Mazın Asad
06 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بیناڵی یڵدرم سبەی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەکات و لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی ھەنگاوەکانی دەستبەرکردنی سەقامگیری، خۆشگوزەرانی و ئاسایشی ناوچەکە دەکرێت و جەختیش لەسەر بەھێزکردنی کاری ھاوبەش لە نێوان ھەردو وڵات لەبارەی بەرەنگاربوونەوە دژی داعش، پەکەکە و فەتۆ دەکرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی وەزیرانی تورکیا، سەردانەکەی یڵدرم بۆ بەغدا و ھەولێر ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێشبینی دەکرێت بیناڵی یڵدرم و سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بەشداری لە کۆبوونەوەی سێیەمینی ئەنجوومەنی کاری ھاوبەشی ستراتێژی لەسەر ئاستی باڵاى نێوان تورکیا و عێراق بکەن.
یڵدرم لە سەردانەکەی بۆ بەغدا بێجگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆماری عێراق فوئاد مەسعووم و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران سەلیم جەببووری، لەگەڵ بەرپرسانی پارتە سیاسییەکان و پیاوە ماقولان و نوێنەرانی تورکمان کۆدەبێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی ھەنگاوەکانی دەستبەرکردنی سەقامگیری، خۆشگوزەرانی و ئاسایشی ناوچەکە دەکرێت و جەختیش لەسەر بەھێزکردنی کاری ھاوبەش لە نێوان ھەردو وڵات لەبارەی بەرەنگاربوونەوە دژی داعش، پەکەکە و فەتۆ دەکرێت. ھاوکات باس لە پرسی کاری ھاوبەش لە بوارەکانی ئابووری، وزە و گەیاندن دەخرێتە بەرباس و گفتوگۆ بە جۆرێک کە لە بەرژوەندی ھاوبەشی گەلی ھەردوو وڵات بێت".
ئەوەش خراوەتەڕوو کە یڵدرم لە دوای بەغدا سەردانی شاری ھەولێر دەکات و پێشبینی ئەوەش دەکرێ کە لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی کۆببێتەوە و تاوتوێی بابەتەکانی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بکرێت.