ئەنقەرە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە کاتی بەشداریکردن لە سێیەمین شورای پیشەسازیی تورکیا لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: حکومەتی تورکیا ١١ ساڵە بە شێوەی جیاجیا دەستی بە ھەنگاونان بۆ چارەسەری کێشەکان و قۆناغی چارەسەری کردووە، بەڵام وەکو پێویست ئۆپۆزسیۆن، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، پیشەساز و خاوەنکاران، کەناڵەکانی راگەیاندن ھاوکارییان پێشکەشی حکومەت نەکردووە. کاتێ ئەو پرسە چارەسەرکرا، ئەوا ھەموو تورکیا سوودمەند دەبن.
ئەردۆغان گوتی: "بۆ سەرمایەی جیھانی، زانیاریی شتێکی گرنگە کە کەس ناتوانێ گرنگی پێ نەدا چونکە فاکتەرێکی سەرەکی سەرکەوتنە. بە ھۆی زۆربوونی نفوزو زیاتر بوونی پێداویستیی جیھان، چی دیکە کەس ناتوانێ بە رێبازە کلاسییەکان وەڵامی ئەو داواکارییانە بداتەوە. دوو پێکھاتەی تایبەت ھەن بۆ وەبەرھێنانی زانیاریی و چاودێری کردنی زانیارییەکان، ئەگەر چاودێریکردن ھۆیەک بێ بۆ مانەوە ئەوا وەبەرھێنان و بە دەست ھێنانی زانیاریی ھۆیەکی گرنگی پێشکەوتن و سەرکەوتنە، ئەوانەی کە لاسایی دەکەنەوە چارەنووسیان تەنیا و تەنیا دواکەوتووییە، ئەو ئابورییە کە لە سەر بنەمای لاساییکردنەوەی سیستەمێکی دیکە دامەزرابێ بە ھیچ شێوەیەک ناتوانێ ببێتە ئابوورییەکی سەرکەوتوو و پێشەنگ."
ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لە سەر ئەوە کردەوە: "تورکیا لە مێژووی خۆیدا ١٦ دەوڵەتی دامەزراندووە، ئەوەیش بەو مانایە دێت کە ئێمە بووینە شاھێدی ھەڵوەشاندنەوەی ١٥ دەوڵەت، پێویستە زۆر بە جدی ھەڵوێستە لە سەر ئەو بابەتە بکەین چونکە ھۆی سەرەکی ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ١٥ دەوڵەتە بەرەژوەندییە ئیدارییەکانن، ئەو دەوڵەتانە کە رازین بەوەی کە ھەیانە، خۆیان لە گۆڕانکاریی و رێفۆرمەکان دەشارنەوە و ھەوڵ دەدەن کە بارودۆخەکە ئیدارە بدەن، لە نوێبوونەوە یا نوێکردنەوە دەترسن، بۆیە ئەو جۆرە دەوڵەتانە دێر یا زوو لە سەر رووپەلەکانی مێژوو رەش دەبنەوە."
ئەردۆغان بەو جۆرە درێژەی قسەکانیدا: "ئێمە وەکو حکومەت ١١ ساڵە لە ھەموو بوارێکدا گۆڕانکاریی و رێفۆرمی زۆر گرنگمان جێبەجێکردووە بەتایبەت لە بواری ئابوورییدا رێکۆردی مێژووییمان بە دەستھێناوە، لە ١٠ ساڵدا ئابووریی تورکیا سێ ھێندە گەورەتر و بەھێزتر بووە، رەنگە چەند کەس و لایەنێک بڵێن ئەو پێشکەوتنانە بەسن و دەتوانین بەو جۆرە حکومەت ئیدارە بکەین، بەڵام ئەوەی خاوەنی ئامانجبێ ھەمیشە گەورەتر بیر دەکاتەوە و بە دوای شتی گەورەدا دەبێ. ئەوەی کە لە سەر پاسکیلدا واز لە پایدەر لێدان دەھێنێ، رەنگە بۆ چەند ساتێک بەرەو پێشەوە بڕوات، بەڵام دواجار پاسکیلەکەی رادەوەستێ و لە سەری دەکەوێ. بۆیە لە بواری ئابووری و ئیدارەی حکومەتیشدا مەسەلە تەنیا مەسەلەی راوەستانی پاسکیل و کەوتنەخوارەوەی مرۆڤی سەر پاسکیل نییە بەڵکو مەسەلە ئەو برینانەن کە لەو بارودۆخەدا دەکەونەوە".
بەمجۆرە درێژەی پێدا: "ئێمە وەکو تورکیا دەرفەتی ئەوەمان نییە کە راوەستین، بریندار ببین و دووبارە دەست بە جمووجوڵ و تیمار کردنی خۆمان بکەینەوە. پێویستە ئەو بەدیلانە کە لە کاتی دەستوەردانەکاندا لە لایەن تورکیاوە دراون ھەمیشە لە بەر چاوماندا بن، لە کاتی دەستتوەردان و کودەتاکاندا ئەوە تەنیا دیموکراسیەتی تورکیا نەبووە کە زەرەری بەر کەوتووە بەڵکو، ئابووریی، پیشەسازیی تورکیا رووبەرووی زەرەر و زیان بوونەوە، ھەر دەستوەردانێ یا کودەتایەک چەندە لە دیموکراسی زەرەری دابێ ئەوا ئەوەندەیش لە داھات و گیرفانی خەڵکیش زەرەری داوە، بۆیە ئێمە لەمەو بەدواوە چی دیکە ناتوانین لە بەرامبەر ئەو زەرەر و زیانانەدا بێدەنگ بین."
ئەردۆغان راگەیاند: "دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان بە تایبەتی کێشە گرنگ و مێژووییەکان تەنیا کاری دەسەڵات نییە، خاوەندارێتی کردن لە ئارامی پاراستنی دەستکەوتەکان تەنیا ئەرکی دەسەڵات نییە، پاراستن و بەھێزترکردنی دیموکراسی و چارەسەری کێشەکان تەنیا ئەرکی حکومەت نییە "ماوەیەکە کەوتووینەتە نێو قۆناغێکی نوێیەوە کە ناوی قۆناغی چارەسەری لێ نراوە، لە راستیدا کاتێ ئێمە بووین بە دەسەڵات دەستمان بەو قۆناغە کرد، لە ماوەی ئەو ١١ ساڵەدا بە شێوازی جیاجیا ئەو قۆناغەمان بەردەوام کردووە، ١١ ساڵە ئێمەیان بە تەنیا ھێشتەوە، نە تەنیا سیاسییەکان، ئۆپۆزسیۆن و سەرمایەداران بەڵکو رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کەناڵەکانی راگەیاندنیش لە ماوەی ئەو ١١ ساڵەدا ئێمەیان بە تەنیا ھێشت. نامەوێ مافی ھیچ کەس پێشێل بکەم، کەسمان نەبینی کە پشتگیریمان لێ بکا ٣٠ ساڵی رابردوو چۆن بووە، ئەو ١١ ساڵەیش بەو جۆرە بوو. من سوپاس و دەستخۆشی لەو کەسانە دەکەم کە لە ماوەی ١١ ساڵی رابردوو بە ھەر شێوەیەک ھاوکاریی و پشتگیرییان لە ئێمە و ھەنگاوەکانی ئێمە کرد. ئەو شتە باشانەی تورکیا بە چاوی خۆی ئێستا دەیانبینێ، مافی تورکیا بوو کە پێشتر بیانبینێ."
ئەدرۆغان جارێکی دیکە جەختیکردەوە: ھەمووان دەزانین کە مەسەلە تەنیا مەسەلەی تیرۆر نییە، لایەنی کۆمەڵایەتی و دەروونی ئەو پرسە ھەیە، لایەنی سیاسی، دیپلۆماتیکی و ئابووریی ئەو پرسە ھەیە، ئەگەر ئەو مەسەلەیە زووتر چارەسەر کرابایا رەنگە ئابووری تورکیا نە سێ جار بەڵکو چوار جار یا چوار ئەوەندەی دیکە گەورە دەبوو. ئەگەر ئەو مەسەلەیە زووتر چارەسەر کرابایا رەنگە لە ماوەی ١١ ساڵی رابردوودا رێژەی سەرمایەگوزاری نە پێنج ئەوەندە بەڵکو ١٠ یا ١٥ ئەوەندە زیاتر دەبوو.