Islam Doğru
14 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2023
نیویۆرک – AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس رایگەیاند: "بوومەلەرزەکان کاریگەرییان کردە سەر (تەواوی) جیهان، نەک هەر تەنها تورکیا و سووریا".
نێد پرایس لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا بە ئاماژەدان بەوەی کە دیمەنەکانی بوومەلەرزەکە زۆر بە قووڵی کاری تێ کردووە، گوتی: "بە سەرنج خستنە سەر زیانەکان و گیانلەدەستدانی کەسەکان، دەردەکەوێت بوومەلەرزەکان کاریگەرییان کردووەتە سەر (تەواوی) جیهان، نەک هەر تەنها تورکیا و سووریا".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەمریکا بە مەبەستی پشتیوانکردن لە هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردن و هاوکاریکردن لە تورکیا و سووریا تیم و سەرچاوەی زیاتری تەرخان کردووە، گوتی: "ستایشی ئەنجامدانی ئەرکەکانی تیمەکانی گەڕان و فریاکەوتن دەکەین کە لەو دۆخە سەختە سەرووئاساییەدا شەو و رۆژیان خستووەتە سەر یەک و خۆیان بۆ ئەم ئەرکانە تەرخان کردووە".
نێد پرایس سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە رێگەدانی زیاتر بە تێپەڕینی هاوکارییەکان بۆ ئەودیووی سنووری تورکیا لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە، بە واتای رزگارکردنی گیانی کەسانی زیاتر دێت و گوتی: "داوا لە تەواوی وڵاتانی جیهان دەکەین ئەوەی لە توانایاندایە ئەنجامی بدەن بۆ هاوکاریکردنی تورکیا و سووریا".