Şerife Çetin,Ata Ufuk Şeker,Sarp Özer,
26 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2019
برۆکسل - AA
وەزیری بەرگری تورکیا خولوسی ئاکار لە بارەگای ناتۆ و لەپەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ھاوپەیمانییەکەدا، لەگەڵ رۆژنامەنووسان کۆبوویەوە.
ئاکار ئاماژەی بەوەدا کە سنوورەکانی تورکیا بەجۆرێک لە جۆرەکان سنووری ناتۆیە و گوتی، "ئەوەی ئێمە دەیکەین تەنیا پاراستنی وڵاتمان نییە بەڵکو سنوورەکانی ناتۆش دەپارێزین. ئێمە لەوێ ئەگەر تیرۆریستەکان نەوەستێنین، رەنگدانەوەی ئەمە بە روون و ئاشکرایی دەبینرێت".
لەبارەی ھەندێک لە زانیاری نادروست لەسەروبەندی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە ئاکار گوتی، "لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا ھیچ جۆرە پێشێلکارییەکی مافی مرۆڤ، بەکارھێنانی چەکی کیمیایی بوونی نییە. لێرەدا پروپاگەندەیەکی رەشی جدی لەئارادایە".
ئاکار ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی سەرەکی تورکیا پاراستنی سنوورەکان و خەڵکی خۆیەتی و گوتی، "ھەڕەشەیەکی جددی ھەیە بەرامبەر وڵاتەکەمان و گەلەکەمان. لە داعش و پەکەکە/یەپەگە. ئێمە دەمانەوێت رێگری لەمانە بکەین. ھەڵبەت دەمانەوێت لەگەڵ ھاوپەیمانەکانماندا ئەمە بکەین. بەڵام ئەگەر کاردانەوەی پێویست نەبوو، ئەوا ئێمە ناتوانین زیاتر چاوەڕێ بکەین".
ئاکار وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و لە وەڵامی پرسیاری، "ئایا ئەوە دەوڵەتانی بیانین کە ناخوازن دان بنێن بەوەی کە یەپەگەو پەکەکە یەک شتن؟ گوتی، "پرسی پەکەکە/یەپەگە زۆر ڕوونە. تیرۆریستەکان لەباکووری عێراق لە ژێر ناوی پەکەکە ھەن، بەھەمان شێوە ئەو کەسە کە چووە سووریا دەبێت یەپەگە. بۆ سەرلێتێکدانی رای گشتی جیھان ئەم جۆرە یاریانە دەکەن. ئەگەر بەلۆجیکیانە لێی بڕوانیت پرسەکە دیارە. ئەورووپیەکان، ئەمریکییەکان بە سەدانیان دەڵێن پەکەکە و یەپەگە یەکێکن".
لەبەرامبەر نیشاندانی نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە بانگھێشتکردنی یەکێک لە سەردەستەکانی رێکخراوی تیرۆریستی بۆ ئەمریکا، ئاکار گوتی، "ئەمانە لەسەرەتاوە باسی لێوە دەکرێت، لەسەر بەرزترین ئاست ئەم نیگەرانیانە باس کراوە، لەلایەن بەڕێز سەرکۆمارمانەوە ئاماژەی پێکراوە".
لەسەر پرسی بوونی بەندیخانەکانی داعش لەو شوێنانەی دەرەوەی ناوچەی ئەمنی ئاکار گوتی، "لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا و پێشتریش زانیاریمان لە ھاوپەیمانە ئەمریکییەکانمان پێگەیشت، نزیکەی ١٤ بەندیخانە ھەن. ٢ ھەزار داعشی لێیە. ئەمە لە تەلەفۆنێکدا بەڕێز ترەمپ گەیاندوویەتییە بەرێز سەرکۆمارمان. ئێمە گوتمان لەبارەی ئەمانەوە چی پێویست بێت و چیمان لەسەر بێت دەیکەین. ئامادەین بۆ ھەموو جۆرە بەرەنگارییەک. ھەروەک پێشتر لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا کردمان لەسەر زەویش بەرەنگاریان دەبینەوە. ئۆپەراسیۆن دەستی پێکرد، لەناوچەی ئۆپەراسیۆنەکەی ئێمەدا یەک بەندیخانە ھەبوو لە گرێسپی. فەرمانمان دا کە ھەرچی زووە بچنە ئەو ناوچەیە و کۆنتڕۆڵ بکرێت. کە ھاوەڵانمان چوونە ئەوێ بەندیخانەکە چۆڵ بوو. ئەوەی یەپەگە کردی یەکێکی تر بیکردایە، بەندیخانە بەتاڵ کا، ئەوانەی ئەوێ بفڕێنێت دۆخەکە چی دەبوو؟ بیر بکەنەوە".
وەزیری بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێداگیرانە بە رەچاوکردنی تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە و گوتی: "ئامانجمان تەنھا و تەنھا تیرۆریستانە. کورد خوشک و برای ئێمەن. ھیچ جیاکارییەک ناکەین. کاتێک دەڵێن 'پەکەکە/یەپەگە' و 'تیرۆریستیان' میدیای رۆژئاوا دەڵێن 'تورکیا ئۆپەراسیۆن بۆ سەر کورد ئەنجام دەدات'. شتی وا نییە. ئێمە چووینە گرێ سپی و سەرێ کانی. لەوێ عەرەب، کورد و سوریانی لێن و کێشەمان لەگەڵ کەسیان نییە سەر و گیانیان سەلامەتە".
خولوسی ئاکار بە بیری ھێنایەوە کە بە ھۆی گوشار و ستەمی پەکەکە/یەپەگە خەڵکانێکی زۆر لە پێکھاتە نەتەوەییەکان بە کوردیشەوە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە و دەربەدەر بوون، گوتی: "بۆیە ئێمە بە ئاسانی چووینەتە گرێ سپی و سەرێ کانی چونکە خەڵک لەو ناوچانە باوەشیان بۆ سوپای تورکیا کردەوە و لە ستەمکاری بێزار ببوون".
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە لەبارەی دروستکردنی ناوچەی ئارام وێڕای ئەوەی لەگەڵ ئەمریکا لە سەر زۆر تەوەر گەیشتنە لێکتێگەیشتن بەڵام لە خاڵی کۆتایی نەگەیشتنە رێککەوتن و تا دێ ئەمریکا تیرۆریستیانی یەپەگە بەھێز دەکات کە ھەڕەشەیە بۆ سەر ئەوان.
وەزیری بەرگری تورکیا ئەو دەنگۆیانەی بە تەواوی رەتکردەوە کە گوایە تورکیا لە میانی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتیدا پاکتاوی نەتەوەیی ئەنجام داوە و گوتی: "قسەکردن لە سەر پاکتاوی نەتەوەیی ئەوەندە ئاسایی نییە. قسەکردن و نووسینی ئەو ناڕاستیانە، دوورە لە رەوشت. ھەموو شتێک لە گۆڕەپانەکەدایە و راستییەکان دیارن. با بچن لێی بکۆڵنەوە بزانن شتی وا ھەیە؟ چەکی کیمیایی بەکارھێندراوە؟ ھەندێک قسە ھەیە زۆر قورس و گەورەیە بەڵام بە ئاسانی بەکاردەھێندرێت. ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئێمە بۆ پاراستنی ماف و حەقی گەل و وڵات و خوشک و برا سوورییەکانمانە. ھیچ وڵاتێک بە ئەندازەی ھەستیاری ئێمە ئۆپەراسیۆنی ئەنجام نەداوە کە پاراستنی پێکھاتەکان ھێندە بە ھەند وەربگرێت".
خولوسی ئاکار ئاماژەی بەوە دا کە ھاوکارییە مرۆیی و فریاگوزاری تەندروستی لە گرێ سپی و سەرێ کانی بەردەوامن بۆ ھاووڵاتییانی سووری، گوتی: "بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی سۆچی تیرۆریستان بەرەو باشوور ٣٠ کیلۆمەتر دەکرێنە دەرەوە. ١٥٠ کاتژمێر لە کاتژمێر ١٨:٠٠ی رۆژی ٢٩ی تشرینی یەکەم کۆتایی پێ دێت. تا ئەو کاتی لە نزیکەوە چاودێری رووداوەکان دەکەین. دواتر بە پێی دۆخەکە ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین و ھەڵسوکەوت دەکەین".
وەزیری بەرگری تورکیا خولوسی ئاکار لەبارەی یادداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەی سۆچی گوتی: "زۆر ئاسایی، بە پێی پلان بەڕێوەدەچێت".