ئەنقەرە
سەرەتا داودئۆغڵو لە بەرامبەر پرسیاری یەکێک لە رۆژنامەنووسان لەسەر پێشوازیکردنی ناوبراو لە کۆمەڵێک ئەندامی ئیخوان موسلیمین، رایگەیاند کە تورکیا دەوڵەتێکی دیموکراتی و یاسایی و ئازادە و گوتی: "هەر وەک چۆن هەندێک وڵات لەناو خۆیاندا بە شێوەیەکی ئاسایی لەگەڵ ئەو کەسانەدا چاویان بە یەکتری دەکەوێ کە کێشەی سیاسی ناوخۆییان هەیە، ئاواش ئاساییە کە کەسانێک بێنە تورکیا کە هیچ کێشەیەکی یاسایی نێودەوڵەتییان نەبێ، هەموو کەس دەتوانێ لە تورکیا بمێنێتەوە."
داودئۆغڵو رایگەیاند کە لەسەر گوتەکانی سەرکۆمار سەرلەنوێ پرسی ناوچەی ئازاد بووەتەوە رۆژەڤ.
لەبەرامبەر کۆمەڵێ پرسیار لەسەر دروستکردنی ئەو ناوچە ئازادە و روونکردنەوەکانی سەرکۆماری تورکیا لەسەر ئەوەی هەندێک نیشانەی پرسیار لەسەر چەند خاڵێک هەیە و دواتر لەسەر ئەوەی ئایە ئەو ناوچەیە لەسەر سنووری سوریا دروستدەکرێ یان عێراق؟ ئایە سەرباز لەو ناوچەیە جێگیردەکرێ یان نا؟ هیچ ئامادەکارییەک هەیە لەوبارەیەوە؟ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چۆن شەرعییەتی دەبێ؟ ئەم پرسە دەبرێتە نەتەوە یەکگرتووەکان؟ داودئۆغڵو گوتی: "بەهۆی ئەو هەلومەرجە ئەمنییانەی لە چواردەوری تورکیا لە ئێستادا بوونی هەیە، هاوکات لەسەر ئەو مەترسییانەی کە بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە، هەندێک میکانیزم دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەوبارەیەوە حەفتەی رابردوو کۆبوونەوەی میکانیزمی ئاسایشی نەتەوەیی بەڕێوەچووە."
لەبارەی کۆبوونەوەی میکانیزمی بەڕێوەبردنی قۆناغی چارەسەریی، داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەکرد کە هەر ١٥ رۆژ جارێک ئەنجام دەدرێ و گوتی: "بەیانی کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدرێ و هۆکاری کۆبوونەوەکەش پێدانی زانیارییە بە سەرکۆمار لەبارەی قۆناغەکەوە."
لە بەشێکی لێدوانەکەیدا داودئۆغڵو ئاماژەی بە کۆبوونەوەی حەفتەی پێشوو کرد کە تیایدا باسیان لەو ئامادەکارییانە کرد لە لایەن دەزگا جیاوازەکانی تورکیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی کە لە رووی ئەمنییەوە هاتووەتە ئاراوە و گوتی: "وەک دەزانن دەبێ خۆمان بۆ هەموو جۆرە سیناریۆیەک ئامادە بکەین کە بەهۆی هەلومەرجی ئەمنی نەک تەنیا لە عێراق و سوریا، بەڵکو لە ئۆکرانیا و ناوچەکەش هاتووەتە ئاراوە، بۆیە میکانیزمەکان دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە و بەردەوام لە راوێژدا دەبین بۆ هەر گۆڕانکارییەک لە هەلومەرجی ناوچەکەدا، دەبێ بە روونی شەقامی نێودەڵەتی و خەڵکی خۆشمان ئەوە بزانن کە کۆماری تورکیا بۆ ئەمنییەتی خۆی و سەقامگیری ناوچەکە، هەموو ئامادەکارییەک دەکا."