Ramal Abdullah Mahmood
04 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2017
ئەنقەرە – AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کرد کە کرایە سەر رێورەسمێکی بەخاکسپاردن لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەنراوێکدا ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کرد کە کرایە سەر رێورەسمێکی بەخاکسپاردن لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان و خەمباری قوڵی خۆی دەربڕی بە هۆی ئەوەی لە ئاکامی ئەو هێرشەدا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی ئەفغانستانی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە "بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە نامرۆییانە دەکەین. داوای لێخۆشبوون لە خوا بۆ قوربانیانی هێرشە دەکەین و خوا شیفای بەپەلەی برینداران بدات. پشتیوانیمان بۆ گەل و حکوومەتی ئەفغانستانی دۆست و برا دووپاتدەکەینەوە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی ئامانجیان تێکدانی ئاشتی، ئاسوودەیی و سەقامگیرییە لەو وڵاتە".
لە ئاکامی ئەو هێرشەدا کە کرایە سەر بەشداربووانی رێورەسمێکی بە خاکسپاردن لە کابول ١٨ کەس گیانیان لەدەستدا و ٨٧ کەسی دیکەش برینداربوون.