موغڵە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند پارت و حکومەتێکی وا نین بەگوێرەی رێژەی بەدەستھێنانی دەنگ لە ھەر پارێزگا و شار و شارۆچکەیەکی تورکیا خزمەت بکەن و گوتی "لە پارێزگاری ھەکاری دەنگیان بە پارتەکەمان نەدا، بەڵام خزمەتی ئەو پارێزگایەشمان کردوە. لە بواری پەروەردە، تەندروستی و گواستنەوەدا پێویستی بە چی بووبێ بۆمان کردوە، ئێستاش خەریکە فرۆکەخانەکە تەواو دەکەین. سەرەڕای ھەموو کۆسپەکان دیسان کردمان و ھەر دەکەین."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا لە رۆژئاوای تورکیا فرۆکەخانەیان دروست کردوە و لە شەڕنەخی رۆژھەڵاتیش ھەمان شتیان کردوە "دیسان ھەمان شتیان گوت، گوتیان بۆچی دەیکەن؟ گوتمان "دەیکەین!، لەبەرئەوەی خەڵک لێرە دەژین؟ بەڵێ دەژین، ھاوڵاتیەکانم دەژین؟ بەڵێ. ئەم خاکە بەشێکە لە کۆماری تورکیا؟ بەڵێ. گوتمان، ئەوکاتە ھەمو جێیەکی ئێرە، چۆن رۆژئاوای تورکیا ئاوەدان دەکەینەوە رۆژھەڵاتیشی ئاوەدان دەکەینەوە، چونکە ئەگەر ٧٨٠ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەی نیشتمانەکەمان وەکو یەک ئاوەدان نەکەینەوە ئەو کاتە کەرەستە بۆ لایەنگرانی تیرۆریزم دادەھێنین. گوتمان ئەم کەرەستەیە نادەینە دەستیان. سوپاس بۆ خوا ئێستا ئەو وەبەرھێنانەی کە رۆژھەڵات، باشوری رۆژھەڵات، رۆژھەڵاتی دەریای رەش، ناوەراستی ئەناتۆلیا بەخۆیانەوە دیوە، لە مێژوودا بەخۆیانەوە نەدیوە. پرۆسەکە لەمەودواش بەردەوام دەبێ.