پاریس
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پرێس كۆنفرانسێكەی دا كە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا سازكرد، لە وەڵامی پرسیاری، "لە بەرچی پێشمەرگە تا ئێستا چاوەڕوان دەكات و بۆ كۆبانێ ناپەڕێ" گوتی: "پێشمەرگە چاوەڕوانی فەرمانی ھەولێرە، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو چەكانەی كە لەگەڵ خۆیانەوە ھێناون بچنە كۆبانێ."
ئەردۆغان ھەروەھا سەبارەت بە دەنگۆی كە توركیا رێگری تێپەڕبوونی پێشمەرگە دەكات گوتی: "ئەم ھەواڵە بنچینەی نییە و درۆیە. ئێمە ھەوڵمانداوە بۆ ھاتنی پێشمەرگە. ھەروەھا سوپای ئازادیش لە توركیاوە بۆ كۆبانێ تێپەڕی. پێشمەرگە لەگەڵ ئەو ھەموو پێداویستی، كەلوپەل و ئامێرەكانیان ھاتنە وڵاتەكەمان و ئێمە پێشمەرگەكان بە فڕۆكە بۆ فڕۆكەخانەی ئورفامان ھێناوە. ھێشتاش ئیسترەحەتی دەكەن. پێداویستی و كەلوپەلەكانیانیش ھاتوونە. ماوەی دوو رۆژە كە لە لای ئێمەن. چاوەڕوانی فەرمانن لە ھەولێرەوە. چونكە ھەواڵیان پێگەیشت كە ئەو چەكانەی لەگەڵ خۆیانەوە ھێناون گونجاو نین لە تێپەڕبوونی سنووریدا."