Kosar OSMAN
08 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2015
ئەنقەرە
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی موختارانی کرد و وتارێکی پێشکەشکرد.
ئەردۆغان لە وتارەکەیدا پەیامێکی ئاراستەی کوردانی تورکیا کرد و گوتی: "روو لە تەواوی خوشک و برا کوردەکانم دەکەم. ئەم دەوڵەتە ئێوە لەناو گرفت و ساتە ناخۆشەکان بەجێناهێڵێت و خاوەندارێتیتان دەکات. هەمیشە لەگەڵ ئێوەیە. ئەم دەوڵەتە لەگەڵ ئێوەیە لە خۆشی تاڵیدا. چونکە خۆشی و تاڵیی ئێوە خۆشی و تاڵیی دەوڵەتە."
ئەردۆغان رەخنەی توندی لە پەکەکە گرت و بەمشێوەیە دوا: "رێکخراوێک کە هەموو بەدڕەوشتییەکی لێدەوەشێتەوە، هەموومان دەبینین چەندە بە رق و کینەیە بەرامبەر بە مزگەوت و قوتابخانەکان. چونکە ئەوانە گەندەخۆری سەر نەزانین. ئەوەتا لە دوایین پیلانیاندا مزگەوتێکی مێژوویی دیاربەکریان کردە ئامانج. مزگەوتێک کە یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی عوسمانی و لەساڵانی 1500 لەلایەن فاتیح پاشاوە بنیات نراوە، بەدەستی رێکخراوی تیرۆرستی خاپوورکرا. تەواوی بەڵگەکان لەمبارەیەوە لەبەردەستن. دەی فەرموو چ وەڵامێکتان بۆ ئەمە هەیە؟"
ئەردۆغان هەروەها ئاماژەیکرد کە حکوومەتی تورکیا بەرامبەر بەم بارە بێدەنگ و دەستەوستان نابێت و ئەوەی پێویست بێت بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی سەر بە پەکەکە ئەنجامی دەدات. هەروەها ئەردۆغان جارێکیتر پارتی ناوبراوی بە تیرۆریست ناوبرد و جەختیکردەوە کە دەوڵەت باجی ئەم کارەیان پێ دادەنێت.
سەرکۆماری تورکیا بەمجۆرە رووی گوتەکانی کردە کوردانی تورکیا و بانگەوازی لێکردن: "لێرەوە بانگەواز لە کوردان دەکەم. ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە ئێوەی لەڕووی مادی و مەعنەوییەوە کردووەتە ئامانج و لە بەرژەوەندیی خۆی بەکارتان دێنێت. بەڵام ئێوە ئەوە بزانن کە بیروباوەڕتان نامووستانە و لە هەمان کاتیشدا نامووسی ئێمەیە. بۆیە خاوەندارێتیی بیروباوەڕی خۆتان بکەن و با جڵەوەکەی لەدەستی خۆتان بێت. رۆڵەکانتان داهاتووی ئێوەن و پێویستە ئاگاداریان بن و هەر لەژێر چەتری خۆتاندا بن. ئازادی و ژیان حەقی خۆتانە. لە تەواوی کایەکانی ژیاندا ماف و ئازادیتان هەیە و پێویست ناکات هیچ لایەنێک بە مەبەستی جیاجیا زەوتی بکات. بۆیە باشترە هاوکار و پاڵپشتی دەوڵەت بن بۆ وەدەرنانی ئەو رێکخراوە لە کوچە و کۆڵانەکانتاندا".
ئەردۆغان پێیوایە ئەگەر هەزار جاریتریش رێکخراوی تیرۆریستی سەرهەڵبداتەوە، دەوڵەتی تورکیا لەتوانایدایە ریشەکێشی بکات. هۆکاری ئەم دڵنیاییەی لە متمانە بۆ ئەو گەلە گەڕاندەوە پشتیوانیەتی و گوتی دەوڵەت هێز و توانای هەزار ساڵی بە دەوڵەت داوە.
ئەردۆغان هەروەها گوتی: "ئێمە کە لە هەوڵی بەرز کردنەوەی منارەی مزگەوتەکان و دەنگی بانگین لە چوار لاوە، رێکخراوێک لە ناوماندا جێگەی نییە کە مزگەوتی مێژوویی ئێمە خاپوور بکات و کۆتایی بە دەنگی بانگ بێنێت. هەروەها ئەو رێکخراوە لە داهاتووی وڵاتەکەشماندا هیچ پشکێکی نییە".