Hilmi Tunahan Karakaya
07 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2023
ئەرزەڕۆم-AA
هاووڵاتییانی پارێزگای ئەرزەڕۆم بە خوێندنەوەی قورئان تا بەیانی لە مزگەوتەکاندا نەریتی "١٠٠١ خەتم" کە ماوەی پێنج سەدەیە بەردەوامە، بە زیندووی رادەگرن.
ئەم نەریتە کە لە سەدەی ١٦ لە لایەن زانای ئیسلامی، پیر عەلی بابە بە مەبەستی پاراستنی شارەکە لە کارەساتە سرووشتییەکان دەستی پێکرد، چەندین سەدەیە بەردەوامە.
لە میانی ئەو نەریتەدا کە هەموو ساڵێک لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێدەکات و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت، هاووڵاتییان وێڕای ئەوەی پلەکانی گەرما لە شەودا بۆ ١٠ پلە ژێر سفر دادەبەزێت لە ١٤٧ مزگەوتی شارەکەدا کۆدەبنەوە و تاوەکو بەیانی قورئان دەخوێننەوە و نوێژ دەکەن.
هەموو رۆژێک دوای نوێژی بەیانی لە مزگەوتەکاندا لەلایەن خێرخوازانەوە شۆربا پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکرێت.
موفتی پارێزگاکە، رۆستەم جان، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، یەکێک لە جوانترین نەریتەکانی ئەرزەڕۆم نەریتی "١٠٠١ خەتم"ە.
جان بە ئاماژەدان بەوەی کە نەریتی خەتم لە ١٦ی کانوونی یەکەمەوە دەستی پێکردووە و بە دوعای خەتمکردن بەرلە نوێژی هەینیی لە هەفتەی دووەمی مانگی کانوونی دووەمدا تەواو دەبێت، گوتی: "سوپاس بۆ خودا، ئەمڕۆ ئەم نەریتە جوانە لە مزگەوتە مێژوویییەکانی ئەیاز پاشا و ئیحمال و ١٤٦ مزگەوتی دیکەی شارەکەماندا بەرز رادەگیرێت. خوشک و براکانمان کاتژمێر ٢-٣ی شەو دێنە مزگەوتەکانمان و تا نوێژی بەیانی قورئان دەخوێننەوە".
جان باسی لە چۆنیەتی سەرهەڵدانی ئەم نەریتە کرد و گوتی: "لەکاتێکدا پیر عەلی بابا دەستی بەم نەریتە کرد، بوومەلەرزە هەم لە ئەرزەڕۆم و هەم لە شارەکانی دەوروبەر رووی دەدا. بە بڕوای بابا 'ئەگەر دەست بەم نەریتە بکرێت، ئەوە بێگومان پەروەردگار مرۆڤەکان لە هەموو کارەساتێکدا دەپارێزێت'. ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو کەسانەی کە دوعای خەتمکردنیان خوێندنەوە ٥٠ هەزاری تێپەڕاند. هیوادارم ئەمساڵیش دوعای خەتم نەک تەنها لە ئەرزەڕۆم، بەڵکو لە هەر گۆشەیەکی ئەم نیشتمانەدا بخوێندرێتەوە"
08.01.2023 بەرزڕاگرتنی نەریتی "١٠٠١ خەتم" لە ئەرزەڕۆم
- ئەم نەریتە کە لە سەدەی ١٦ لە لایەن زانای ئیسلامی، پیر عەلی بابە بە مەبەستی پاراستنی شارەکە لە کارەساتە سرووشتییەکان دەستی پێکرد، چەندین سەدەیە بەردەوامە.