ماردین
وەزیری ناوخۆیی توركیا موعەمەر گولەر سەبارەت رووداوەكەی گەڤەر كە لە ئاكامیدا دوو كەس گیانیان لە دەستدا گوتی" بەداخەوە دوێنێ لە گەڤەر لە دە خاڵی جیاوازەوە بە قەنناس تەقە لە پۆلیسەكانمان كراوە. ئەمە بابەتێكی سەیرە. دەنگۆی ئەوەیان بڵاو كردەوە كە گۆرستانەكان تێك دەدرێن و خەڵكیان ھاندا، بەڵام یەك گۆریش تێك نەدراوە."
گولەر و ئەو پەرلەمانتارانەی لەگەڵی بوون وەک گۆنول بەكین شاھكولوبەی و عەبدوڕەحیم ئاكداغ و كاندیدی شارەوانیی گەورەی دیاربەكر محەمەد وەژدی قارەمان لە دیاربەكرەوە ھاتن بۆ ماردین و پیاسەیەكیان لە ناو شار كرد.
گولەر بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ ئەنقەرە ھاتە فرۆكەخانەی ماردین و سەبارەت بە رووداوەكەی گەڤەر گوتی "ھەڵسەنگاندنێك ھەیە كە ئەم رووداوە مەبەستی تێكدانی تێدایە، بە رای منیش راستە وایە، بەڵام گرنگ ئەوەیە لێی بکۆڵرێتەوە تا بزانرێ ئەم رووداوە لەلایەن كێوە كراوە. بە دڵنیاییەوە لەلایەن ئەو كەسانەوە ئەنجام دراوە کە دەیانەوێ خەنجەری دوژمنایەتی لە پرۆسەی چارەسەر بدەن و نایانەوێ ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێ."
ھەروەھا جەختی كرد تا ئێستا لە ھیچ خۆپیشاندانێك شتی وا رووی نەداوە، بەڵام پۆلیسەكان وەڵامی تەقەی قەنناسەکانیان دایەوە، كە ئەمە ئەرکی سەرشانیانە.
گولەر لە درێژەی قسەكانیدا گوتی "بەداخەوە دوێنێ لە گەڤەر لە دە خاڵی جیاوازەوە بە قەنناسەكان تەقە لە پۆلیسەكە كراوە. ئەمە بابەتێكی سەیرە. دەنگۆی ئەوەیان بڵاو كردەوە كە گۆرستانەكان تێك دەدرێن و خەڵكیان ھاندا، بەڵام یەك گۆریش تێك نەدراوە. بەو بیانووە خەڵك لە دژی پۆلیس ھان درا. شوێنی فیشەک بە نزیكەی 10 ئۆتۆمبێلی پۆلیسەوە هەیە. لە لای پۆلیسەكان نزیكەی 50 قەپاخی قەنناس ھەن. پۆلیسەكانمان ھەموو جارێ بە غازی فرمێسكڕێژ و ئاوی بەگوڕوەڵامی ئەم رووداوانەیان داوەتەوە. بەڵام مافی رەوای پۆلیسە كە وەڵامی چەك بە چەك بداتەوە، ئەمە ئەركی خۆیانە."
گولەر گوتی ئەوانەی دەیانەوێ دەوڵەت لاواز پیشان بدەن قەت دەرفەتیان پێنادرێ "لەبارەی ئەم رووداوە لێكۆڵێنەوەكان بەردەوامن. ھەموو گرتەکانی ئەم رووداوە لای ئێمەن. بەداخەوە بەشە ناوخۆییەکی كچان لەلایەن كەسانێكەوە زەرەری لێ دراوە. پۆلیس ویستویاتی رێگری لێ بكا. بەڵام لە 21 خاڵەوە تەقە لە پۆلیسەكان كراوە. دەیانەوێ دەوڵەت بە لاواز پیشان بدەن. بەڵام قەت بواری ئەوەیان پێ نادەین."