Rewa Mahmut Hasan
17 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2017
مەرەش
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی سیستەمی سەرکۆماريیەوە رایگەیاند کە ئەوە پرۆژەی خۆيیەتی و لەسەردەمی سەرۆکایەتی شارەوانيیەوە پارێزگاریی لەو سیستەمە دەکات و بە قازانجی گەل و وڵات دەزانێت.
ئەردۆغان لە شاری مەرەش بەشداری کرد لە مەراسیمێکی کردنەوەی چەند پرۆژەیەکداو تێیدا گوتەیەکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا ئەردۆغان ئاماژەی بە سیستەمی سەرکۆماریی کردو وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە لە سیستەمەکە دەگیرێت و گوتی: " نارەزایی ئەمانە لە سیستەمەکە نيیە، لە میللەتە.ئەمانە دژی تەیب ئەردۆغان نین بەڵکو دژی میللەتن.من کێم؟ من کاتییم. هیچ بەڵگەیەک بەدەستمەوە هەیە کە دەگەمە ١٦ ی نیسان؟ نەخێر ئێمە کاتیین، بەڵام ئەم سیستەمە هەمیشەییە.هەر بۆیە ئێمە باس لە شتی کاتیی ناکەین بەڵکو باس لە هەمیشەیی دەکەین".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە ئەو لەو کاتەی سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ بووە پشتگیری لە پرۆژەیەکی لەو چەشنە کردووە هاوشێوەی سیستەمی سەرکۆماریی و گوتی: "ئەمە پرۆژەی خۆمە، هەر لەو سەردەمەى سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ بووم پشتگیریم لەو سیستەمە دەکرد کە سوودو قازانجی بۆ گەل و وڵات هەیە".
ئەردۆغان رایگەیاند "لە ١٦ ی نیساندا ئەگەر گەل بە بەڵێ بە دەستوورو سیستەمی سەرکۆماریی دەنگیدا، ئەوا دواتر لەیەکەم هەڵبژاردندا گەل کێی هەڵبژارد ئەو کەسە دەبێتە یەکەم سەرکۆماری ئەم سیستەمە نوێیە".