ئەنقەرە
ریکاردۆن لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵەی پەیامنێرانی دیپلۆماتی باسی لە چەند پرسێکی گرنگ کرد و وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.
لەبارەی ئەو ھەواڵانەی لە میدیای ئەمریکیدا لەسەر ھاکان فیدانی گەورە راوێژکاری دەزگای ھەواڵگریی تورکی (میت) بڵاو بوونەتەوە، ریکاردۆن ئاشکرای کرد لە وڵاتانی دیموکرایسدا ھەموو بیرو بۆچوونێک بڵاو دەبێتەوە، بەڵام تەنیا ئەوانە تۆمار دەکرێن کە لە زمانی ڕەسمیەوە بڵاودەبنەوە.
ئەو باڵوێزە لە درێژەی وتەکانیدا لەبارەی ھاکان فیدان سەرۆکی دەزگای میت, رایگەیاند فیدان کەسایەتیەکی جێمتمانە و بەڕێزە و ھەرکاتێ لەگەڵیدا کۆدەبمەوە کۆمەڵێک شتی تازەی لێوە فێر دەبم. ھەروەھا گوتی: لەنێوان تورکیا و ئەمریکادا ھاریکاریی تەواو لە بواری ئەمنی و بەرگریدا ھەیە و بەردەوامیش دەبێت.
فرانسیس بەشێکی تری لێدوانەکانی بۆ پرسی ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و چین تەرخان کرد و رایگەیاند، بەپێی یاسای ھاریکاریی نێوان تورکیا و ئەمریکا خەمێکی گەورەمان ھەیە لەو دەنگۆیانەی باس لە ڕێکەوتنی تورکیا لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینیدا دەکەن.
راشیگەیاند، بڕیارێکی لەو چەشنە پرسێکی تایبەت و مەسەلەیەکی ناوخۆی تورکیایە، بەڵام ئەمریکا وەک ھاوپەیمانێک لە سیستەمی ھەوایی و موشەکی ھاوپەیمانەکەی نیگەرانە.
باڵیۆزی ئەمریکا روونیکردەوە "پسپۆرانی تورک و ئەمریکی لەوبارەوە چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەیان دەست پێکردووە و ھەردوو وڵاتی دۆست و ھاوپەیمان لە ڕێگەی کەناڵە رەسمیەکانیانەوە تاوتوێی دەکەن."