دیاربەکر
پەرلەمانتاری سەربەخۆی ماردین لە پەرلەمانی تورکیا ئەحمەد تورک دەربارەی دیداری سەرۆک وەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لە دیاربەکر گوتی: "کاتێک بەڕێز بارزانی سەردانی ئامادە دەکات، پێش ھەموو شتێک پێویستە سەردانی خەڵکی دیاربەکر، سەرۆکی شارەوانی گەورە و پارتە براکانی بکات. چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە."
ئەحمەد تورک لە مەڕاسمی کردنەوەی سێڕیانی قامیشلۆ لە دیاربەکر لەلایەن شارەوانی گەورەی ئەو شارە دروستکراوە، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان لەبارەی سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بۆ دیاربەرکر گوتی: "بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کەسایەتیەکە کە کورد گرنگی بایەخێکی زۆری پێدەدات."
تورک رایگەیاند: چاوی ھەموو کورد لەسەر بارزانیە و بەبیری ھێنایەوە کە لە نەورۆز بانگھێشتیان کردبوو تا سەردانی دیاربەکر بکات و گوتی" کاتێک بەڕێز بارزانی سەردانی شارێکی گرنگی وەکو دیاربەکر دەکات، پێویستە پێش ھەموو شتێک سەردانی خەڵکی دیاربەکر، سەرۆکایەتی شارەوانی گەورە و پارتیە براکانی بکات. چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە. بێگومان ئەو دەرفەتە نەبوو. بەڕێز بارزانی لە نەورۆز نەھات. تاوەکو ئەمڕۆ دەرفەت نەبوو سەردانی شارێکی گرنگی وەکو دیاربەکر بۆ کورد، بکات، سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی نەکرد. پێموایە ئەوە ھەندێک دەبێتە ھۆی گفتوگۆیەکی گەورە. لەبەر ئەوەی لەسەر بانگەشەی سەرۆک وەزیران ھاتووە لەناو کورد دەبێتە مەسەلەی گفتوگۆ. ئامانجمان ئەوە نیە لەسەر بارزانی گفتوگۆ بکەین، ھەروەھا ناخوازین لەبارەشیەوە گفتوگۆ بکرێت".
تورک رایگەیاند: ئەو پەیامانەی بارزانی لەدوای سەردانەکەی دەیدات، پەیامی گرنگن، لە مانگی ئاداری داھاتوو، کورد زۆر بەجۆشەوە نەورۆز پیرۆز دەکات، گەلی کورد دەخوازێ بارزانی لە نەورۆز ببینێ.
تورک بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا و گوتی: "بێگومان ئەو لێدوانانەی دەدرێن، ئێمە دەباتە بەر ئەنجامێکی راشکاوانەتر، ھەروەھا زەمینەی ھەڵسەنگاندنێکی بەرفراوان خۆش دەکات. ھەڵبەتە پێویستە چاوەڕوانی گەلی کورد بە راستی بخوێندرێتەوە. لەکاتی ھاتنی بارزانی، ئەو پەیامەی بۆ گەلی کورد دەیدات زۆر گرنگە. لەوانەیە لایەنێک بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو بەم شێوەیە کاری کردبێت و بارزانی بانگھێشتی دیاربەکر کردووە. خەڵکی لەسەر ئەو گریمانەیە گفتوگۆ دەکەن و بیردەکەنەوە، بەڵام ھیوادارم بەڕێز بارزانی دەرەکی بەوە کردبێ، نەکەوێتە ناو شتێکی بەم شێوەیە."
دەربارەی پرسیاری ئایا لەگەڵ ئێوەش دیداری دەبێت؟ تورک دەڵێ، تا ئێستا زانیاریمان نیە کە ئایا بارزانی سەردانی پارتە سیاسیەکان یان شارەوانی دەکات یان نا و گوتی: "ھیوادارین سەردانەکەی خزمەتی پڕۆسەی چارەسەری بکات، پێویستە لێرە وەکو ئەکتەرێک لەناو پڕۆسەی ئاشتی رۆڵ ببینێ. لەناو مێشکی خەڵکی ئێمە بیرۆکەی جیاواز ھەیە. بەڵام ئێمە ھیوادارین و دەخوازین باوەڕ بکەین کە ئەو سەردانەی بۆ خزمەتی پڕۆسەی چارەسەریە."
دەربارەی پرسیاری ئایا ھاتنی بارزانی بۆ ئێرە سوپرایزە؟ تورک گوتی: "دوێنێ شەو لە ھەولێر گەڕامەوە، لەوێ گفتوگۆیەکی لەم جۆرە نەبوو، دوای ئەوەی ھەولێرم بەجێھێشت گوێم لەوە بوو. کاتێک لە دانیشتنی ھەولێر گوێم لێنەبێ و لە تورکیا گوێبیستی ببم، بخوازین یان نا پرسیاری ئایا چی بووە؟ لە مێشکم دروست دەبێ."
لەبارەی پرسیاری ئەوەی ئایا جێگری سەرۆکی گشتی BDP گوڵتان کیشاناک خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی شارەوانی دیاربەکر کاندید دەکات یان نا؟ تورک رایگەیاند: لەم بارەیەوە کاری کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن درێژەی ھەیە، تا ئێستا نەگەیشتوونە قۆناغی یەکلایکردنەوەی ناوی کاندیدەکان. دەربارەی پرسیاری ئایا ئێوەش دەبنە کاندید بۆ شارەوانی گەورەی ماردین؟ تورک رایگەیاند کە ئەو داواکاریەکی بەم شێوەیەی نیە و ھەڤاڵانی ئەو مەسەلە ھەڵدەسەنگێنن.
سەرۆکی شارەوانی گەورەی دیاریبەکرعوسمان بایدەمیر رایگەیاند کە ئەوان خزمەتکاری ئەو شارەن، کێ سەردانی ئەو شارە بکات شارەوانی گەورە ٢٤ سەعات دەرگای کراوەیە. بایدەمیر ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکی دیاربەکر لە رووی میوانداری روویان ھەموو کاتێک سپی بووە و گوتی: "با کەس لەوە گومانی نەبێت. بۆ من وەکو کوڕێکی میللەتی کورد، لە باوەشگرتنی بەڕێز بارزانی لە دیاربەکر، لە شارەوانی گەورە ھەموو کاتێک شانازیەکی گەورەیە."