Yıldız Nevin Gündoğmuş
02 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 03 مای,س 2024
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "جگە لە مشتێک دەوڵەتمەداری خاوەن ویژدان، ھیچ سەرکردەیەکی ڕۆژئاوایی کاردانەوەی بەرامبەر دیمەنە دڕندەییەکان نیشان نەدا. کەسێکی بوێر نەبوو بە ئیسرائیل بڵێ 'بەسە ئیتر'. چەند مانگێکە بوێرییان نیشان نەدا و داوای ئاگربەستیان نەکرد".
لە میانی بەشداری کردنی لە "وۆرکشۆپی پەرەپێدان و ڕاهێنانی توانای یەکێتیی نێودەوڵەتی دیموکراتەکان" کە لە هۆڵی پێشانگا لە سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچوو، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە لە خاڵی بەرەنگاربوونەوەی ڕق و کینەدا لە ئەورووپا جیاکاریی هەیە و، لەم جۆرە ڕووداوانەدا زیاد لە تاوانەکە زیاتر کار لەسەر ناسنامەی قوربانییەکە دەکرێت و ڕایگەیاند: "بەداخەوە ئەو هەستیارییەی بەرامبەر دژە جوولەکەگەرایی نیشان دەدرێت، بەرامبەر دوژمنایەتی کردنی ئیسلام و ئەو هێرشانەی سەرچاوەکەیان ڕەگەزپەرستین بەدی ناکرێت".
گوتیشی: "وەک وڵاتێک کە دەیان هاووڵاتی لە دەرەوەی وڵات دەژین و بوونەتە قوربانیی تیرۆری ڕەگەزپەرستی، ناتوانین بێدەنگ بین بەرامبەر ئەم ڕووداوە قێزەونانە".
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێدەچێت نموونەی ئەم جۆرە سیاسەتی دووفاقیە ڕوو لە هەڵکشان بکات و، ڕایگەیاند: "ئەو ڕاستییەی کە هەموو ئەوانەی چاودێری سیاسەتی ئەورووپا دەکەن پەسەندی دەکەن ئەوەیە تیرۆری نیۆنازی کە ئەمڕۆ بە ڕق و کینە لە تورک و مۆسڵمان گۆشت دەکرێت، گەیشتووەتە ئاستێک کە هەڕەشە لە ئاسایشی گیان و ماڵی خەڵکەکەمان دەکات. پاسەوانی کردنی تەوژمی ڕاستڕەوی توندئاژۆ لەلایەن خودی دەوڵەتانەوە لە وڵاتانی ئەورووپا، کارەسات و شەرمەزارییە بۆ دیموکراسییەتی ڕۆژئاوا".
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە زیادبوونی ئەو کەمپینانەی لەم دواییانەدا کەسایەتی و وڵاتەکەمان دەکەنە ئامانج ڕێککەوت نییە. ئەم کەمپینانە یەک ئامانجیان هەیە، ئەویش بێدەنگ کردنی ئێمە و تورکیایە.
ڕاشیگەیاند: "ئەوانەی بە ڕاست و چەپ بنەمای مافەکانی مرۆڤ ئامادە دەکەن، تەنیا تەماشاکار بوون بۆ گیانلەدەستدانی ٣٥ هەزار فەڵەستینی کە ١٥ هەزاریان منداڵن".
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە تورکیا تەنیا هەڵوێستی بەرامبەر پرسی دژایەتی کردنی ئیسلام و بیانیی نەگرتووەتەبەر، بەڵکو لە قەیرانی غەززەشدا هەڵوێستێکی بوێرانەی نیشاندا کە حەوت مانگە درێژەی هەیە و گوتی : "هەردەم ئەو کۆمەڵکوژیەی ئیسرائیل دەرهەق بەخوشک و برایانی غەززەییمان پەیڕەوی دەکات لە ڕۆژەڤماندا بووە. سەرەڕای هەموو گوشارەکانی لۆبی زایۆنیزمی جیهانی بەردەوامین لەم هەڵوێستەمان".
ئەردۆغان تیشکی خستەسەر ئەوەی کە سنوورەکانی دیموکراسی ڕۆژئاوا بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەیکێشێت و ڕایگەیاند: "هەر شتێک لە بەرژەوەندی ئیسرائیل بدات، لەبەرچاوی ئەماندا دژە دیموکراسیی و دژە جولەکەگەراییە".
گوتیشی: "هەر وەک چۆن دژی هەموو جۆرە دوژمنایەتییەکی ئیسلام و دژایەتیی کردنێکی بیانیی و ڕەگەزپەرستییەکی کلتووریین، بە هەمان شێوە دژە جولەکەگەرایی ڕەت دەکەینەوە".