Hemn Husain
05 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2016
هەولێر
فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە جۆری N635IV ی لە گوندی گاینجی نێوان هەولێر و خەبات کێشەیەکی تەکنیکی بۆ درووست دەبێت و بەناچاری لە زەوییەکی کشتوکاڵی ئەو گوندە دەنیشێتەوە.
نیشتنەوەی بە ناچاری ئەم فڕۆکەیە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی بە دواوە نەبووە و دوای ئەو رووداوەش تیمەکانی سەربازیی ئەمریکا بە سێ هێلیکۆپتەر گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لە ئێستادا پاسەوانی لە فڕۆکە تێکشکاوەکە دەکەن.
بەپێی قسەی یەكێك لە شایەتحاڵانی رووداوەکە، فڕۆكەكە بەهۆی لەدەستدانی كۆنتڕۆڵەوە بە ناچاری بەرەبەرە نزم بۆتەوە و نیشتۆتەوە.
ئەگەرچی فڕۆکەکە سڤیل بووە و هیچ لۆگۆیەکی سەربازیی پێوە نەبووە و تەنیا ئاڵای ئەمریکا نەبێ، بەڵام فڕۆکەوانەکانی جلی سەربازییان لەبەردا بووە و فڕۆکەکەش چوار سەرنشینی هەڵگرتبوو کە هەموویان لەم رووداودا بەسەلامەتی رزگارییان بووە.
گوندی گاینج بە دووری 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێر و لە سنووری شارەدێی گەورگۆسکی سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێرە.