Abdullah Shukur
24 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2016
ئیستانبوڵ
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ئەگەر لەگەڵ ئەمریکا لە قۆناغی نوێ ھاوکاری یەکتر بکەین، ئەوا لە دوای منبج نۆرەی رەققە دێت. بانگھێشتی ئەوانە دەکەم کە دەڵێن "جیھان بە ئێمە چی" پێیان دەڵێم کە ئێمە لەم جیھانە دەژین و تورکیاش ھێزێکی جیھانییە. دەبێ ئەوە بزانن".
ئەردۆغان لە کردنەوەی کامپوسی "شەھید ئەرۆل ئۆڵچاک" لە شاری ئیستانبوڵ وتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان باسی لە گرنگی پێکھێنانی ناوچەیەکی ئارام لە سووریای کرد و گوتی: "پێویستە ناوچەیەکی ئارام و پاککراوە لە تیرۆر پێکبھێنین. ئەوەم بە ئەمریکا، رووسیا و ئێرانیش گوتووە. لە باکووری سووریا ناوچەیەکی ئارام پێکدێنین و رێگە لە دروستکردنی دەوڵەتێکی دیکە لەو ناوچەیە دەگرین. کەس ناتونێت لەم شوێنە ھەڕەشە لە کلیس،عەنتاب و ئورفا بکات".
ئەردۆغان ئەوەی بەبیرھێنایەوە کە لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت و لەگەڵ ئەوانەش تاوتوێی رەوشی ناوچەکە دەکەن.
ئەردۆغان جەختیشی لەوە کردەوە کە ٤٥ ھەزار کەس لە حەلەب رزگار کراون و بۆ شاری ئیدلیب گواستراونەتەوە. گوتیشی: "ئەگەر پێویست بکات ئەوا ئەوانیش رادەکێشینە نێو خاکی خۆمان. ئێستاش لە ھەنگاوی یەکەم لە شاری ئیدلیب، گشت ھاوکارییەکانی وەک خواردن و جلوبەرگیان بۆ دابینکراوە. دوینێ لەگەڵ بەرێز پوتین گفتوگۆمان کرد. سوپاسی ئێمەی کرد و گوتی"ئەگەر ھاوکاری و پێداگری ئێوە نەبوایە ئەوا ھەرگیز ئەم قۆناغە وا بە ئاسانی بەڕێوە نەدەچوو".
ئەردۆغان زیاتر گوتی: "ئەگەر لەگەڵ ئەمریکا لە قۆناغی نوێ ھاوکاری یەکتر بکەین، ئەوا لە دوای منبج نۆرەی رەققە دێت. بانگھێشتی ئەوانە دەکەم کە دەڵێن "جیھان بە ئێمە چی" پێیان دەڵێم کە ئێمە لەم جیھانە دەژین و تورکیاش ھێزێکی جیھانییە. دەبێ ئەوە بزانن".