Muhammet Ali Kemal
05 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2019
وان - AA
كڵێسای ئاكدامار كه یه‌كێكه له ناوه‌نده گرنگه‌كانی گه‌شتیاریی ئایینی له‌سه‌ر ده‌ریاچه‌ی وان، رۆژی یه‌كشه‌ممه میوانداریی رێوره‌سمی ئایینیی حه‌وته‌م ده‌كات.
له ساڵی ٢٠١٠ه‌وه تا ئێستا دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی كولتوور و گه‌شتیاریی رێگه‌ی پێداون، هه‌موو ساڵێك له یه‌كشه‌ممه‌ی دووه‌می مانگی ئه‌یلوولدا، رێوره‌سمه ئایینییه‌كه ئه‌نجامده‌درێت و له‌ئێستادا ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌و بۆنه ئاینییه ته‌واوكراون.
به‌ر له رێوره‌سمه‌كه، رێگاكانی رێپێوان له دوورگه‌ی ئاكدامار كه كڵێساكه‌ی لێییه، رێكخراون، شوێنه‌كانی حه‌وانه‌وه كه له دار درووستكراون، بۆیاخكراون. كێشه‌ی ئاوی دوورگه‌كه له رێگای هێڵێكی ئاوه‌وه كه له ده‌ریاچه‌ی وان-ه‌وه بۆی راكێشراوه، چاره‌سه‌ركراوه و تیمه‌كانی شاره‌وانی گه‌ڤاش كاره‌كانی پاككردنه‌وه‌ی ده‌ورووبه‌ری كڵێساكه‌یان ئه‌نجامداوه.
له‌و رێوره‌سمه ئایینییه‌دا كه بڕیاره رۆژی هەشتی ئهیلوول له كڵێسای ئاكدامار ئه‌نجام بدرێت، باڵاترین كه‌سایه‌تییه ئایینییه ئه‌رمه‌نییه‌كان و ژماره‌یه‌كی زۆر له كریستیانه‌كان له پارێزگاكانی توركیا و ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه، به‌شداریی ده‌كه‌ن.
به‌ڕێوه‌به‌ری كولتوور و گه‌شتیاریی وان، موزه‌فه‌ر ئاكتوغ له لێدوانێكدا بۆ په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد ئاماده‌كارییه‌كان بۆ رێوره‌سمه‌كه ته‌واوبوون و دوایین هه‌ڵسه‌نگاندنیش رۆژی هه‌ینی له‌گه‌ڵ كاردهبهدهستاندا كه دێنه كڵێساكه، ئه‌نجام ده‌درێت.
موزه‌فه‌ر ئاكتوغ باسی له‌وه‌كرد دوورگه‌ی ئاكدامار و كلێساكهی ناوه‌ندێكی گرنگن بۆ پارێزگای وان و گوتی:
"ئه‌م جۆره چالاكییانه رۆڵی گه‌وره‌یان ده‌بێت له ناساندنی وان-دا. ساڵی رابردوو، ١٥٢ هه‌زار و ٤٤٠ گه‌شتیاری لۆكاڵیی و بیانیی سه‌ردانی دوورگه‌كه‌یان كردووه، ئه‌مساڵ له میانی هه‌شت مانگدا، ژماره‌كه گه‌یشتووه‌ته ١٦٢ هه‌زار. ئه‌مساڵ ژماره‌ی میوانه ئهرمهنییهكانمان زیاتربوون. سه‌رجه‌م ئه‌م ژمارانه رۆڵیان له ئابووریی شاره‌كه‌دا ده‌بێت".
لای خۆشییه‌وه سه‌رۆك شاره‌وانی گه‌ڤاش، مورات سه‌زه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد له پێناو ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م میوانه‌كان به دڵخۆشیی شاره‌كه جێبهێڵن، ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كانیان كردووه و چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كه‌ن ژماره‌ی گه‌شتیاران به‌راورد به ساڵانی رابردوو، زیاتر ده‌بێت.
هاوكات ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵه‌ی خاوه‌ن هۆتێله‌كانی وان، راسیم بایتار ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد کە له میانی ساڵانی رابردوودا بایه‌خ به بواری گه‌شتیاریی له وان زیادیكردووه و له‌و ماوه‌یه‌ی كه رێوره‌سمه ئایینییه‌كه له كڵێسای ئاكدامار به‌ڕێوه‌ده‌چێت ژماره‌ی گه‌شتیاران زیادیكردووه گوتی:
"له وان هۆتێله‌كان له‌سه‌دا ١٠٠ پڕن. وان بۆ ئه‌رمه‌نییه‌كان زۆر گرنگه. به‌تایبه‌ت كڵێسای ئاكدامار گرنگیی خۆی له رووی بیروباوه‌ڕه ئاینییه‌كان هه‌یه. ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی روو له وان ده‌كه‌ن، رۆڵی گرنگیان له ئابووریی پارێزگاكه‌دا هه‌یه. دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر، گرتنی هۆتێله‌كان ده‌ستیپێكرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه جێگه نه‌ماوه، میوانه‌كان ئاراسته‌ی هۆتێلی شارۆچكه‌كان و میوانخانه‌كان ده‌كه‌ین".