێت ئه‌وانیش عه‌ره‌ب"سوننه، شیعه" كورد، ئێزدی، شه‌به‌ك، توركمان"سوننه، شیعه"، كاكه‌یی.
" پێكدادانی گرووپ و هێزه چه‌كدارییه‌كان مه‌ترسییه‌كی روون "
به‌رپرسی ئه‌نیستیتوی ریفۆرم بۆ گه‌شه‌پێدان (RID) كه له ئاداری ئه‌مساڵدا توێژینه‌وه‌یه‌كی مه‌یدانییان له‌باره‌ی ململانێ و پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌كانی نه‌ینه‌وا و دوای ده‌ركه‌وتنی داعش له هه‌ولێر بڵاوكرده‌وه، باس له‌وه ده‌كات دۆخی نه‌ینه‌وا له كات و له‌پاش كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ ره‌وشێكی مه‌ترسیداره و بوونی هێزگه‌لێكی جیاواز و زۆر جێی مه‌ترسییه.
دکتۆر دانا سه‌عید سۆفی له‌وباره‌یه‌وه بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ده‌ڵێت "له‌حاڵه‌تی ئه‌وه‌ی هێزه‌كان جیاوازن و هه‌ریه‌كه‌یان سه‌ربه گرووپی دیاریكراون، زۆر جار له‌نێوان ئه‌و گرووپانه‌ش ململانێی خوێناوی هه‌بووه، ئه‌مه مه‌ترسی ئه‌وه ئازاد ده‌كات له‌كاتی رزگاركردنی مووسڵ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژوورێكی عه‌مه‌لیاتی هاوبه‌ش نه‌بێت بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی ئه‌و هێزانه و ئاسانیش نییه هه‌بێت، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئاژاوه و پشێوی رووبدات و له‌وانه‌یه پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر به مافه‌كانی مرۆڤ بكرێت، هه‌ر گرووپه و ره‌نگه به‌رامبه‌ر به‌وی دیكه بكات".
ئه‌و باس له قۆناغی دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵیش ده‌كات و ده‌ڵێت "به‌ڵام پاش ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵیش مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه هه‌ر گرووپه و ده‌ست به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو بگرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێزی نیزامی نیین و زیاتر میلیشیان و كه‌متر رێكخراون جگه له پێشمه‌رگه و سوپای عێراق بۆیه مه‌ترسی ئه‌وه‌ش هه‌یه كه كرده‌ی توندوتیژی له‌نێوان خۆیاندا و له‌نێوان گرووپه‌كانیشدا رووبدات، بۆخۆی بوونی ئه‌و هه‌موو هێزه جیاوازه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه متمانه له‌نێوان ئه‌و گرووپانه نییه بۆیه هه‌ر گرووپێك ده‌یه‌وێت خۆی چه‌كدار بكات بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بپارێزێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانی تر، بۆیه مه‌ترسی یه‌كجار زۆر هه‌یه له‌وه‌ی پێشێلكاری گه‌وره به‌رامبه‌ر به مافه‌كانی مرۆڤ بكرێت".
ده‌شڵێت" نزیكه‌ی بیست هێزی جیاواز له ئه‌نجامی هاتنی داعش په‌یدابوون و گرووپیان تێدایه قوربانیی یه‌كجار زۆری داوه، بۆیه مه‌ترسی ئه‌وه‌ش هه‌یه كرده‌ی تۆڵهسهندوونهوه رووبدات، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه ئه‌و هێزانه له‌لایه‌ن ژوورێكی عه‌مه‌لیاتی هاوبه‌ش سه‌رپه‌رشتی و چاودێرییان بكات ئه‌گه‌ر نا مه‌ترسیی گه‌وره‌یان هه‌یه".
سه‌رباری گرووپ و هێزه چه‌كدارییه خۆماڵییه‌كان له پارێزگای نه‌ینه‌وا، سه‌دان سه‌ربازی چه‌ند وڵاتێكیش له‌وێ بوونییان هه‌یه له‌وانه هێزه‌كانی ئه‌مریكا، هێزه‌كانی توركیا، هێزه‌كانی ئیتاڵیا، هێزه‌كانی كه‌نه‌دا و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هێزی دیكه‌ش له‌وێ ببن.
پسپۆڕ له جوگرافیای سیاسی، دکتۆر ته‌لعه‌ت محه‌مه‌د تاهیر بۆتانی له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت "شه‌ڕی مووسڵ زۆر ته‌رازووی هێزه‌كان و ملكه‌چیی ناوخۆی بۆ هێزه سیاسییه ناوخۆی و هه‌رێمییه‌كان ده‌گۆڕێت، هه‌روه‌ها ره‌نگه ململانێیه‌كان به‌هۆی ئه‌و هه‌ستیارییه‌ی له‌نێوان هێزه به‌شداربووه‌كان له‌شه‌ڕی مووسڵ هه‌یه توندتربێت، بۆیه زۆر كه‌س له‌وه ده‌ترسن ئه‌و ناكۆكییه سه‌ربكێشێت، چونكه ئه‌و هێزانه چه‌كیان هه‌یه و ره‌نگه پاش ئازادكردنه‌وه‌ی ببێته شوێنی ناكۆكیی له‌نێوان ئه‌و هێزانه، ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه رووبه‌ڕووی ئه‌و شاره ده‌بێته‌وه، به‌تایبه‌ت به‌هۆی دانیشتوانه‌كه‌یه‌وه زه‌مینه بۆ ئه‌و دۆسیهییه له‌باره"
هه‌رچۆنێك بێت داعش مه‌ترسیی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر مووسڵ و نه‌ینه‌واش، به‌ڵام به چوونی ئه‌و مه‌ترسییه شوێنه‌واره‌كانی ره‌نگه زۆر مه‌ترسیداربن كه یه‌كێكیان گرووپه چهكدارییهكانه كه به‌نه‌مانی داعش ئه‌مان هه‌ر ده‌مێننه‌وه.
news_share_descriptionsubscription_contact

