Sangar Hamad Azeez
05 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2016
تاران
سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لەکاتی بەشداری کردن لە کۆربەندی کاری تورکیا-ئێران لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی وکانزای ئێران ئاماژەبەوە دا"تورکیا و ئێران لە رووی جوگرافیا و ئابووریی تەواوکەری یەکترن ولە رۆژئاوای ئاسیا، تورکیا دەروازەی ئێرانە بۆ ئەوروپا و ھەروەھا ئێران-یش دەروازەی تورکیایە بۆ ئاسیا. ئەمەش لە بواری گواستنەوە و گەیاندن و لۆجستیدا توانای نائاساییمان پێدەبەخشیت".
ھەروەھا گوتیشی:"ئەمڕۆ ھەڵسەنگاندنی گشتگیرمان کرد لەبارەی گواستنەوە و گەیاندن لەرێگەی وشکانی، ھێڵی شەمەندەفەرو ھێڵی ئاسمانی وبریاریماندا لە قۆناغی داھاتووماندا بە ئیرادەیەکی زۆر بەھێز ھەڵمەتی زۆر جددی ئەنجام بدەین. لە قۆناغی داھاتوودا پەیوەندیەکانمان بەھێزدەکەین لە نێوان بەندەری مێرسین و بەندەرعەباس، لەنێوان بەندەری ترابزۆن و بەندەرعەباس، لە نێوان ھێڵی شەمەندەفەری خێرا لە تورکیا، ھێڵی شەمەندەفەری خێرا لە ئێران کە پلان وایە لە تارانەوە راست بۆ تەبرێز ببرێت".
ئەحمەد داودئۆغڵو گوتی: "لە پەیوەندیەکانماندا ئیتر پێویستمان بە گۆڕانکاریەکی پارادیگماتی زیھنی ھەیە. تورکیاو ئێران، دوو وڵاتی ھاوسێ و دۆستی دێرینن. جوگرافیاکانیان دەوری رووبەرێکی زۆر فراوانیان داوە و بەیەکەوە گەورەترین کەمەربەندی ئاسیا-ئەفریقایان پێکھێناوە. پێویستە ئێستا بە تێگەیشتنێکی نوێ ھەڵسوکەوت بکەین کە ئەم جوگرافیا و گەلانە یەکبخات. ئەوەش نەک بە تێگەیشتنی دانوستانی بەرامبەری، بەڵکو بە ھاوبیری جیبەجێ کردن، لە بەرزترین ئاستدا توانامان بەکاربھێنین بەجۆرێک رکابەرایەتی ئابووریی جیھانی بکات".