ئەنقەرە
پەروین بوڵدان پێشوازی لە ماڵباتی بڵاوكەری رۆژنامەی "ئازادیا وڵات" قادر باغدو و رێكخراوی رۆژنامەنووسان كرد و سەبارەت بە رۆژەڤ، وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە.
سەبارەت بە قۆناغی چارەسەریی بوڵدان گوتی: "داوای چاوپێکەوتنمان لە حكومەت نەكردووە، بەڵام سەعاتێك لەمەوبەر داواكارییەكمان پێشكەشی وەزارەتی داد كرد سەبارەت بە ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ئۆجەلان."
بوڵدان ئاماژەی بەوەكرد ماوەی 15-20 رۆژە پەیوەندی دیالۆگیان لەگەڵ حكومەت پچڕاوە، ئەوەشی بۆ "دەمەقاڵییەكانی نێوانیان" گەڕاندەوە.
جێگری فڕاكسیۆنی ھەدەپە رایگەیاند، لێدوانەكانی حكومەت لەمەڕ ھەدەپە و سەرۆكی گشتیی ھەدەپە بووە ھۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ. پەروین بوڵدان گوتی: "تا ئێستا داوای دیدارمان لە حكومەت نەكردووە، بەڵام داوای دیدارمان لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان كردووە. لەوانەیە كلیلی دوورگەی ئیمراڵی لە دەست توركیا بێ، بەڵام كلیلی ئاشتی لە دەست بەڕێز ئۆجەلانە. دیدار لەگەل ئۆجەلان زۆر پێویستە. ئێمە لەوە نیگەرانین كە ھەنگاوەكانی قۆناغەكە درێژە بكێشێ، چونکە رێگە بۆ ئیستیفزاز خۆشدەبێ. بۆیە پێویستە بە زووترین كات دیدار لەگەڵ ئۆجەڵان ئەنجام بدرێ و روونبوونی ئاسۆی قۆناغەكە بۆ ئێمە گرنگە. بۆیە ھیواخوازین حكومەتیش لەوبارەیەوە روونكردنەوەی پێویست بدا. بەر لە ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ئۆجەلان بەلانی كەمەوە دیدارێك لەگەڵ حكومەتیش ئەنجام دەدرێ، بۆیە لەوبارەیەشەوە باوەڕمان وایە ھەنگاوەكە لە حكومەتەوە بھاوێژرێ."
سەبارەت بە ھاتن و نەھاتنی نامەی ئۆجەلان، بوڵدان گوتی: "نەخێر نەھاتووە. ئێمە لەگەڵ ئۆجەلان و پارێزەر و ماڵباتی ئۆجەلان دیدارمان ئەنجام نەداوە، ھاوكات ئاگادارین كە حكومەتیش ھیچ دیدارێكی ئەنجام نەداوە. ھەروەھا ناشزانین لەگەڵ شاندی دەوڵەت دیداریان ئەنجامداوە یان نا، چونكە ئێمەش ناتوانین بڕۆین بۆ ئەوێ. سەبارەت بە رووداوەكانی ئەم دواییە ھیچ نامەیەك لە لایەن ئۆجەلانەوە بەدەستمان نەگەیشتووە."
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەكرد كە ژمارەیەكی زۆر رووداوی كوشتن روودەدا، ماوە ماوە رۆژنامەنووس، پیاوكار، سیاسەتمەدار، رۆشنبیر، نووسەر و خەڵكی سڤیل دەكوژرێ. زیاتر لە 17 ھەزار دۆسیەی كوشتن ھەیە "بەڵام تاوانبارەكانیان نەدراونەتە دادگا"، بوڵدان ئەو رووداوانە بە "برینە خوێناوییەكەی توركیا" ناوزەندكرد.
خێزانی قادر باغدو، شەمسە باغدو، بە كوردی قسەی كرد و داوای لە حكومەت كرد ھەرچی زووە تاوانبارانی كوشتنی مێردەكەی بدرێتە دادگا و بە پێچەوانەوە دەوڵەت بە بەرپرسیار دەزانێ لە كوژرانی مێردەكەی.
ھاوكات برای قادر باغدو، تانێر باغدو، گوتی: "داوا دەكەین بكوژی براكەم بدۆزرێتەوە، شەوان خەومان لێناكەوێ."