Sangar Hamad Azeez
12 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2016
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سکاڵای لەسەر پێشکەشکاری کەناڵی 'ZDF'ی ئەڵمانی یان بویمەرمان تۆمار کرد بەهۆی ئەوەی بە خوێندنەوەی شیعرێک لە کەناڵەکە سووکایەتی بە ناوبراو کردووە.
بە گوێرەی روونکردنەوەیەکی داواکاری گشتیی شاری ماینز باشووری رۆژئاوای ئەلمانیا، کە لەسەر داوای ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنووسانی تورکیا روونکردنەوەکەی دا، سەرکۆماری تورکیا بەپێی مادەی ١٨٥ی یاسای سزادانی ئەڵمانیا، بە تۆمەتی سووکایەتی کردن سکاڵای لەسەر یان بۆیمەرمان تۆمار کردووە .
پێشووتر تورکیا وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای ئاگادارکردبۆوە لە بابەتەکە و بە پشت بەستن بە ماددەکانی ١٠٣ و ١٨٥ لە یاسای سزادانی ئەڵمانیا، داوای لێپێچینەوەی کردبوو لەگەڵ پێشکەشکاری کەناڵی 'ZDF'ی ئەڵمانی یان بویمەرمان.
لە بەرامبەردا گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا، ستێفان سایبێرت گوتی: " لە چەند رۆژی داهاتوودا بە فەرمی وەڵامی تورکیا دەدەینەوە و دواتر داوکاری گشتیی شاری ماینز دەستی بە لێکۆلینەوە کرد لەسەر بابەتەکە".