Mehmet Tosun
03 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 03 مای,س 2021
ئێسکیشەهیر- AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار بەیاوەری سوپاسالاری تورکیا، یاشار گولەر و فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکان، لیوا حەسەن کوچوکئاکیوز لە شاری ئەسکیشەهیر سەردانی فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەکانیان کرد کە لەوێوە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی چنگ-بروسکە و چنگ-هەورە تریشقە بەڕێوەدەبرێن.
خولوسی ئاکار لە میانی گوتەیەکیدا باسی لەوە کرد کە لە پێناو پاراستنی مافەکانی تورکیا و گەلی تورک، فیداکارانە دژبە هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکان خەبات دەکەن.
وەزیری بەرگریی تورکیا جەختی لەوەکردەوە کە هێزە سەربازییەکانی تورکیا لەلایەک دژ بەو هەڕەشانە دەوەستنەوە کە دەکرێنە سەر تورکیا و گەلی تورک و لە لایەکی دیکەشەوە پشتیوانی وڵاتە دۆستەکانی وەک ئازەربایجان و لیبیا دەکەن.
خولوسی ئاکار ئۆپەراسیۆنەکانی چنگ-بروسکە و چنگ-هەورەتریشقەی وەبیرهێنایەوە کە لە ٢٣ی نیسانەوە دەستی پێکردوە و رایگەیاند "تا ئێستا هەڤاڵانمان فیداکارییەکی گەورەیان نیشانداوە. هاتوچۆی ناو هەوراز و نشێوەکان زۆر سەختە. هەلیکۆپتەرەکان ناتوانن بچنە هەموو شوێنێکەوە. تا ئێستاش لە میانی ئۆپەراسیۆنەکاندا هەموو کارێکی پێویست ئەنجامدراون".
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار دەربارەی چەک و تەقەمەنییەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە گوتی: "بەداخەوە هەندێک وڵات کە ئێمە بە دۆستی خۆمان دەزانین، مووشەکیان داوەتە پەکەکە. ئەم مووشەکانەش مەترسییەکی گەورەن لەسەر ئێمە".
خولوسی ئاکار ئەوەشی دووپاتکردەوە کە وێڕای هەموو مەترسییەکان توانیویانە ئۆپەراسیۆنەکان بەشێوەیەکی سەلامەت ئەنجام بدەن و رایگەیاند "تا ئێستا ٤٦ تیرۆریست لە چالاکی خراون. ئەمڕۆش حەوت تیرۆریستی دیکە لە چالاکی خراون و ژمارەی سەرجەم ئەو تیرۆریستانەی تا ئێستا لە چالاکی خراون گەیشتوەتە ٥٣ تیرۆریست".
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکاندا حەوت سەرباز شەهیدبوون و نزای لێخۆشبوونی بۆ کردن، جەختی لەوەشکردەوە کە لە ئاسمان و زەوییەوە بۆردومانی ئامانجەکانی تیرۆریستان کراوە و گوتی: "کاتێک تەماشای کەلوپەلەکانی دەستی تیرۆریستان دەکەین و دەبینینن ئەم چەکانە لەلایەن چ وڵاتێکەوە دراوەتە تیرۆریستان. هەڤاڵانمان لێکۆڵینەوە لەو چەکانە دەکەن کە لە حەشارگەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە".
خولوسی ئاکار جەختی لەوەشکردەوە کە تورکیا بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە شێوەیەکی شەفاف ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنجامداوە.
- "پەکەکە، نوێنەرایەتی خوشک و برا کوردەکانمان ناکات"
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار جارێکی دیکە ئەوەی دووپاتکردەوە کە تورکیا و هێزە سەربازییەکانی تورکیا هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کوردەکان نییە و هەموو کوردەکان لە تورکیا هاووڵاتی پلە یەکن و گوتی: "بەهیچ شێوەیەک رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە نوێنەرایەتی خوشک و برا کوردەکانمان ناکات. هەر لە سەرەتاشەوە تیرۆریستان کێشەی ناسنامەیان هەیە، لەناو پەکەکە ئەرمەنی، ئەورووپی، ئەفریقی و بەداخەوە هاووڵاتی تورکیش هەیە. هەربۆیە پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستییە".
خولوسی ئاکار تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە بەشێک لە راگەیاندنە بیانییەکان وا نیشان دەدەن کە هێزە سەربازییەکانی تورکیا پاکتاوی نەژادی دەکەن نەوەک ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەڵام تەنها ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەناوبردنی تیرۆرە.
- "لە پێناو ئاسایش و خۆشگوزەرانیماندا ناچارین خەبات بکەین"
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە جوگرافیای ناوچەکە جوگرافیایەکی پڕ لە کێشەیە و گوتی: "لێرەدا ناچارین خەبات بۆ ئاسایش و خۆشگوزەرانیمان بکەین. هەندێک کەس دەپرسن 'بۆچی ئێمە چووینە خاکی سووریا-وە؟' ئەگەر ئێمە نەچووینایەتە خاکی سووریا-وە و ئۆپەراسیۆنەکانمان ئەنجامنەدایە ئێستا دۆخی باشووری وڵاتەکەمان زۆر جیاوازتر دەبوو و هەڕەشەیەکی زۆریشی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەمان دروست دەکرد".
خولوسی ئاکار ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە تورکیا پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و عێراق دەکات و پێویستە بەزووترین کات تیرۆر لەو دوو وڵاتە ریشەکێش بکرێن.
- "هیچ کۆمەڵکوژییەک رووینەداوە"
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار دەربارەی ئەو بانگەشانەش دوا کە دژ بە رووداوەکانی ١٩١٥ دەکرێن و گوتی: "بەهیچ شێوەیەک کۆمەڵکوژی رووینەداوە. مێژووش بەڕوون و ئاشکرایی ئەمە نیشان دەدات. سیاسەتمەداران ناتوانن رۆڵی مێژوونووس ببینن، تەواوی بەڵگە مێژووییەکانیش زۆر بەڕوونی ئەوە نیشان دەدەن کە لە رووداوەکانی ١٩١٥دا هیچ کۆمەڵکوژییەک رووینەداوە. راگەیەندراوەکەی ئەمریکا-ش لەم بارەیەوە نکوڵیکردن بوو لە مێژوو و ئەو رێککەوتننامە و گرێبەستانەی خۆیان واژوویان کردووە. لە ئەرشیفەکانی ئەمریکا-دا ژمارەیەکی زۆر بەڵگەنامە دەربارەی ئەم بابەتە هەن. لە راپۆرتە ئەمریکی و بەریتانییەکانی سالانی ١٩١٤- ١٩١٥ و ١٩٢٠دا زۆر بەئاشکرا نووسیویانە 'تورک و ئەرمەن ماوەی ٥٠٠ ساڵە پێکەوە دەژین، ئەگەر ئێمە نەچینە نێوانیانەوە و ئەم برایەتییەیان تێکنەدەین ٥٠٠ ساڵی دیکەش پێکەوە دەژین".