Enes Kaplan
16 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2021
ئەنقەرە- AA
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، فەخرەددین ئاڵتون لە بابەتێکدا کە لە هەژمارەی تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، رەخنەی توندی ئاراستەی هەدەپە کردووە.
فەخرەددین ئاڵتون ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە هەدەپە لە کاتی هەڵبژادنەکانی ٢٠١٥دا، بەڵێنی دابڕان لە پەکەکە-ی داوە و نووسیویەتی "هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی حەوتی حوزەیرانی ٢٠١٥دا، گوتی 'لە پەکەکە دادەبڕێم و دەبمە پارتێکی تورکیا'، بەم قسەیەش شەش ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا. ماوەیەکی کەم دوای هەڵبژاردنەکان، پەکەکە دەنگەکانی هەدەپە-ی کردە قەڵغان بۆ خۆی و لەژێر ناوی "خەباتی گەلی شۆڕشگێڕ" شەڕ و پەلاماری دەستپێکرد. لەم کاتەشدا هەدەپە راستەوخۆ ملکەچی ئەم بێڕەوشتییەبوو. هەر ئەو رۆژە هەدەپە کۆتایی پێ هات. هەدەپە کە پێش هەڵبژاردن لافی ئاشتی لێدەدا، دوای هەڵبژاردن بوو بە بەشێک لە سیاسەتی خەندەق لێدان. بەم شێوەیە بەتەواوی خۆی دا بەدەست پلانەکەی پەکەکە بۆ ئەوەی وڵات دووچاری شەڕی ناوخۆ بکات".
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا باسیشی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کردووە و نووسیویەتی "هەر لەو کاتەوە دەوڵەت سیاسەتی 'وشککردنی سەرچاوەکانی تیرۆر'ی پیادە کرد و لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات گورزی کوشندەی لە پەکەکە وەشاند. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەرەوەی سنوور، جێگیرکردنی سەرباز و تۆڕە هەواڵگرییەکانی دەرەوەی وڵات لەم قۆناغەدا رۆڵێکی گرنگیان هەبوو. هەڵوێستی نەگۆڕی جەنابی سەرکۆمار لەو کاتەوە تا ئێستا گرنگرتین زامنی خەباتی وڵاتەکەمانە دژبە تیرۆر. ئێوە هەرگیز سەرکەوتوو نابن و ناتوانن گەلەکەمان پارچە پارچە بکەن، ئاڵاکەمانتان بۆ نەوی ناکرێت و خاکەکەمانتان بۆ دابەش ناکرێت".