Rewa Mahmood Hasan
23 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2020
سلێمانی-AA
سەرنووسەری سایتی راچڵەکین، پشتیوان زاهیر کە لە شاری سلێمانی وەشان دەکات، بەشداری کرد لە هەڵبژاردنی پێشبڕکێی وێنەی ساڵی ئاژانسی ئانادۆڵو.
سەرنووسەری سایتی راچڵەکین، پشتیوان زاهیر کە سایتەکەیان یەکێکە لە ئابۆنەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو لە وێنەی هەواڵدا دەنگی دا بە (بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ بەرامبەر پەنابەران لەلایەن پۆلیسەوە) کە لەلایەن گۆکهان باڵجی-ەوە گیراوە و لە بەشی وەرزشی دەنگی دا بەوێنەی (سەمای خلیسکێنەی سەر بەفر) کە لەلایەن سەفا قەرەجان-ەوە وێنەگیرابوو، هاوکات لە بەشی ژیانیشدا دەنگی دا بە وێنەی (دڵخۆشی محەمەدی ساوا) کە لەلایەن محەمەد سەعید-ەوە وێنەی گیرابوو.

پشتیوان زاهیر لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی وێنەی (بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ بەرامبەر پەنابەران لەلایەن پۆلیسەوە) لە بەشی هەواڵدا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان وەک هاووڵاتییانی هەرێم زۆرجار رووبەڕووی ئازار و مەینەتی پەناهەندەیی و پەنابەریی بوونەتەوە، هەربۆیە ئەو وێنەیەی کە تیایدا پۆلیسی یۆنانی گازی فرمێسکڕێژ بەکاردەهێنێت بەرامبەر پەنابەران کاریگەریی لەسەر داناوە و هەڵیبژاردووە.
سەرنووسەری سایتی راچڵەکین، پشتیوان زاهیر سەبارەت بە هۆکاری دەنگدانی لەسەر وێنەی (دڵخۆشی محەمەدی ساوا) کە باس لە منداڵێک دەکات لە جەنگی سووریادا قۆڵ و قاچەکانی لەدەستداوە و دواتر دەست و قاچی دەستکردی بۆ دروستکراوە، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت، ''ئەم وێنەیە کارەساتی جەنگمان بۆ دەگوازێتەوە لە رێی زوومی کامێراکانەوە، کاتێک ئەو وێنەیەمان لە سایتەکەی خۆمان دانا، بینەرێکی زۆری هەبوو، هەربۆیە بەباشم زانی ئەو وێنەیە هەڵبژێرم".
پشتیوان زاهیر رایگەیاند کە لە بەشی وێنەی وەرزشدا (سەمای خلیسکێنەی سەر بەفر)ی هەڵبژاردووە، چونکە هەر لە منداڵییەوە ئەو وەرزش و سەمایە سەرنجی راکێشاوە.
