Mazın Asad
28 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان: "بابەتی سووریا و عێراق لە ناوچەکە گرنگی زۆر بۆ تورکیا-بەریتانیا لە خۆ دەگرێت. دەمانەوێت قۆناغی ھەماھەنگی تورکیا و ھێزەکانی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بەشێوەیەکی جیاوازتر بەرەو پێش بچێت. لەبارەی ئەم بابەتانەوە قسەمان کرد".
ئەردۆغان لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا تێرێزا مەی کرد.
دوای کۆبوونەوەکە، ھەردوو سەرکردە لێدوانێکیان دا بە رۆژنامەوانان و تێدا ئەردۆغان رایگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا تێرێزا مەی ئەنجام داوە و بەھۆیەوە ھیوای خواست کۆبوونەوەکە ببێتە ھەڵێکی باش بۆ ھەردوو وڵات.
ئەردۆغان گوتیشی: "لە رووی سیاسی، سەربازیی، ئابووری، بازرگانی و کلتوورییەوە گشت پرسەکانی ناوچەیی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرمان تاوتوێ کرد".
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش دا کە لە رووی سیاسییەوە تورکیا و بەریتانیا دەتوانن پێکەوە بە ھاوبەشی جموجۆڵ بکەن و گوتیشی: "لە رووسی سەربازیشەوە وەک دوو وڵاتی ئەندام لە ناتۆ، بەردەوام لە ھەماھەنگیداین و بەو شێوەیە درێژە بە کارەکانمان دەدەین. لە کۆبوونەوەکەدا دەرفەتی ئەوەمان بۆ رەخسا کە ئاخۆ لە قۆناغی داھاتوودا چی بکەین و لە بواری پیشەسازی بەرگری پێکەوە چ ھەنگاوێکی ھاوبەش بنێین".
ئەردۆغان لە درێژەدا گوتیشی: "بابەتی سووریا و عێراق لە ناوچەکە گرنگی زۆر بۆ تورکیا-بەریتانیا لە خۆ دەگرێت. دەمانەوێت قۆناغی ھەماھەنگی تورکیا و ھێزەکانی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بەشێوەیەکی جیاوازتر بەرەو پێش بچێت. لەبارەی ئەم بابەتانەوە قسەمان کرد. ھاوکات ھەڵسەنگاندنمان دەربارەی قۆناغی ئاستانا کرد و دواتر تاوتوێی قۆناغی جنێڤ-مان کرد کە بەم زووانە دەست پێدەکات. ھەنگاوێکی گرنگیش پرسی سۆماڵ و پرسی قوبرس بوو. چونکە دیارە سێ وڵاتی گەرەنتیدەر ھەیە و بۆیە تاوتوێی پرسی قوبرسمان کرد کە وەک تورکیا، یۆنان و بەریتانیا چ ھەنگاوێک لەوبارەیەوە بنێین. من بەڕاستی ھەم لە خوانەکە و ھەمیش لە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکەدا خۆشحاڵ بووم بە ھاوێشتنی ئەو ھەنگاوانە و پێموایە لە قۆناغی داھاتووشدا ئەم کارە بەسەرکەوتووانە بەردەوام دەبێت. ھاوکات پێموایە ھەم بە کۆبوونەوەکانی نێوان رێکخستنی ھەواڵگریمان و ھەمیش لە دیدارەکان لە رووی بەرگرییەوە لەگەڵ یەکتر، ئەم قۆناغە بەھێزتر دەبێت".