Halife Yalçınkaya
15 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2023
سێواس - AA
رووداوێکی هاتوچۆ لە سێواس گیانلەدەستدانی چوار کەسی لێکەوتەوە کە سێیان ئەندامی یەک خێزان بوون، هاوکات کەسێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو.
لەسەر رێگای سێواس-ئەرزینجان تاکسییەک کە ژمارەی تابلۆکەی 58 T 0979 بوو لەگەڵ بارهەڵگرێک بە ژمارە تابلۆی 28 ACA 910 بەریەککەوتن.
لە رووداوەکەدا شۆفێری تاکسییەکە، ئەنگین پۆڵات و سەرنشینانی تاکسییەکە عەبدولقادر (٤٥ ساڵ) و زەینەب (٣٧ ساڵ) و زەینەب بیلگە ئونساڵ (١٢ ساڵ)، گیانیان لەدەستدا.
ئایشە بوغڵەم ئونساڵ (١٠ ساڵ) کە بە سەختی بریندار بوو، لە نەخۆشخانەی نومونە چارەسەری بۆ دەکرێت.
لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە سەبارەت بە رووداوەکە دەستی پێ کردووە، دەرکەوتووە ئەو خێزانەی کە لەناو تاکسییەکەدا بوون، لە قەزای ئاڵانیا سەر بە ئانتاڵیاوە لە پشوو گەڕاونەتەوە و لە سێواس ئەو تاکسییەیان بەکرێ گرتووە تاوەکو بگەڕێنەوە ماڵەکەیان لە گەڕەکی ئەیری کۆپرو.
پارێزگاری سێواس، یڵماز شیمشەک و بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە، بورهان ئاکچای، هاتنە شوێنی رووداوەکە و زانیارییان لەمبارەیەوە وەرگرت.
یڵماز شیمشەک بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، رووداوەکە نزیکەی کاتژمێر ٥:٣٠ی سەرلەبەیانی روویداوە.
بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ئاکامی رووداوەکەدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، شیمشەک گوتی: "بەداخەوە چوار هاووڵاتییمان لە ئاکامی پێکدادانی بارهەڵگرێک لەگەڵ تاکسییەک گیانیان لەدەستداوە و هاووڵاتییەکمان بە سەختی بریندار بووە. بریندارەکەمان لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیە. داوای رەحمەت لە خودا بۆ ئەو چوار هاووڵاتییەمان دەکەم کە لەم رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە".