Abdullah Shukur
31 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2018
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: دەست دەکەین بە دەستەبەرکردنی ئاسایش لە سنوورەکەمان بە ئاراستەی قەندیل لە عێراق، ھەنگاو دەنێین بۆ تێکدانی یارییەکی دیکەی ٣٤ ساڵی".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێوڕەسمێکی پەیوەندیدار بە سەرکەوتنی ٣٠ی ئاب وتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان ھەمیشە پێداگرن لەبارەی ئەوەی کە شنگال نەبێتە قەندیلێکی نوێ و گوتی: "لەگەڵ ئەمریکییەکان گفتوگۆ لەبارەی منبج لە سووریا دەکەین و ھەوڵی دۆزینەوەی رێگایەک دەدەین بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچەیە لە تیرۆریستان. کاری ھاوبەش لەگەڵ رووسیا و ئێران دەکەین بۆ ئەوەی کارەساتی حەلەب لە ئیدلب سەرھەڵنەدات، ئامادەکارییەکانمان لە پێناو لەناوبردنی ناوچەکانی تیرۆر لە رۆژھەڵاتی فوڕات بەردەوامە".
ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "دەست دەکەین بە دەستەبەرکردنی ئاسایش لە سنوورەکەمان بە ئاراستەی قەندیل لە عێراق، کە لەوەتەی ساڵی ١٩٨٤وە بە شێوەیەکی بەردەوام بووەتە سەرچاوەی کێشە، بەمەش ھەنگاو دەنێین بۆ تێکدانی یارییەکی دیکەی ٣٤ ساڵی".
ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "ئەو سیناریۆیەی کە لە ناوچەکەماندا بە تایبەتی لە عێراق و سووریا جێبەجێ دەکرێت، تەنھا ئەو کەسانە نایبنن کە گیان و جەستەی خۆیان بە کرێ داوەتەوە ئیمپریالیزم، بەدەر لەمانە ھەموو کەسێک درک بە پێشھاتەکان دەکات".