لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە بینای وەزارەتی دەرەوە سازی كرد، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا تانجو بیلگیچ، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی تێپەڕبوونی كەشتییەكی جەنگی رووسی بە گەرووەكانی توركیادا، كە وێنەی سەربازێكی رووسی گیراوە كە مووشەكی خستۆتە سەر شان، بیلگیچ ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە تێپەربوونی كەشتییەكان بە گەرووەكانی توركیادا بەپێی رێككەوتننامەی مۆنترۆی ساڵی 1936 دەكرێن. توركیا تا ئەمڕۆ بە هەستیاری، ئاشكرا و بەبێ لایەن رێككەوتننامەی مۆنترۆ جێبەجێ دەكات، لەمەودواش بەردەوام دەبێت.
بیلگیچ، ئەوەی ئاشكرا كرد كە سەبارەت بەو بابەتە باڵیۆزی رووسیای فیدراڵ لە ئەنقەرە ئەندرێ كارلۆڤ، بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە كراوە و بە لایەنی رووسی گوتراوە كە كاری لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، جا ئیدی تێپەربوونەكە بەپێی رێككەوتننامەی مۆنترۆ بێت، یان مافی نێودەوڵەتی.
لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی ئەوەی كە ئایا لە دوای پێشهاتەكان رێككەوتننامەی مۆنترۆی گۆڕانكاری بەسەردا دێت یان نا، بلگیچ ئاماژەی بەوە كرد كە لە رێككەوتننامەی مۆنترۆدا چەند ماددەیەك هەیە كە باس لە چۆنیەتی گۆڕانكاری كردنەوە و گوتی: "لەم قۆناغەدا، ئیمە هیچ ئامادەكاریەكمان نەكردووە لەو بارەیەوە. بەڵام بەپێی پێشهاتەكان دەتوانریت هەڵسەنگاندن بۆ هەموو شتێك بكرێت".
لەلایەكی دیكەوە پرسیار لە بیلگیچ كرا لەبارەی ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەكەن كە رووسیا دەیەوێت پرسی خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆكەیەی كە ئاسمانی توركیای بەزاند بوو، لەگەڵ بابەتی مووسڵ، بگوازێتەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بیلگچ گوتی: "ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی مافی ئەوەیان هەیە پێشنیازی كۆبوونەوەی لەو شێوەیە بخەنەڕوو، ئێمەش چاودێری بابەتەكە دەكەین".
هاوكات لەبارەی كاردانەوەكان لەبارەی گۆڕینی یەكەی سەربازی توركیا لە مووسڵ، بیلگیچ گوتی: "داعش، وەك هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی دەبینرێت و بەشێكی خاكی عێراقی لەژێر دەستدایە. لەبەرئەوەی هەم هاوكاری پێشمەرگە دەكەین لە باكوور، هەمیش پشتیوانی لە پاسەوانی نیشتمانی دەكەین".
بیلگیچ، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە راهێنان بە پاسەوانی نیشتمانی مووسڵ لە سەربازگەی بەعشیقە بە ئاگاداری حكوومەتی عێراق بووە، توركیا لە ئاداری 2015ەوە تا ئێستا لە ناوچەیەكی مووسڵ، كە دەكەوێتە دووری 30 كیلۆمەتر خۆرهەڵاتی شارەكە مەشق و راهێنان بەو هێزانە دەكەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا بیلگیچ، ئاماژەی بەوەش كرد كە توركیا بۆ پاراستنی ئاسایشی كەمپی راهێنانەكە رێوشوێنی گرتۆتە بەر، هاوكات گوتەكانی نوعمان كورتوڵموشی گوتەبیژی حكوومەتی وڵاتەكەی وەبیرهێنایەوە، كە پاش كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا گوتبووی "ئێمە هەستیاری حكوومەتی عێراق لەبەرچاو دەگرین".
لە بەشیكی دیكەی قسەكانیدا بیلگیچ باسی لەوە كرد، كە گۆڕینی نۆرەی سەربازانی تورك لە مووسڵ لە دەزگاكانی راگەیاندندا گەورە كراوە و گوتی: "وەك توركیا، بڕیاری ئێمە ئەوەیە كە لەمەودوا لە ئاستێكی گونجاودا هاوكاری عێراق بكەین لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، لەو چوارچێوەیەشدا رێز لە یەكچارچەیی خاكی عێراق و سەروەریەكەی دەگرین".
بیلگیچ، باسیشی لەوە كرد كە سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو و وەزیری بەرگری عیسمەت یڵماز لەگەڵ هاوتاكانی خۆیان لە عێراق گفتوگۆیان كردووە، هەروەها وەزیری دەرەوە مەولود چاوشئۆغڵو، لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی كردووە بە وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراهیم جەعفەری و دووپاتی كردۆتەوە كە توركیا رێز لە یەكچارچەیی خاكی عێراق دەگرێت، ئامانجی چالاكییەكانی توركیاش هاوكاری كردنی عێراقە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا.
گوتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی توركیا، ئەوەشی خستەڕوو كە لەبەر هەستیاری لیپرسراوانی عێراق، توركیا گواستنەوەی سەربازانی بۆ عێراق راگرتووە.
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا لەبارەی ئەوەی كە ئایا توركیا سەبارەت بە ئەو سەربازانەی رەوانەی عێراقیان دەكات، زانیاری داوە بە بەغدا، بیلگیچ گوتی: "لە سەرەتاوە ئەو بابەتە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرێوە چووە، لەمەودواش ئەو پاڵپشتیەی دەدرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هەر بەیەكەوە لەگەل بەرپرسانی عێراق بەڕیوە دەبرێت".
news_share_descriptionsubscription_contact

