Mazın Asad
05 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2017
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار لەگەڵ پیاو ماقولانی ناوچەکانی رۆژھەڵات و باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵو کۆبووەوە و تیایدا گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان لەبارەی ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند: ''ئەو رووداوەی کە پێی دەگوترێت ریفراندۆم، ھۆکارە نەک دەرەنجام. ئەنجامەکە لەمەودوایە. لێرەدا کارەکە تەواونەبووە، بەڵکو تەنھا دەستیپێکردووە. لە لایەکەوە ئێران و لە باکوورەوە تورکیا و لە باشوورەوە حکوومەتی عێراق و لە خۆرئاواوە سووریا. چی دەکەیت؟ دەچی بۆ کوێ؟ چۆن دەرباز دەبیت؟ فەرموون ئێستا ھەموو کایە ئاسمانییەکان داخران، ھەموو گەشتەکان قەدەغەکران. کێ دێت و چۆن دەڕۆیت؟ لە داھاتوویەکی نزیکدا سنوورەکانیش دادەخرێن. ئیتر چۆن دێن و دەچن؟''.
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە ئەو جوگرافیا دێرینەی ئێمە تیایدا دەژین، بە سەردەمێکی زۆر پڕئازار، لەرزین و ناھەمواردا تێدەپەڕێت و گوتیشی: "لە قۆناغێکداین کە کارتەکان دووبارە تێکەڵکراونەتەوە و نەخشەکان دووبارە خراونەتەوە سەر مێز. ھاوشێوەی ئەوەی سەدەی رابردوو، وشەی نھێنی ئەم قۆناغەش بریتییە لە 'دابەشیکە، پارچەپارچەی بکە، حوکمی بکە و تەنانەت قوتی بدە'. ئەم تاکتیکە کە لانکەکانی ئیمپریالیزمی گەردوونیی چەندین ساڵە لەو ناوچانەی کە بەدەستیانەوەیە یان دەستیان پێی گەیشتووە، بەسەرکەوتوویی جێبەجێیان کردووە. لە ئێستادا دووبارە لە ناوچەکەماندا خراوەتەوە بەرکار''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "بێ ھیچ گومانێک گەورەترین بەربەست لەبەردەم ئەو سیناریۆ خوێناویەدا کە ئاراستەی ناوچەکەمان کراوە تورکیایە. سەرکەوتنی ئەو گەمەیە پەیوەستە بە لاوازبوون، رێگریلێکردن و کەوتنی تورکیاوە. لەبەرئەوەی تورکیای بەھێز واتا 'متمانەی سەقامگیری و ئاسوودەیی ھەرێمی '. تورکیا کە کاریگەرە لە سیاسەتی دەرەوەدا، واتا 'ئەو وڵاتەی کە پیلانە داڕێژراوەکان دەداتەوە بەسەر خاوەنەکانیاندا' ".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا ئەو یارییانەی تێک دەدات کە ناوچەکە ئەنجام دەدرێت و گوتیشی: "ئامانج لەو یاریانەی بۆ دابەشکردن و پارچەکردنی سووریا و عێراق و ھاندانی نەتەوەیی و مەزھەبگەرایی دەکرێن گەمارۆدانی تورکیایە لە باشوورەوە. ئەو گەمارۆدانە تەنھا گوزارشت لە چالاکی فیزیکی سنوورەکانمان ناکەن. باس لە یارییەک دەکەم کە وڵاتی ئێمەش دەگرێتەوە. بە پشتیوانی خوا و لێھاتوویی گەلەکەمان وەک چۆن ھێرشەکانی دیکەمان پووچەڵکردوونەتەوە ئەو یارییەش تێکدەدەین. گومانم لەوە نییە".
سەبارەت بە ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان، ئەردۆغان رایگەیاند: ''ئەو رووداوەی کە پێی دەگوترێت ریفراندۆم، ھۆکارە نەک دەرئەنجام. ئەنجامەکە لەمەودوایە. لێرەدا کارەکە تەواونەبووە، بەڵکو تەنھا دەستیپێکردووە. لە لایەکەوە ئێران و لە باکوورەوە تورکیا و لە باشوورەوە حکوومەتی عێراق و لە خۆرئاواوە سووریا. چی دەکەیت؟ دەچی بۆ کوێ؟ چۆن دەرباز دەبیت؟ فەرموون ئێستا ھەموو کایە ئاسمانییەکان داخران، ھەموو گەشتەکان قەدەغەکران. کێ دێت و چۆن دەڕۆیت؟ لە داھاتوویەکی نزیکدا سنوورەکانیش دادەخرێن. ئیتر چۆن دێن و دەچن؟''.
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "دژایەتیکردن و کاردانەوە بەرامبەر گشتپرسییەکەی ھەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن تورکیاوە ھیچ پەیوەندییەکی بە کورد و کوردبوونەوە نییە. کاردانەوەی ئێمە لەسەر ئەوەیە کە عێراق پێویستی بە یەکپارچەیی و یەکبوونە. ھەروەھا لەکاتێکدا کە ھیچ پێویست نەبێت و بەبێ ئەوەی پرسیشمان پێ بکرێت بۆ ئەو ھەنگاوەیە. ئەو کارە سووکایەتی کردنە بە یەکپارچەیی خاکی عێراق".
ئەردۆغان ھەر لەبارەی ریفراندۆمەکەی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "ئێمە رێگە بەوە نادەین لەبەر ھاتنە دی خەونی منداڵێتیی کەسانێک ئاسایشی وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان بخەینە مەترسییەوە. خۆئامادەکاری و گوتنی 'لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا خەونم ھەبوو، ئێستا کاتی ھێنانەدی ئەو خەیاڵانەمە. دوای ئەوە زۆر پەیوەندی بە منەوە نییە' خەیاڵپڵاوییە".
سەرکۆماری تورکیا لە درێژەدا ھەروەھا گوتی: "کێ رێنماییت دەکات؟ تەنھا لە پشتت ئیسرائیل ھەیە. لە لای راستتدا وەزیری پێشووی فەڕەنسات داناوە و لە لای چەپیشت جوولەکەیەکی دیکەت داناوە و لەگەڵ ئەواندا پێکەوە لەسەر مێز کار دەکەن. ئەوانە دۆستی تۆ نین، دۆست نین. ئەوانە ئەمڕۆ لە لات دەبن و سبەی نامێنن. تۆ دەبێت سەیری ئێمە بکەیت".
لەبارەی کودەتاکەی ١٥ی تەمووز، ئەردۆغان رایگەیاند: "دوێنێ بڕیاری دادگا لەبارەی بەشێک لە ئەنجامدەرانی ھەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووزەوە دەرچوو. ئەو جیھانە جیھانی ئەوەیە چی بچێنیت ئەوە دەدوریتەوە. ئەگەر راستگۆ و دروست نەبیت، ئەوا سزاکەی لەم جیھانەدا و، باجەکەی لە جیھانی ئەبەدیدا دەدەیتەوە. ئەوانە راستگۆ و دروست نین. ئەو ھەنگاوانەیان بۆ بەشبەشکردن و دابەشکردنی ئەم وڵاتە ھەڵنا و، ئێمەیش تا کۆتایی بەردەوام دەبین لەسەر خەباتەکەمان".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی رێکخراوانی تیرۆریستییەوە گوتی: "بۆ ئێمە پەکەکە چی بێت، فەتۆش ھەمان شتە. بۆ ئێمە داعش چی بێت، DHKP-Cە و رێکخراوە ھاوشێوەکانی ھەمان شتن. لەم خاکەدا رێگە بە ھیچ رێکخراوێک نادەین کە زیان بە وڵات و گەل و ئایندەمان بگەیەنێت. ھەر کەسێک راستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە رێکخراوە تیرۆریستیەکان بکات، مافی سوود وەرگرتنی لە دەرفەتەکانی وڵات نییە".