Muhammet Ali Kemal
23 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە- AA
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا کە لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆسەر پێگەکانی تیرۆریستان لە باکووری سووریا بەردەوامە لە ١٥٣ەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ١٩٤ پێگەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کرانە ئامانج و ٦٥ تیرۆریستی رێکخراوەکە کوژران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن سوپای تورکیاوە بڵاوکراونەتەوە، ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کە لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٦ەوە بەمەبەستی نەھێشتنی ھەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی سنوور لە باکووری سووریا دەستی پێکردووە، درێژەی ھەیە.
لە ١٥٣ەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ١٩٤ شوێنی حەوانەوە، سەکۆی بەرگریی، ناوەندی فەرمانداریی چەک و ئۆتۆمبیلی چەکدارانی داعش کە پێشتر دیارییکرابوون، کرانە ئامانج و لەناوبران.
لە ئۆپەراسیۆنەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی سەربە ھێزی ئاسمانیی تورکیاشدا، ژمارەیەک پێگەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ھەریەک لە ئەلباب و بزاعە بۆردومان و خاپوور کران کە پێکھاتبوون لە ١٠ پێگەی بەرگریی، ٦ بارەگا و ٧ شوێنی حەوانەوە و کارگەیەکی بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبیل.
ھاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی سەربە ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە ھەریەک لەناوچەکانی تادیف، ئەبو جەبار و ئوەیشییە ٣ ھێرشی ئاسمانییان کردە سەر پێگەکانی داعش و لەئەنجامی دوو ھێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا تانکێک و ئۆتۆمبیلێک بەچەکەوە، سێ ئۆتۆمبیل و سەکۆیەکی ھاوەن خاپوورکران.
لەئەنجامی ھێرشە ئاسمانیی و زەمینییەکانیشدادا بەدرێژایی رۆژ، ٦٥ تیرۆریستی داعش کوژران.
لەلایەکی دیکەوە ٢٥ بۆمبی دەستکرد و ١٢مین لەلایەن ئەو تیمانەوە پووچەڵکراونەتەوە کە پشتیوانیی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکەن و لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەشەوە تا ئێستا ٣ ھەزار و ١١٣ بۆمبی دەستکرد پووچەڵکراونەتەوە و ٥٥ مین بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو، تەقێنراونەتەوە.