Mesut Varol
20 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 21 تشرینی یەکەم 2021
ئەنقەرە/وان – AA
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٤،١ پلە شارۆچکەی توشبای سەربە پارێزگای وان باشووری خۆرھەڵاتی تورکیای، ھەژاند.
بەپێی ئەو زانیارییەی کە لە ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتی بەرێوەبردنی کارەسات و دۆخە لەناکاوەکان لە تورکیا (ئافاد)، بڵاوکراوەتەوە، بوومەلەرزەکە کاتژمێر ١٨:٠٥ و لە قوڵایی ٧،٠٢ کیلۆمەتر روویداوە.
-"ھیچ شتێکی نەخوازراو رووینەداوە"
پارێزگاری وان، مەھمەت ئەمین بیلمەز ئەوەی بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند کە بوومەلەرزەکە لە کاتژمێر ١٨:٠٠ و بە گوڕی ٣،٨ و ٤،١ پلە روویداوە.
مەھمەت ئەمین بیلمەز ئەوەشی ئاشکرا کرد کە تیمەکان کارەکانی گەڕان و پشکنینیان لە ناوچەکەدا دەستپێکردووە و گوتی: "دوو بوومەلەرزەی یەک لە دوای یەک لە ناوچەی گەڕەکی مەلاقاسم سەربە شارۆچکەی توشبا روویدا. بەپێی ئەو زانیارییە سەرەتاییەی کە وەرمانگرتووە ھیچ شتێکی نەخوازراو رووینەداوە. کارەکانی گەڕان و پشکنین بەردەوامە. با ھاووڵاتییانمان تووشی دڵەڕاوکێ نەبن، بە گوێرەی راگەیەندراوەکانی پارێزگا و ئافاد بجوڵێنەوە. لە ئێستادا ھیچ دۆخێک نییە کە پێویست بە دڵەڕاوکێ بکات".