Yusuf Aydın Deniz,Muhammet Ali Kemal
08 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2019
ئه‌نقه‌ره - AA
وه‌زیری به‌رگریی توركیا، خولوسی ئاكار رایگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ خوشك و برا كورده‌كانمان هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه. ئه‌وه سه‌رله‌به‌ری درۆیه كه گوایه كورده‌كان ئامانجی سوپای توركیان. تاكه ئامانجی ئێمه تیرۆریستانن".
خولوسی ئاكار بوویه میوانی دێسكی سه‌رنووسه‌رانی ئاژانسی ئانادۆڵو، روونكردنه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به بابه‌ته‌كانی رۆژه‌ڤ دا و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی دایه‌وه.
له‌میانی گوته‌كانیدا ئاكار رایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ له ناوچه سنوورییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیدلب ده‌ورییه‌كانی رووسیا و له ناوچه له چه‌ك داماڵراوهكانیش ده‌وریه‌ی توركیا ده‌ست پێ ده‌كات".
سه‌باره‌ت به ده‌ورییه‌ی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ رووسیا له ئیدلب، گوتی: "ئه‌مه وه‌ك هه‌نگاوێكی گرنگ له‌رووی به‌رده‌وامیی ئاگربه‌ست و ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌قامگیریی ده‌بینین. ژماره‌یه‌ك هه‌ڕه‌شه هه‌بوون له‌باره‌ی به‌كارهێنانی كایه‌ی ئاسمانی ئیدلب و عه‌فرین. له‌مڕۆوه ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ش نه‌ماون".
له‌باره‌ی سووریاشه‌وه رایگه‌یاند: "گه‌وره‌ترین ناڕه‌زایه‌تیمان له رژێم شكاندنی ئاگربه‌سته. چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین كه ئاگربه‌ست په‌یڕه‌و بكه‌ین. داوا ده‌كه‌ین له رووسه‌كان كه رژێم رابگرن".
دواتر گوتی: "ئه‌گه‌ر بێت‌و هێرشه‌كان درێژه‌یان هه‌بێت و كۆچ ده‌ستپێبكات، پێمان وایه كۆچی سێ ملیۆن و نیو له دانیشتوان ته‌نها به توركیا و ئه‌ورووپاوه ناوه‌ستێت، به‌ڵكو ده‌گاته ئه‌مریكا".
پاشان رایگه‌یاند: "له ئه‌نجامی پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه له تیرۆریستان له‌رێگه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی قه‌ڵغانی فوڕات و لقی زه‌یتونه‌وه، ٣١٤ هه‌زار و ٥٩٠ كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵیان".
ئاكار هه‌روه‌ها گوتی:'' هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان له‌گه‌ڵ رژێم نییه. چاوپێككهوتنهكانمان به ته‌واوی له‌گه‌ڵ رووسه‌كانه و هه‌ندێكجاریش كه پێویست ده‌كات له‌گه‌ڵ ئێراندایه. تاكه ده‌وڵه‌ت كه به‌ره‌نگاری ده‌سته‌ویه‌خه‌ی داعش بوویه‌وه و رادیكاڵترینهكانیانی له چالاكی خست، كۆماری توركیایه".
راشیگه‌یاند: "دژی تیرۆریستانی هاوشێوه‌ی یه‌په‌گه، په‌كه‌كه، داعش، فه‌تۆ و ئهلقاعدهین. له‌گه‌ڵ هیچ گرووپێكی نه‌ژادیدا له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه له‌گه‌ڵ خوشك و برا كورده‌كانمان، هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه".
له‌باره‌ی ناوچه‌ی ئارامه‌وه، وه‌زیری به‌رگریی توركیا رایگه‌یاند: "له‌وێ كێی لێده‌بێت؟ ئه‌ندامانی هێزه چه‌كداره‌كانی سوپای توركیا له‌وێ ده‌بن. ئه‌مه به دڵنیاییه‌وه. بوونی گرووپێكی تیرۆریستی په‌كه‌كه، یه‌په‌گه له ناوچه‌یه‌كی هێنده نزیك له سنووره‌كه‌مان وه‌ك هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی بۆ سه‌ر گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان ده‌بینین. چه‌ندین جار به لایه‌نی به‌رامبه‌رمان گوتووه به‌رده‌وامیش ده‌بین له گوتنی كه رێگه به‌وه ناده‌ین".
گوتیشی: "له‌گه‌ڵ خوشك و برا كورده‌كانمان هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه. ئه‌وه سه‌رله‌به‌ری درۆیه كه گوایه كورده‌كان ئامانجی سوپای توركیان. تاكه ئامانجی ئێمه تیرۆریستانن".
له‌باره‌ی سیستمی نوێی سه‌ربازیی وڵاتهكهشییهوه، رایگه‌یاند: "كارێكه كه كاری زۆرمان له‌سه‌ر كردووه و تا ئه‌و ئاسته‌ی رێگه‌ی تێبچێت داتای مۆدێرنمان تێدا به‌كارهێناوه. ده‌توانم بڵێم كه مۆدێرنه، پێویستییه‌كانی سوپای توركیا، پێویستی مه‌شقی گه‌نجه‌كان دابین ده‌كات و گه‌یشتۆته ئه‌و راده‌یه" و ئاشكرایكرد ئه‌مڕۆ ورده‌كارییه‌كانی سیستمی نوێی سه‌ربازیی له ماڵپه‌ڕی وه‌زاره‌تی به‌رگریی داده‌نرێت.
دواتر رایگه‌یاند: "هیچ كاتێك چاومان له ئاسایش خافڵ نابێ. بۆیه هه‌ركاتێك پرسه‌كه تایبه‌ت بوو به ئاسایشی وڵاتمانه‌وه ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمان بێت ده‌یكه‌ین، چی پێویست بێت ده‌یكه‌ین. كاتێك كه شوێن و كاتی هات، له‌ژێر رێنمایی به‌ڕێز سهركۆمارماندا، سوپای توركیا له‌چوارچێوه‌ی تێگه‌یشتنی 'ئه‌گه‌ر بمرم شه‌هید و ئه‌گه‌ر بژیم ده‌به جه‌نگاوه‌ر'، ئه‌وه‌ی كه پێویست بێت بۆ ئاسایشی وڵات و گه‌له‌كه‌ی ئه‌نجامی ده‌دات".
خولوسی ئاكار هه‌روه‌ها گوتی: "رێزێكی ئێجگار زۆر له یه‌كپارچه‌یی خاك و یه‌كڕیزی سیاسیی هه‌موو وڵاتانی هاوسێمان له سه‌روویانه‌وه سووریا و عێراق ده‌گرین. ئێمه له خه‌می ئاسایشی وڵات و گه‌له‌كه‌مانداین".
ئاكار له‌باره‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی فه‌تۆوه رایگه‌یاند: "تا ئێستا ١٥ هه‌زار و ٦٢١ كه‌س له سوپای توركیا دوورخراونه‌ته‌وه. ٣٥٨ له‌مانه دوای ژماره‌یه‌ك قۆناغی جۆراوجۆر، گه‌ڕانه‌وه نێو سوپا. تا له فه‌تۆ پاك ببینه‌وه به‌هێز ده‌بین. ئه‌وانه‌ی ماون به هاوسۆزی زۆره‌وه به جۆش و خرۆش، خۆشه‌ویستی و چێژه‌وه به‌و ئه‌ركانه هه‌ڵده‌ستن كه پێیان سپێردراوه".
سه‌باره‌ت به لێپێچینه‌وه له دۆسیه‌ی ته‌له‌فۆنی سه‌رشه‌قام، گوتی: "٣ هه‌زار و ٧٠٣ كه‌س له كاره‌كانیان دوور خرانه‌وه، ٦ هه‌زار و ٤٨٦ ئه‌ندامی هێزه چه‌كداره‌كانی سوپای توركیا، رێكاری ئیداری و دادوه‌ریی به‌رده‌وامی هه‌یه له‌به‌رامبه‌ریان".
دواتر خولوسی ئاكار له‌باره‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌وه دوا و رایگه‌یاند: "له ١٩٨٤ه‌وه تا ئێستا ٦٦ هه‌زار و ٥٦٨ تیرۆریست له چالاكی خراون. له توركیا، باكووری عێراق و باكووری سووریا به تێكڕایی ١٧ هه‌زار تیرۆریستی لێن. ٧٥٠یان له ناوخۆی وڵاتن. سێ هه‌زار له باكووری عێراق و ١٣ هه‌زاریش له باكووری سووریا‌ن. له باكووری عێراق، له سینات-هه‌فتانین، له مه‌تینا، زاپ، له‌لایه‌كی دیكه‌وه له ئاڤاشین-باسیان و خواكورك، له پشت ئه‌وه‌شه‌وه له گارا، له پشت ئه‌ویشه‌وه له قه‌ندیل و ئاسۆس، چی پێویست بێت ئێمه ئه‌نجامیده‌ده‌ین و ناچارین ئه‌نجامی بده‌ین. بۆچی؟ له‌پێناو ئاسایشی وڵات و گه‌له‌كه‌ماندا، له‌پێناو سه‌روه‌ریی و سه‌ربه‌خۆیی و مانه‌وه‌یدا".
هه‌روه‌ها گوتی: "له ٢٤ی ته‌مووزی ٢٠١٥وه ١٤ هه‌زار و ٨٠٠ تیرۆریست، له ١ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٨ه‌وه تاكو ئێستا دوو هه‌زار و ٥٥٦ تیرۆریست له چالاكی خراون كه هه‌زار و ٧٩٥یان له ناوخۆی وڵات له چالاكی خراون. لێره ناتوانین به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خاوببینهوه، ناوه‌ستین. ئه‌م كاره تا كۆتایی ده‌به‌ین. شنگال شوێنێكه به‌رده‌وام چاودێری ده‌كه‌ین و به‌رده‌وام ئاگادارین. مه‌خموور شوێنێكه به‌رده‌وام ئاگادارین لێی".