Tuğba Yardımcı
29 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2020
ترابزۆن - AA
دێری سومێلا دەکەوێتە سنووری قەزای ماچکا لە پارێزگای ترابزۆن و یەکێکە لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی تورکیا کە لە ساڵی ٢٠٠٠وە ناوی چووەتە لیستی میراتی جیهانی یونیسکۆوە.
دێرەکە لە ساڵی ٢٠١٥دا بەهۆی مەترسی کەوتنەخوارەوەی تاوێرەوە، بەڕووی گەشتیاراندا داخرا و لە شوباتی ٢٠١٦دا دەست بە نۆژەنکردنەوەی کرا.
دواتر لە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٩دا دوای کۆتایی هاتنی نۆژەنکردنەوەی بەشی دەرەوە تا حەوشەکەی، بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە.
دوای کۆتایی هاتنی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ناوەوە، دێرەکە لە رێوڕەسمێکدا بە بەشداری سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری کولتوور و گەشتوگوزار، مەهمەت نوری ئەرسۆی و پارێزگاری ترابزۆن، ئیسماعیل ئوستائۆغڵو بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە.
دێری سومێلا دەکەوێتە شوێنێک کە ٣٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و تایبەت بە شوێنکەوتووانی مەسیحییە ئەرتۆدۆکسەکان و لە ١٥ی ئابی ٢٠١٠دا دوای ٨٨ ساڵ لە وەستان بۆ جاری یەکەم رێوڕەسمی "دایکە مریەم" لەم دێرەدا ئەنجامدرا و تا ساڵی ٢٠١٦ و دەستپێکی کارەکانی نۆژەنکردنەوە ساڵانە رێوڕەسمەکە ئەنجامدەدرا.
لە سەدەی ١٨دا بەشێکی زۆری دێری سومێلا نوێکراوەتەوە و بەشێکی دیوارەکانی بە نەخشی نوێ رازێندراوەتەوە، دواتر لە سەدەی ١٩دا بینای گەورەی بۆ زیادکراوە و دێرەکە سیمایەکی نوێی بەخۆوە گرتووە.
لە تورکیا چەندین پەرستگای دێرینی دیکە هەن وەک کڵێسای ئاکدەمار-ی ئەرمەنی لە پارێزگای وان، سینەگۆگی پارێزگای ئەدیرنە و کڵێسای سڤێتی ستێفان-ی بوڵگاری لە پارێزگای ئیستانبوڵ کە دووبارە نۆژەنکردنەوەی ئەم شوێنەوارانە لە ساڵانی رابردوودا، رەنگێکی دیکەی داوە بە کەرتی گەشتوگوزار.