Mümin Altaş
18 حوزەیران 2025•نوێکردنەوە: 20 حوزەیران 2025
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "تەماشا بکەن بە نیگەرانییەوە دەیڵێم، دۆخی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت لە ژێر ڕکێفی مشتێک دزی نیشتەجێی ئیستانبوڵ دەربچێت، هەرگیز یەکانگیر نییە لەگەڵ دیموکراسیی و سیاسەتی تورکیادا".
لە میانی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاک پارتیدا لە پەرلەمانی تورکیا، سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی پارتەکە ئەردۆغان، گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان ڕەخنەی لە جەهەپە گرت و، ڕایگەیاند: "تەماشا بکەن بە نیگەرانییەوە دەیڵێم، دۆخی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت لە ژێر ڕکێفی مشتێک دزی نیشتەجێی ئیستانبوڵ دەربچێت، هەرگیز یەکانگیر نییە لەگەڵ دیموکراسیی و سیاسەتی تورکیادا''.
گوتیشی: "ئەوانەی بەسەرچاوەی شارەوانییەکان دەوڵەمەندبوون و وەک لەوەڕگا بەکاریانهێنا، ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی دەکەنە قەڵغان بۆ گەندەڵییەکانیان، بەوەیش سیاسەتی تورکیا تووش دەکەن".

سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە بۆشایی ئۆپۆزسیۆن کرد لە تورکیادا و ڕایگەیاند: "ئەو بۆشاییە درێژخایەنەی ئۆپۆزسیۆن کە لە تورکیادا هەیە، تا دێت قووڵ دەبێتەوە. ئێمە ئەم تابلۆیە بە دروست نازانین، تەنانەت ئەگەر ڕکابەری سیاسییشمان بن".
ڕاشیگەیاند: "لەو باوەڕەداین پێویستە بەڕێز ئۆزەل و ئیدارەی جەهەپە دەستبەرداری پێداگریی بن لەسەر هەڵە و سوود لە پەشیمانی کاریگەر وەربگرن. دەمێکە کاتی ئەوە هاتووە".
سەبارەت بە ململانێکانی ناو جەهەپە کە پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەوە بە شەرمەزاری دەزانین بۆ وڵاتەکەمان کە پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتێکی گەورەی وەک تورکیا چەندین مانگە سەرقاڵی ناکۆکی و شەڕەقسەی توندە لەناو پارتەکەدا".
گوتیشی: "باوەڕ بکەن ئێمەیش تێکەڵمان کردووە ئایا تەماشای پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی تورکیا دەکەین یان زنجیرە درامایەکی پڕ لە پیلانگێڕی و خیانەت. ئومێدەوارین بەڕێز ئۆزەل خۆی و پارتەکەی لە پەیوەندی پشتگیری ڕزگار بکات و، لە نزیکترین کاتدا بگەڕێتەوە بۆ پرسە ڕاستەقینەکانی تورکیا".

سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی هەڵئاوسان کرد لە وڵاتدا و، ڕایگەیاند: "ھەرکاتێک بەرەنگاربوونەوەی هەڵئاوسان سەرکەوتنی بەدەستهێنا، پشتیوان بەخودا خۆشگوزەرانیی و ئاستی ژیانی هەر ٨٦ ملیۆن کەسەکەی وڵات بەرزتر دەکەینەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەیشی خستەڕوو کە تورکیا بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت، لەبەرئەوە پێویستە هەموو وزە و تواناکانی بۆ ئەو پرسانە تەرخان بکات کە پەیوەندییان بە مانەوەیەوە هەیە.
ڕاشیگەیاند: "لەپێناو بە ئاسانی گەیشتن بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر کە گرنگی ستراتیجیی هەیە، پێویستمان بە هاریکاریی و پەرەپێدانی گیانی پێکەوە کارکردن ھەیە".

سەرکۆمار ئەردۆغان بانگەوازی ئاڕاستەی گشت پارتە سیاسییەکانی تورکیا ئەوانەی فراکسیۆنیان لە پەرلەماندا هەیە و، گوتی: "هەموو ئەو پارتانەی خاوەن فراکسیۆنن لەوانە جەهەپە، چاوەڕوانین لەم قۆناغەدا بە هەستیارییەکی زۆر و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی هەڵسوکەوت بکەن".
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەو تاوانانە کرد کە ئیسرائیل ئەنجامیان دەدات و، ڕایگەیاند: "ناتانیاهو لە تاوانی جینۆسایددا زۆر پێش هیتلەری زاڵم کەوتووە. ھیوادارین چارەنووسیان وەک یەک نەبێت".

ڕاشیگەیاند: "بەهێندەی ئەوانەی پشتیوانی لە خۆبەزلزانی ئیسرائیل دەکەن، ئەوانەشی بێدەنگن پرشی خوێنی ئەو هاووڵاتیە مەدەنی، کۆرپە و منداڵانەیان بەرکەوتووە کە کوژراون".
سەرکۆمار ئەردۆغان تیشکی خستە سەر گرژیی و پێکدادانەکانی ئێران و ئیسرائیل و، ڕایگەیاند: "بەرگریی ئێران لەخۆی لە بەرامبەر ئەم چەتەگەرییەی ئیسرائیل و ئەم تیرۆری دەوڵەتە، زۆر سروشتیی و ڕەوا و مافێکی یاساییە".
سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لە پێناو وەستاندنی ئەم دەستدرێژییە نامرۆڤانەیەی دژ بە غەززە، سووریا، لوبنان، یەمەن و ئێرانی دراوسێمان دەکرێت، هەر چیەک لە دەستمان بێت ئەنجامی دەدەین".

گوتیشی: "لە نزیکەوە چاودێری هێرشە تیرۆریستییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکەین. هەموو دامەزراوەکانمان لە ئامادەباشیدان لە بارەی ئەگەری کاریگەریی ئەم هێرشانە لەسەر تورکیا. با گەلەکەمان دڵنیا بێت لەوەی کە حکوومەتەکەیان تا کۆتایی لەگەڵ بەرژەوەندیی و ئارامیی و یەکگرتوویی و ئاسایشی تورکیایە".
لە بارەی شەڕ و پێکدادانی ئیسرائیل-ئێران، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئامادەکارییەکانمان بەرامبەر هەر جۆرە دۆخێکی نەرێنیی و، هەموو جۆرە سیناریۆیەک کردووە و دەیکەین. لەم ئاوە پڕ شەپۆلاوی و گێژاوەدا، هاوئاهەنگیی بەهێزی ئاک پارتی و هاوپەیمانی جومهور، دڵنیایی تەواوی ٨٦ ملیۆن کەسی ئەم وڵاتەیە".
گوتیشی: "تورکیا بە بەرەنگاربوونەوەی هێزە نافەڕمییەکان و تۆڕی خیانەتکاری فەتۆ، هاوکات بەرەنگاری درێژکراوەکانی زایۆنیزم بووەوە لە وڵاتەکەماندا".
سەرکۆمار ئەردۆغان، ئاماژەی بە هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد بەرامبەر پێشهاتەکانی ناوچەکە و، ڕایگەیاند: "نەتەوە یەکگرتووەکان، دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان و دەوڵەتان بێدەنگن بەرامبەر ئەو دەستدرێژییەی بە بەرچاوی مرۆڤایەتییەوە ئەنجام دەدرێت، هەندێکیان پشتیوانی ئەم چەتەگەریە دەکەن".
هاوکات سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە تواناکانی تورکیا کرد لە بواری سیستمی بەرگریی ئاسمانییدا و، ڕایگەیاند: "ئیدی تورکیا وڵاتێکە کە ئاسمانی خۆی بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی ناوخۆیی و نەتەوەیی دەپارێزێت، خاوەنی تەلارسازییەکی بەرگریی یەکگرتوو و فرەچینە".

گوتیشی: "تا گەیشتن بە ئامانجی سەربەخۆیی تەواو لە پیشەسازی بەرگرییدا، بە ئارامگریی و پێداگریی و کۆڵنەدان و هەنگاوی دروست بەرەوپێش دەچین. ئێمە دووکان ناگێڕین، ئێمە یەکێک لە گەورەترین وڵاتەکانی جیهان، کە کۆماری تورکیایە بەڕێوە دەبەین. کۆماری تورکیا هاوشێوەی دەوڵەتەکانی دیکە نییە. با کەس ئێمە بەوانی دیکە بەراورد نەکات. کەس هەوڵ نەدات ئێمە تاقی بکاتەوە، ئارامییمان تاقی بکاتەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئارامیی و ئاشتیی و سەقامگیریی بۆ ناوچەکە دەخوازن و، ڕایگەیاند: "جگە لە ئارامیی، ئاشتیی و سەقامگیریی هیچ ئامانج و ئارەزوویەکمان لە ناوچەکەماندا نییە. ئێمە لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا هاریکاریی، سەقامگیریی و ئاسایش دەخوازین. دڵسۆزانە هەوڵ بۆ ئاشتیی دەدەین، بەڵام هەر هێرشێک بکرێتە سەرمان، ئەوا بەو میراتەی لە مێژوو و باوباپیرانمانەوە وەرمانگرتووە، وەڵامی شایستەی ئەنجامدەری هێرشەکە دەدەینەوە".
گوتیشی: "تێکۆشانمان بۆ وەستاندنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل درێژەی دەبێت. دەستپێشخەرییەکانمان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتیی لە ناوچەکەماندا بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بەردەوامیان دەبێت. وچان نادەین لە پەیوەندیە دیپلۆماسیەکان و پەیوەندی تەلەفۆنی دیپلۆماسیی. هێندەی لەدەستمان بێت هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ڕێگرییکردن لە کارەساتێک کە کاریگەریی لەسەر هەمووان بکات".
"وەستاندنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ جیهان و مرۆڤایەتی زۆر گرنگە. پێویستە هەموو وڵاتانی ناوچەکەمان لەوانەش ئێرانی دراوسێمان، ئەو وانانەی پێویستن لەم ڕووداوانە وەربگرن" سەرکۆمار ئەردۆغان وای گوت و، ڕایگەیاند: "ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر هەندێک ئامانج لە ئێران و، ئەنجامدانی تیرۆرکردن لەناو ئەو ڵاتەدا، کەمێک مەیدانی چەتەگەراییەکەی فراوانتر کردووە".