Mohammed Baqi Hussein
12 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2015
ئهنقهره
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ریپۆرتاجێكیدا بۆ كەناڵی جەزیرەی قەتەری، وەڵامی پرسیارەكانی سەبارەت بە پێشهاتەكان دایەوە.
ئەردۆغان باسی لە كاردانەوەی حكوومەتی عێراق لەسەر ئاڵوگۆڕی هێزەكەی سوپای توركیا لە مووسڵ كرد و ئەوەی وەبیرهێنایەوە، عێراق لەسەر گرتنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە و هەوڵی بڵاوبوونەوەیان بە هەرێمی كوردستاندا داواكاری لە توركیا هەبووە.
ئەردۆغان گوتی: "وەك دەزانن كۆتایی ساڵی 2002یش عێراق لەكێشەدا بوو، لەو قۆناغەشدا داواكارییان لە ئێمە هەبوو، لەوكاتەدا ژمارەیەك سەربازمان لەوێ بوو. ئەم رووداوەیش زۆر جیاوازە، چونكە رێكخراوێكی تیرۆریستی چووبوونە نێو مووسڵەووە، دواتر داعش دەستی بە سیاسەتی بڵاوبوونەوە بە باكووری عێراقدا كرد و بەڕێز عەبادی لە سەردانەكەی بۆ توركیا ساڵی رابردوو بەمەبەستی مەشق و راهێنانی سەربازی داواكاری لە ئێمە هەبوو. ئێمەش لەسەر ئەو داواكارییە كەمپی بەعشیقەمان كردەوە. زانیاری سەبارەت بە هەموو ئەمانە هەیە و ئاگادارە".
ئەردۆغان بەمجۆرە درێژەی بە وتەكانی دا و گوتی: "ئێستا لێی ناپرسن كاتێك كەمپی بەعشیقە درووست كرا لەكوێ بووی؟ لەو رۆژەوە دەنگت نەهاتووە و ئێستا دوای هەندێك پێشهاتی نوێی ناوچەكە هەنگاوێكی لەوجۆرە دەنێیت. ئێمە بەمەبەستی بەهێزتركردنی كەمپی بەعشیقە هێزەكانی كەمپەكەمان زیاتر كرد و ئەمانە تەنها وەك هێزێكی شەڕكەر لەوێ نین، زیاتر وەك راهێنەر و مەشقپێكەر لەوێن. بێگومان ئەمەش هێزی ئاسمانی و وشكانی و مەشق و راهێنان و پڕچەككردن دەگرێتەوە. لەبەرئەوە ئەو سەبازانەمان كاری مەشق و پڕچەككردن جێبەجێ دەكەن. وەك هێزی شەڕكەریش هێزەكانی پێشمەرگە كە مەشقیان پێ كراوە ئەو كارە دەكەن".
ئەردۆغان رایگەیاند "هەوڵی گەیاندنی بابەتەكە لەلایەن عێراقەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش سروشتیترین مافە، بەڵام ئەوە هەنگاوێكی راستگۆیانە نییە".
لەوەڵامی پرسیارێك لەبارەی زیادكردن یان زیاد نەكردنی هێزەكەی بەعشیقەدا ئەردۆغان رایگەیاند "ژمارەی ئەفسەر و سەربازانی مەشقپێكەر ئەوە دیاری دەكات".
- "لەپشت پێشهاتەكانی سووریاشەوە وەك عێراق تێڕوانینێكی مەزهەبی هەیە"
ئەردۆغان ئاماژەی بەو وڵاتانە كرد كە لەناوچەكەدا لەسەر بنەمای مەزهەبگەرایی سیاسەت دەكەن و جەختی كردەوە كە توركیا دژی مەزهەبگەراییە.
گوتیشی: "ژمارەیەكی زۆر عەرەب كە لە ناوچەكەدا دەژین مافەكانیان لەدەستداوە. بەداخەوە حكوومەتێكی دادپەروەر لە عێراق نابینین. لەبەرئەوە خەڵكی نیگەرانن. بەڵام ئێمە تا ئەمڕۆ وەك برا تەماشای هەموو عێراقمان كردووە و لەئێستادا 300 هەزار عێراقی لەخاك و كەمپەكانی ئێمەدان. ئێمە لە كەمپەكاندا خزمەتی ئەوان دەكەین، جلوبەرگ و خۆراك و تەندروستی و هەموو پێداویستییەكانیان بۆ دابین دەكەین. 300 هەزار مرۆڤ، وڵاتانی دیكە ئەمە ناكەن. ئەگەر ئەمە نەبینن ئەوە سپڵەییە. بەداخەوە عێراق لەگەڵ ئێران لەسەر مەزهەبگەراییە. بە پەژارەوە ئەمە دەبینین، لە هەماهەنگیدان و ئەو هەماهەنگییە لە سووریاش بەردەوامە. چی لە پشت كێشەی سووریاوەیە؟ ئەویش هەر مەزهەبگەراییە."
- "بەبیانووی داعش چوونە نێو سووریاوە"
لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی كە ئایا بە ئاگارداری و هەماهەنگی ئەمریكا فڕۆكە رووسییەكە خراوەتە خوارەوە یان نا؟، ئەردۆغان گوتی: "نەخێر، بەڵام بێگومان دواتر زانیارییمان پێدان".
ئەردۆغان رایگەیاند "ناوچەكە وەك پشتێنەیەكی ئاگری لێهاتووە و بەبیانووی داعش وڵاتان چوونەتە ناوچەكە و سووریاوە".
ئەردۆغان گوتی: "پێكدادانی جدی لەنێوان رووسیا و داعشدا و ئۆپەراسیۆن دژی داعش لەلایەن رووسیاوە شایانی باسكردن نییە".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا كە فڕۆكەكانی رووسیا زیاتر بەرەو ناوچەكانی چیای سوور و چیای توركمانی توركماننشین لە نزیك لازقییە دەفڕن و ئەو ناوچانە بۆردومان دەكەن. بەڵام لەو شوێنانەی داعشی لێ-یە، فڕۆكەكانی رووسیا بەو كارە هەڵناسن.