Mohammed Baqi Hussein
23 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
تورکیا پەسەندکردنی بنیاتنانی ٥٦٠ یەکەی نیشتەجێبوونی نایاسایی دیکە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە خاکی فەڵەستیندا ئیدانە کرد.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا سەبارەت بەبڕیارەکەی ئیسرائیل ھاتووە، "چالاکییەکانی بنیاتنانی یەکەی نیشتەجێبوونی نایاسایی لەلایەن ئیسرائیلەوە زەمینەکانی چارەسەری دوو دەوڵەت لەناودەبات".
دوێنێ کۆمیتەی بیناسازی و پلاندانانی شارەوانیی قودس سەربە حکوومەتی ئیسرائیل، دروستکردنی ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوونی نوێی لە قۆدسی خۆرھەڵات پەسەند کرد.
سەرۆکی کۆمیتەکە، مائیر تورجومان رایگەیاندبوو کە ئەو بڕیارە پێشتر دەردەکرا بەڵام تا دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا درێژکراوەتەوە و بڕیارە بنیاتنانی ١١ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دیکە پەسەندبکەن.
بەپێی ھەواڵێکی کەناڵ دووی ئیسرائیل، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا رایگەیاندووە، رێگرییەکان لەبەردەم بنیانتانی یەکەی نیشتەجێبوون لە کەناری رۆژئاوا و قودسی خۆرھەڵاتدا ھەڵدەگرن.
ناتانیاھو راشیگەیاندووە کە لە قۆناغی داھاتوودا بنیاتنانی یەکەی نیشتەجێبوون لە خاکی فەڵەستیندا بۆ ھەتاھەتایە بەردەوام دەبێت.