Kaan Bozdoğan
08 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2022
ئیستانبوڵ - AA
قەیسەری ئیستانبوڵ کە لە سەردەمی سوڵتان محەمەد فاتیح و لە ساڵی ١٤٦٠ دروست کراوە، تا ئێستاش یەکێکە لە ناوەندە بازرگانییەکانی شارەکە.
زەکەریا شەنکاردێش، خاوەنی بچوکترین دوکانی قەیسەرییەکەیە و ماوەی ٢٣ ساڵە لەو دوکانەدا خەریکی کاری سەعاتچێتییە.
شەنکاردێشی تەمەن ٦٦ ساڵ، لە منداڵیدا وەک شاگرد لای خاڵی کاری سەعاتچێتی کردوە، دواتر چووەتە کارگەیەک و لە ساڵی ١٩٩٩ەشەوە دوکانی خۆی کردوەتەوە و تا ئێستا لەم پیشەیە بەردەوامە.
ناوبراو دەربارەی ئەزموونی کار کردنی خۆی رایگەیاند "پێشتر لە کارگەیەک کارم دەکرد، کاتێک کارگەکە داخرا من بێکار مامەوە. لەبەر ئەوەی زاواکەم لە قەیسەری کاری دەکرد داوام لێکرد شوێنێکم بۆ بدۆزێتەوە، ئەویش پێیگوتم 'بابە شوێنێک هەیە بەڵام زۆر بچوکە، دەتوانیت تیایدا کار بکەیت؟' منیش پێمگوت 'گەورە و بچوکی شوێنەکە کێشە نییە' و لێرە دەستم بە کار کرد. بەم شێوەیە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لێرە کار دەکەم".
شەنکاردێش، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کار کردن لە دوکانێکی نیومەتریدا قورسە، بەڵام بەو دۆخە راهاتووە و خۆشحاڵە بەوەی لە قەیسەریدا کار دەکات، گوتیشی: "لە ساڵی ١٩٩٩دا ئێرەم بە کرێ گرت، بەڵام کاتێک دواتر کێشم زیادی کرد، لە کاتی هاتنەدەرەوە و چوونە ناو دوکانەکە کێشەم بۆ دروست بوو. دواتر دوکانەکەم نۆژەن کردەوە و دەرگایەکم بۆ کرد، ئێستا هاتوچۆ ئاسانە، هەوڵیش دەدەم کێشم زیاد نەکات".