ھەکاری
سەرۆکایەتیی رێکخراوی مەزڵوم دەر لقی ھەکاری لەبارەی رووداوەکەی ئەم دواییەی گەڤەر لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران راپۆرتێکی بۆ رای گشتی بڵاو کردەوە.
سەرۆکی لقی رێکخراوەکە لەبەردەم بارەگای مازڵوم - دەر لە ھەکاری، جەنگی شان ئاشکرایکرد: "ھۆکاری سەرهەڵدانی رووداوەکە ، شێواندنی گۆڕی گەریلاکانی پەکەکەیە، پێویستە بەرپرسە رەسمیەکان زانیاری تێرو تەسەل بەدەستەوە بدەن."
شان لەقسەکانیدا تێکدانی گۆڕی بەکارێکی نامرۆڤانە وەسف کردو گوتی: پێویستە لایەنی رەسمی حکومەت دەستنیشانی ئەو کەسانە بکات کەلە نێوان خۆپیشاندەرەکانەوە چەکی ئاگرین بەکار دەھێنن.
لەدرێژەی گوتەکانیدا باسی لەناڕوونی دیمەنەکانی رووداوەکە کرد و گوتی : "پێویستە لەلایەن شارەزایانەوە لێکۆڵینەوە لەسەر دیمەنەکانی رووداوەکە بکرێ، بۆئەوەی بزانرێ ئایا ئەو دیمەنە ھی رۆژی روداوەکەیە یا نا، ئەگەر ئەو دیمەنانە تایبەتە بەو رۆژە ئەوا دەبێت ئەو کەسانەی چەکیان بەدەستەو تەقەدەکەن بۆ کۆمەڵگا ئاشکرا بکرێن، لەگەڵ ئەوەی کامێرا لەناوچەکە و لەسەر ئۆتۆمبێلەکانی پۆلیس ھەیە، بەڵام لەلایەن مەقامە رەسمیەکانەوە ھیچ دیمەنێک نەخراوەتە روو بۆ دەرخستنی دیمەنی کوشتنی دوو کەسەکە کە لەلایەن پۆلیسەوە تەقەیان لێکراوە، لەگەڵ ئەوەی ئەم رەوشە قبوڵ ناکرێ، گومانی جددی لەگەڵ خوی دێنێتە پێشەوە."
ئاگاداری تێکدانەکان بن
سەرۆکی رێکخراوی مەزڵوم - دەری لقی ھەکاری شان باسی لە زیادەرەوی دەسەڵاتی پۆلیس کرد و گوتی: "بەھۆی ئەو گۆڕانکاریانەی لە ماددەی دەسەڵاتەکانی پۆلیس کراوە، پۆلیس بە ئارەزوی خۆی چەک بەکار دێنێ، بەھۆی پێدانی دەسەڵاتی زیاد بە کارمەندانی پۆلیس گیان لەدەستدانەکان زیادیان کردوە."
شان لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "لەچوارچێوەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد ماوەیەکی زۆرە لایەنەکان لە درێژەپێدانی ئاگر بەستدان، ئەو تابلۆیەی نەخشێنراوە کاریگەریەکی گەورەی لەسەر وەستاندنی پرۆسەی چارەسەری ئاشتی دەبێت، بۆیە رووبەڕووی تێکدانەکان بۆ رەوشەکە دەبینەوە، ئەگەر لایەنەکان دەیانەوێ پرۆسەی چارەسەر بەردەوام بێ پێویستە واز لە یەکتر تاوانبارکردن بھێنن، ھەروەھا دەبێت سەرجەم ھەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ ئاشکراکردنی سەرجەم شتە ھەڵبەستکراوەکانی رووداوەکە، ئەگەر ئەم رووداوە روون نەکرێتەوە بۆ کۆمەڵگا ئەوا رووبەڕوی چەندین رووداوی لەم جۆرە دەبینەوە، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر پرۆسەکە دەبێ."