Hemin Hüseyin
10 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2017
هەولێر-AA
پسپۆڕان و شارەزایانی بواری ئابووری و سیاسیی، سەردانەکەیان بەسەردانێکی گرنگ زانی و پێیان وایە تورکیا تاکە وڵاتە کە ھەرێمی کوردستان بەوڵاتانی ئەورووپا دەبەستێتەوە و ئاماژەش بەوە دەدەن کە مانەوەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بیناڵی یڵدرم لە ھەرێمی کوردستان، مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمن و ئاسایش لە ھەرێمی کوردستان بەرقەرارە.
سەردانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم بۆ ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک رەھەندی تایبەتی خۆی ھەیە کە دەکرێت وەکو پتەوبوون و فراوانبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان سەیر بکرێت.
پسپۆڕان و شارەزایانی بواری ئابووری و سیاسیی، سەردانەکەیان بەسەردانێکی گرنگ زانی و پێیان وایە تورکیا تاکە وڵاتە کە ھەرێمی کوردستان بەوڵاتانی ئەورووپا دەبەستێتەوە و ئاماژەش بەوە دەدەن کە مانەوەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بیناڵی یڵدرم لە ھەرێمی کوردستان، مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمن و ئاسایش لە ھەرێمی کوردستان بەرقەرارە.
لە رووی سیاسییەوە:-
پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکات کە تورکیا دیدێکی تازەی هەیە لەسەر دۆزی کورد لە هەرێمی کوردستان و بەگوتەی ئەو پسپۆڕەش، دەستەیەک لە سیاسەتمەدارانی وڵاتی تورکیا، گرنگی هەرێمی کوردستان بەرجەستە دەکەن و ئەمەش جێگای خۆشحاڵیی هەردوولایە.
پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، دکتۆر جووتیار عادل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تورکیا دیدێکی نوێی ھەیە لەسەر دۆزی کورد کە مەبەستم ھەرێمی کوردستانی عێراقە نەک پارچەکانی دیکە کە ئەوەش جێگای دڵخۆشییە بۆ ھەموولایەک، لەگەڵ ئەوەشدا نوخبەی سیاسیی لە تورکیادا، گرنگی ھەرێمی کوردستان بەرجەستە دەکەن، چونکە ئەمڕۆ گرنگە بۆ تورکیا کە ھەرێمی کوردستان سەقامگیر بێت لە رووی ئابووری و ئەمنییەوە".
هاوکات رێکخەری گشتیی بزاڤی چاکسازی و گەشە، دکتۆر محەمەد بازیانی پێی وایە کە هەموو چاوەکان چاوەڕوانی ئەنجامەکانی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم دەکەن و ئاماژەش بەوە دەکات کە تورکیا و هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی تیرۆردان.
رێکخەری گشتیی بزاڤی چاکسازی و گەشە، دکتۆر محەمەد بازیانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەردانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا خاڵێکی وەچەرخانە لە بواری ئابووری و سیاسییەوە، بەتایبەت بۆ ھەرێمی کوردستان و تورکیا، چونکە ھەموو چاوەکان کەوتوونەتە سەر ئەنجامی سەردانەکە، چونکە ئەمڕۆ ھەرێمی کوردستان و تورکیا لەبەردەم ھەڕەشەی تیرۆردان، لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵی مسعود بارزانی وەکو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەورووبەر کاریگەرییەکی ئیجابی ھەبووە بەتایبەت لەو دانوستانانەی لەگەڵ قەندیل کراوە، ئەم سەردانە لەو بوارەشدا گرنگییەکی زۆری ھەیە بەحوکمی ئەوەی ئێستا پەکەکە لە ناوچەی شنگالە و بەشێک لە سەرکردەکانییان ئاماژەیان بەوەکردووە کە ئەوان ئامادەن بەشێوەیەکی ئاشتییانە ھێزەکانییان لە شنگال بکشێننەوە کە ئەوەش چارەسەری بەشێک لە کێشەکان دەکات".
لەگەڵ ئەوەشدا، دکتۆر محەمەد بازیانی پێیوایە کە رەنگە یەکێک لە خاڵەکانی کۆبوونەوەکە ئەوەبێت کە هەرێمێک بۆ سوننەکان دروست بکرێت و ئاماژە بەوەش دەکات کە لەم حاڵەتەدا هەرێمی کوردستان و تورکیا دەبنە قوڵاییەکی ستراتیجی بۆ یەکتر و لەمبارەیەوە گوتی: "خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە ھەرێمێک بۆ سوننەکان دروست بکرێت و ئەم ھەرێمە دەبێتە قوڵاییەکی ستراتیجی بۆ ھەرێمی کوردستان و لە ھەمانکاتدا ھەرێمی کوردستانیش دەبێتە قوڵاییەکی ستراتیجی بۆ ئەم ھەرێمە و لەو حاڵەتەشدا ھەردوولا دەبنە قوڵایی ستراتیجی بۆ تورکیا، چونکە رۆڵی ھەرێمی کوردستان لەو رووداوە سیاسیی و گۆڕانکارییانە، گرنگی زۆری ھەیە بۆیە سەیر دەکەین کە سەرۆکوەزیرانی تورکیا شەو و رۆژێک لە ھەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە کە ئەمەش بەڵگەیە بۆ ھەبوونی ئەمنییەت و گرنگی ھەرێمی کوردستان".
پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، دکتۆر جووتیار عادل پێچەوانەی بۆچوونەکەی بازیانی، پێی وایە دروستبوونی هەرێمێک بۆ سوننەکان لەم کاتەدا سەرکەوتوونابێت و هۆکارەکەیشی دەگەڕێنێتەوە بۆ پەرتەوازەبوونی سەرکردەکانی سوننە و گوتی: "پێشتر بیرۆکەی دروستبوونی هەرێمێکی سوننە هەبوو بەڵام شیعەکان پڕۆژەی فیدڕالییەتی عێراقییان پێشنیاز کرد و دواتر پاشگەزبوونەوە، بۆیە شیعەکان هەوڵیاندا پرۆژەی خودی فیدڕاڵی لەناو ببەن، بەڵام لە ئێستادا سوننەکان تۆمەتبار دەکرێن بەکۆمەڵێک تۆمەت لە هەمانکاتدا سەرکردایەتییەکی یەکگرتوویان نییە، لەبەر ئەوە پێموانییە پڕۆژەی دروستکردنی هەرێمێکی سوننە سەرکەوتووبێت، مەگەر بەهێزی فشار و سیاسیەتی دەولی ئەم واقیعە دروست بکرێت".
لە رووی ئابوورییەوە:-
بواری ئابووریش رەهەندێکی گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایە و دکتۆر محەمەد بازیانی ئاماژە بەپێگەی تورکیا و جیۆپۆلۆتیکی ئەو وڵاتە دەکات کە تاکە دەروازەیە هەرێمی کوردستان بەوڵاتانی ئەورووپا دەبەستێتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "تورکیا دەیەوێت تا ساڵی ٢٠٢٣ دەیەمین دەوڵەت بێت لە رووی ئابوورییەوە لە هەموو دونیادا، بەم پێیەش تورکیا پێویستی بەپەرەپێدانی ئابووری هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا هەرێمی کوردستان خاوەن سەرچاوەی زۆری وزەیە کە لە رێگای تورکیاوە هەناردەی وڵاتانی دیکەی دەکات کە ئەوەش بەشێکە لەو پەرەپێدانە ئابوورییە، ئەمەش وایکردووە ئەو سنوورە گەورەیەی لەنێوان هەرێمی کوردستان وتورکیادا هەیە چۆن بتوانن مەحکەم بکرێت. لە هەمانکدا ئەو پەیوەندییە ئابوورییەی کە نێوانییاندا هەیە، تەنیا رێگایەک لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ئەورووپا دەڕوات، وڵاتی تورکیایە".
ئەو پسپۆڕەی بواری زانستە سیاسییەکان پێیوایە کە ئەم سەردانە جگە لە لێکتێگەیشتنی سیاسیی، رەهەندی ئابووریشی هەیە و ئاماژە بەوەش دەکات کە تورکیا یەکەمین وڵاتی وەبەرهێنەرە لە هەرێمی کوردستان و ئەو تەواوکارییە ئابوورییەش وایکردووە کە لە رووی سیاسیشەوە دید و بۆچوونەکان لەیەکتر نزیکبن.
پسپۆڕی زانستە سیاییەکان، دکتۆر جووتیار عادل سەبارەت بەم پرسە گوتی: "بێگومان ئەو پەیوەندییانە لە ساڵی ٢٠٠٧ گەشەی کرد، چونکە تورکیا یەکەمین وڵاتی وەبەرهێنەرە لە هەرێمی کوردستان، ئەو تەواوکارییە ئابوورییەی لە ناوچەکەدا هەیە دەبێتە هۆکاری لێکتێگەیشتنی سیاسیی لە بوارەکانی دیکەش وەکو بواری ئەمنیی، لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا پێیوایە کە هەرێمی کوردستان وەکو ناوچەیەکی ئارام رەنگە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە گرنگ بێت، چونکە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و گرفت بووتەوە. لە هەمانکاتدا ئەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا هەیە لیكتێگەیشتنێکە کە بەقەناعەتەوە دروستبووە نەک لەبەر بەرژەوەندی بێت، بۆیە پێشبینی دەکەم ئەو سەردانە کۆمەڵێک رێککەوتنی ئابووری بەدوای خۆیدا بهێنێت".
بیناڵی یڵدرم لە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی تورکیا، یەکەم سەردانی بوو کە بۆ شاری ھەولێر و بەغدا ئەنجامیدا. لە ساڵی ٢٠١١ش ئەو کاتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکوەزیران بوو، سەردانی ھەولێری کرد. ساڵی ٢٠١٤ش سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد.
رۆژی ٧/١/٢٠١٧ سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم گەیشتە هەولێر و لە رێورەسمێکی فەرمییدا لەلایەن سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لێکرا و رۆژی دواتر لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی و سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە و دواتر هێزەکانی پێشمەرگەی لەسەر سەر چیای زەرتک بەسەرکردەوە و پاشان بەڕێوەرەسمێکی فەرمیی گەڕایەوە تورکیا.