تاران
جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران نیگەرانی خۆی لە قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەربڕی و گوتی: "بە شێواندنی راستییەکان متمانە دروست نابێ."
کیری لەکاتی سەردانی بۆ ئیماراتی عەرەبی رۆژی سێشەممە گوتی: "لە جنێڤ گروپی ١+٥ لەناو خۆیان رێککەوتن، ئەو لایەنەی رێککەوتنەکەی قەبوڵ نەکرد ئێران بوو" ئەو قسانەی کیری بوونە ھۆی ناڕازیبوونی ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەکاردانەوەی قسەکانی کیری گوتی:" ھەندێک دیپلۆماتکار، لە بەرامبەر پرسیار و بۆچوونی جیاواز، یان بۆ رەواندنەوەی نیگەرانی وڵاتی خانەخوێ، ھەندێک جار رووداوەکان وەکو خۆی نا بەڵکو بەشێوەیەکی دیکە دەگێڕنەوە. ھەڵبەتە ئەو ھەڵوێستە متمانەی ئەو وڵاتانە کەمتر دەکات. میللەتان، لەڕێی ھەندێک لە وەزیرانی دەرەوە بەو لێدوانانەی لە میدیا دەدرێن دەبنە شاھێدی ئەوەی بزانن کێشەی رێککەوتن لە کامە لایە، بە شێواندنی راستییەکان نەمتمانە دروست دەکرێت و نە ئیعتبار بەدەست دەھێنرێ."
زەریفی لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێ: "من کەسێکی گەشبینم. ھیوادارم ئەو دەرفەتەی رۆژئاوا و خەڵکی ئێران بەیەکتریان بەخشیووە، کەڵکی ھەبێ. پێموایە رێککەوتن نزیکی ئیرادەیەکی جدی بۆتەوە تا ئەو ساتەیش ھیوادارم لەو دەرفەتە سوودمەندبین. ئەو جۆرە لێدوانانە راستییەکان ناگۆڕن، ھەروەھا سوودی نابێ بۆ ئەوەی متمانەی ھەردوولا بەیەکتر دروستببێ."