Hemn Baban,Sarmand Hameed
25 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2016
هەولێر
عوبێدی دەڵێت بەم نزیكانە لەكات و شوێنی جیاواز كە جێی باوەڕنیین هەڵدەكوتنە سەر چەكدارانی داعش.
ئەمڕۆ شەممە وەزیری بەرگریی عێراق خالید ئەلعوبێدی هاوڕێ لەگەڵ شاندێكی سەربازیی وەزارەتەكەی سەردانی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی رزگاركردنی نەینەوایان لە قەزای مەخموور بەدووری(60 كیلۆمەتر لە شاری هەولێر) كرد و پاش كۆبوونەوە لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق د.سەلیم جبووری و فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا نەجم جبووری و پارێزگای نەینەوا نەوفل سوڵتان حەمادی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی لەگەڵ نەجم جبووری بۆ سازكرا.
لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا وەزیری بەرگریی عێراق باسی لە ئامانجی سەردانەكەی بۆ مەخموور و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكان كرد و گوتی بۆ ئەوە هاتوون تا لەنزیكەوە لەو پێشكەوتنانەی ئەمدواییە لەدژی چەكدارەكانی داعش بەدی هاتوون ئاگادار ببن و ئەوانەشی بە دەستكەوت ناوبرد و گوتی بە وردی لەو پێشهاتانە كۆڵنەوە.
وەزیری بەرگری لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن كە ئاژانسی ئانادۆڵوش ئامادەی بوو گوتی: "كردەكانی رزگاركردن زۆر بە وردی و بەپێی ئەوەی لەلایەن هێزە هاوبەشەكانەوە دیاریكراون بەرەو پێشەوە دەچن و جێبەجێ دەكرێن، لەم شەڕە چەند لایەنێك هەن و لایەنی باش بەجێ گەیەندراون و لە رۆژانی داهاتوو ئەوانی دیكەش جێبەجێ دەكرێن و سوپای عێراق لەم سنوورە زۆر بە وردی و نموونەیی شەڕەكانییان بەڕێوەبردووە كە خۆی لە لیوای 91 و فیرقەی 15 و لیوای 37ی ئامێرەكان دەبینێتەوە، نزیكەی هەزار و 300 داعش لەم سنوورە كوژراون و ئەوەش ژمارەیەكی زۆر زۆرە، ژمارەی شەهید و قوربانییەكانیشمان زۆر زۆر كەم بوون كە ناگاتە ژمارەی پەنجەكانی دەست، و ئەو قۆناغە لە كردەكان بەم نزیكانە تەواو دەبێت".
سەبارەت بە پێشكەوتنەكانی دیكەش لە ناوچەكانی جیاواز ناوبراو روونی كردەوە: "كەرتەكان لە باكووری سەڵاحەدین بەرەو پێشەوە دەچن وەك ئەوەی بۆیان دیاریكراوە، هەروەها ئێمە لەكات و شوێنی جیاواز هەڵدەكوتینە سەر دوژمن كە باوەڕنەكراو بووە، بەشێك لە هێزەكانمان ئێستا لەسەر كەناری دیجلەن، لە باكووری سەڵاحەدین هێزەكانمان پێشكەوتوون و ئێستا لە چواررێیانی شەرگاتن و دوژمن زیانێكی زۆریان پێگەیشتووە و ئێستا نزیكەی 30 كیلۆمەترمان لە باكووری بێجی رزگاركردووە".
لەبارەی باشووری مووسڵیشەوە گوتی: "پێمان وایە لەگەڵ تەواوبوونی كردەكان رزگار دەبێت".
وەزیری بەرگری سوپاسی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی رزگاركردنی نەینەواشی كرد و گوتی: "ئەو هێزانەی هەیە باشە و كەم نیین، زۆر بەرێك و پێكی سەرپەرشتی دەكرێن و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رۆڵی گەورەیان هەیە و لەسەر زەویش هاوپەیمانی راوێژكاریان هەیە بۆ پاڵپشتیكردنی هێزەكانییان".
وەزیری بەرگریی عێراق لەبارەی گوندەكانی ئەمدواییە كە لەدەستی داعش دەرهێندران لەناوچەكە گوتی: "ئەو گوندانە هەشت گوندن بە رووبەری 260 كیلۆمەتر چوارگۆشە رزگاركراون، كۆی گشتی ئەو چەكدارانەی داعشیش كە لەم ناوچەیە بەدرێژایی ئەو ماوەیە كوژراون هەزار و 300 كەس دەبن ئەوەش ژمارەیەكی زۆر زۆرە".
سەبارەت بەپێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبیش وەكو باس دەكرێت و چەند بەڵگەیەكی ڤیدیۆی لەسەر "پێشێلكارییەكان"یان بڵاوبووەتەوە ناوبراو گوتی: " ئێمە بەپێ یاسا مامەڵە لەگەڵ پێشێلكارییەكان دەكەین و هەر پێشێلكارییەك دژی ئاوارەكان بكرێت بە خیانەت بەرامبەر بە خوێنی ئەوانەی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوون لەپێناو رزگاركردنی خاكی عێراق دەزانیین، و دەبێت رێز لە هاووڵاتییان بگیرێت و رێز لەخوێنی ئەو شەهیدانەش بگیرێت كە لەسەر ئەو خاكە رژێنراوە".
سەبارەت بە بەشداریی حەشدی شەعبیش لە رزگاركردنەوەی مووسڵدا گوتی: "ئەگەر هێزەكانی هاوبەش و سەرۆكوەزیرانی عێراق بە پێویستیيان زانی حەشدی شەعبی بەشداریی لە پرۆسەكانی رزگارگردنی نەینەوادا بكەن ئەوا دەكرێت بەشداری بكات و لەناوچەی دیاریكراو، ئەگەر پێویست نەبوو ئەوا بەشداریی ناكەن".
سەبارەت بە كاتی دەست پێكردنی هێرشەكان بۆ سەر شاری مووسڵ، ئەلعوبەیدی بە روونی گوتی: "بەپێی قسەكانی سەرۆكوەزیران و هاوكات فەرماندە گشتی هێزە چەكدارەكان و ئێمەش بێت پێشبینی دەكەین ساڵی 2016 ساڵی رزگارردنی مووسڵ و ناوچەكانی دیكەی عێراق دەبێت لە داعش".
لە وەڵامی پرسیاری ئاژانسی ئانادۆڵو دەربارەی ئەو خاكەی كە لەماوەی رابردوودا لەدەستی داعش دەرهێندراون لە عێراقدا، وەزیری بەرگریی عێراق خالد ئەلعوبێدی گوتی: "ئەو رووبەرەی پێشتر داعش داگیركردبوو لە عێراق بریتی بوو لە نزیكەی 40 لەسەدی كۆی رووبەری خاكی عێراق، پێش كردەكانی رزگاركردنی فەللوجە و كوبێسە و هیت ئەو رێژەیە كەم بوویەوە، ئێستا ئەو خاكەی لەدەستی داعشە نزیكەی 10 بۆ 15 لەسەد دەبێت و زیاتر نییە".
هەر لەوەڵامی ئانادۆڵو لەبارەی بەشداریی هێزەكانی پێشمەرگە لە گرتنەوەی مووسڵدا، وەزیری بەرگریی عێراق گوتی: "هیچ مەرجێك بۆ بەشداریی پێشمەرگە نییە، بەڵام دەبێت هەماهەنگی هەبێت لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا و هێزەكانی دیكە، هێزە ئەمنییەكان بەشێكن لە سیستەمی ئەمنی عێراق".
ئەلعوبێدی بەشداریی حەشدی نیشتمانی و پۆلیسی نەینەوای لە پرۆسەی رزگاركردنی نەینەوا بە گرنگ زانی و گوتی رۆڵی گرنگ و بایەخداریان دەبێت بەتایبەت لە گرتنی خاك و رێكخستنی ناوچەكان، گوتیشی: "لەچەند رۆژی داهاتوو كۆنگرەیەك لە بەغدا دەبێت بۆ راگەیاندنی دامەزراندنی حەشدی نەینەوا و چاوەڕوانی رۆڵی گەورەیان لێ دەكەین".
لەكۆتایی قسەكانیدا وەزیری بەرگریی عێراق گوتی : "پێویستە هەموو پێكهاتە و رۆڵەكانی پارێزگای نەینەوا بەشداریی لەگرتنەوەی پارێزگاكەیان و رزگاركردنی لەدەستی چەكدارانی داعش بكەن" كە بە قسەی ئەو ئەوە بۆچوونی سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادیشە.